عێراق و موعجیزە

06-01-2020 06:57


عێراق بە ئاسانی لەو دۆخە ترسناكەی ئەمڕۆی دەرباز نابێت، كێشەكانی كێشەی بونیادیی گەورە و ھەمەلایەنن، لە ئێستادا ئەگەری ڕاستەقینەی چاككردنی ھیچ كێشەیەك لەو كێشە بونیادیانە لە ئارادا نییە. بەر لە ھەموو شتێك عێراق لەوە كەوتوە دەوڵەت بێت، چ جای دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی. چەندان ھێزی ئیقلیمی و موخابەراتیی ھەمەجۆر لە زاخۆوە تا فاو لەم وڵاتەدا چالاكن و تەراتێن لە شار و گوندەكانیدا دەكەن. ئەم ھێزە موخابەراتیانە پلان و ئەجێندای دوژمنانكارانە و ناكۆك بەیەكیان ھەیە. لەپاڵ ئەمەدا بڕێك لە ململانێ نێودەوڵەتییە گەورەكانی ناوچەكەش لە عێراقدایە. لەمەش بترازێت وڵاتەكە لەناوخۆیدا پارچەپارچە و ھەڵوەشاوەیە. ئەوەی لەناوخۆی عێراقدا گەمەكەری سەرەكییە دەوڵەتی عێراقی نییە، بەڵكو ”دەوڵەتی قووڵ“ە، deep state، كە ھەر بەش و لایەنێكی ئەو دەوڵەتە قووڵە لەچەندان گەمە و تەماحی ئیقلیمی و نائیقلیمییەوە ئاڵاوە.

”دەوڵەتی قووڵ“ سەرجەمی ئەو دەزگا و ھێز و گروپ و كەسایەتییانەن كە دەسەڵاتێكی گەورە و ھەمەلایەنیان ھەیە، بەڵام مەرج نییە لەناو دەزگاكانی دەوڵەتە فەرمیەكە خۆیدا ئامادەبن.

لە عێراقدا دەوڵەتی فەرمی ھەڵقە لاوازەكەی دەسەڵاتە و لەناو ئەو لاوازییەی خۆشیدا بە ”عەقڵیەتی دەوڵەت“ بیرناكاتەوە و كارناكات و بەڕێوەنابرێت. بەڵكو لۆژیكی تائیفیی و خێڵەكیی و خێزانیی و خزمایەتیی و مافیایی لەزۆر شوێنیدا ئامادەیە. لە دەرەوەی ئەم دەوڵەتە فەرمیەدا چەندان میلیشیای بەھێز و تەریب بە سوپای عێراق بوونی ھەیە، لە ھەرە دیارەكانیان ھێزەكانی حەشدی شەعبیی و ھێزەكانی بەدر و سوپای مەھدیی و خانە چەكدارییە سونییە نووستوو و بە ئاگاكان لە بەشە عەرەبییەكەی وڵاتەكەدا و، لە كوردستانیشدا ھێزە حیزبییەكانی پارتیی و یەكێتی ئامادەن كە ئەوانیش ھێزی حیزبیی و زۆرجاریش شەخسیی و خێزانین.

ئەمانە ھەموویان لۆژیكی تایبەتی ئیشكردنی خۆیان ھەیە، لەناوخۆی عێراقدا ھەر یەكێكیان لە قازانجی چەند گروپ و ھێز و خێزان و بنەماڵەیەكی دیاریكراودا كاردەكەن. لە دەرەوەشدا لە قازانجی ھەندێك ھێزی ئیقلیمیدا. ھێزە ئەمنییەكان و پۆلیس و بیرۆكراسیەتی وڵاتەكەش ھەمان لۆژیكی دابەشبوونی ناوەكیی لەناویاندا ئامادەیە و ئەمەش كۆتایی بە ھەموو ”ھاوبەش“ێكی ئەتنیی و دینیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی لەو وڵاتەدا ھێناوە.

لە دەرەوەی ئەمانەدا پێگە و ناوەندی تری دەسەڵات ئامادەیە كە ھەریەكێكیان ئەجەندای خۆیان و تەماح و قازانجی خۆیان ھەیە. لە بەشە شیعیەكەی عێراقدا مەرجەعیەتت ھەیە كە دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا و لە كوردستاندا بارەگای بارزانی ھەیە، كە بە كردەوە نەفیكردن و بە كاریكاتێركردنی سەرجەمی دەزگا فەرمییەكانی تری حوكمڕانییە لە ھەرێمدا. سوننەی عەرەبیش مەرجەعیەتی دینیی و سیاسیی خۆیان ھەیە و لەگەڵ زیاد لە ھێزێكی ئیقلیمیدا تێكەڵن.

لە دەرەوەی ئەمانەشدا چوار وڵات زۆر بە خەستیی لە ناو عێراقدا بە پلان و خەونی جیاوازەوە ئامادەن. ئەمریكا و ئێران و توركیا و سعودیە. ئەمانە لەسەر زەمینی واقیع ھێز و توانای چەكداریان ھەیە، ھەندێكیان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ وەك ئەمریكا، ھەندێكیان لەڕێگای پرۆكسییەكانیانەوە، وەك ئێران و توركیا.

قاسم سلێمانی بەشێكی بچووكی ناو ئەو وێنە گشتییە ئاڵۆزەیە. كوشتنی نە كۆتایی بە وێنەكە دەھێنێت، نە جێگرتنەوەشی بە كەسێكی تر كردەیەكی زەحمەت و نەكراوە. ئەو ژێرخانە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازیی و میلیشیایی و تائیفییەی لە عێراقدا ھەیە، بە كوشتنی ئەم یان تاكەكەس كۆتایی پێنایەت. ئەم ژێرخانە دۆخی مێژوویی و تەماحی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتی نیمچەمافیایی و نفوزیی گەورەی ناكۆك بەیەك و غیابی تەواوەتی ھەر پڕۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، دروستیكردوە.

ئەم گشتە ناكۆك و ڕقاویی و دوژمنكارە، تێكەڵێكی دوژمنكارە، كە ناتوانن بەیەكەوە بژین، بەڵام ناشتوانن لەیەكتری جیاببنەوە. كێشەی عێراق ئەوەیە نە دەتوانێت بەشە جیاوازەكانی بەیەكەوە كۆبكاتەوە و بە ھەموویان نیشتیمانێكی ھاوبەش ببەخشێت، نە ئەوەیە بكرێت دابەشبكرێت و ھەر بەشەی بە لایەكدا بڕوات. ئەم دۆزەخە سیاسییە ماوەیەكی درێژ دەمەێنێتەوە و بەردەوام دەبێت. مێژوویەكی پڕ دووكەڵ و خوێناویی و پڕ جەردەیی بەرھەمدەھێنێت. بەڵام خاڵی پۆزەتیڤ لە مێژوودا، لە ھەر مێژوویەكدا، وەك یەكێك لە فەیلەسوفەكان دەڵێت، ئەوەیە كە مێژوو ھەمیشە فێڵی تایبەتی خۆی ھەیە و ھەمیشە موعجیزەی تایبەتی خۆی دروستدەكات. مەگەر فێڵ و موعجیزەیەكی مێژوویی ئەو وڵاتە ڕزگار بكات.