هێڵە گشتیەكانی نەخشە ڕێگای چاكسازی لە هەرێمی كوردستان

04-02-2020 10:33


یەكەم / قۆناغی ئامادەسازی


١/ پرۆژەی چاكسازی، پرۆژەیەكی ئینسانی و هەمەلایەنەی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی، كارگێڕی و ئەمنی و سەربازیە، بەهەموو ئیسڵاحخوازانی ناو دەسەڵات و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، و بە پشتگیری تەواوی خەڵكی كوردستان، و بەهاوكاری و یارمەتی هەموو ئیسلاحخوازانی ناو هێزو لایەنەكان، و بەهاوكاری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی رێكخراوەكانی مەدەنی و میدیاو راگەیاندنەكان و ناوەندەكانی توێژینەوە دەكرێ و تەواو دەبێت، (مەبەست لە ڕێكخراو و ڕاگەیاندن و ناوەندی سەربەخۆیە).

2/ پشتگیری خەڵكی كوردستانیش كاتێك ئامادە دەبێت، كە زەرەرمەند و زوڵم لێكراوی میللەتەكەمان بەهۆی گەندەڵیەوە، بە تەواوی وشیار بكرێنەوە لەسەر پرسی گەندەڵی و زیانەكانی بۆ سەر ژیان و گوزەران، و ناو و ناوبانگی میللەت و وڵاتەكەمان.
پڕۆسەی وشیاركردنەوەی كۆمەڵیش لەسەر پرسی گەندەڵی، بەڕێگای دامەزراوەكانی پەروەردە و خوێندن و زانكۆكان دەبێت (ئەگەر چی لە ئێستادا لە ئاستی پێویستدا نین)، جگە لە دام و دەزگاكانی پەروەردە،.......، ئەو ئیسڵاحخوازانەی ناو حیزب و ڕێكخراوە مەدەنیانە و ڕاگەیاندن و میدیای ئازاد كە دەستیان لە گەندەڵیدا نەبوە و نیە، ئەتوانن ڕۆڵی گرنگ ببینن لە وشیار كردنەوەو ئامادەكردنی خەڵكی كوردستان، چونكە حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ئاستی ماف و داواكاریەكانی خەڵكی كوردستان نەبوون لە ماوەی ڕابردوو، بۆیە جۆرێك لە نائومێدی و بێ بڕوایی دروست بووە بە حكومەت و دەسەڵاتداران، لەبەر ئەوە پێویستە كاری لە پێشینەی حكومەت و كابینە، ئەوە بێت، ئەو پەیوەندییە چاك بكاتەوە، و هەنگاوی عەمەلی بنێت بۆ دروست كردنی بڕواو متمانە و ئومێد لەلای خەڵك، بۆ مسۆگەر كردنی پشتگیری خەڵك بۆ جوڵانەوەی چاكسازی لە هەرێم.

3/ پرۆژەی چاكسازی ویست و ئیرادەیەكی سیاسی و بڕوایەكی بەهێزی ئیسڵاحخوازانی ناو دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، و ئەو لایەنانەی دەوێ كە لەسەرەوە باسمانكرد، چونكە تەوژمێكی بەهێزی پێچەوانەی ویستی چاكسازیش هەیە لەهەرێمی كوردستان. بەرەی گەندەڵكاران بەهێزن، بەڵام بەرەیەكی بێ بڕوان، گەر بەرەی ویست و بڕوای ئیسڵاحخوازان پشتیان بەویست و ئیرادەی خەڵك بەست.

4/ چاكسازی بەرنامەو نەخشەی وردی دەوێ، دەبێ حكومەتی هەرێم، لەرێگای دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی چاكسازی، و بە هاوكاری و یارمەتی دام و دەزگاكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتەكانی یاسادانان و دادوەری، و لایەنەكانی تر لە خەڵك و هێزە سیاسیەكان و رێكخراوەكان و راگەیاندن و میدیاكاران، بەرنامەو نەخشەی وردو تەواو ئامادە بكەن.

5/ لەبەر ئەوەی گەندەڵی بەجۆرێكی زۆر مەترسیدار شۆڕبۆتەوە بۆ ناو دەسەڵات و دامەزراوەكانی هەرێم، و بەشێك لە چین وتوێژەكانی كۆمەڵگا، بۆیە چاكسازی بەر لەهەموو شتێك، یاسایەكی بۆ چاكسازی هەمەلایەنە پێویستە، و بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە، دامەزراوەیەكی پێویست دەبێ لە چوارچێوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی هەرێم بەگشتی.

6/ پڕۆژەی چاكسازی توانایەكی مرۆیی هەمەلایەنەی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی، كارگێڕی و ئەمنی و سەربازی دەوێ، لە ئیسلاحخوازانی سیاسی ، یاساناس، ئابوریناس، و پسپۆڕو شارەزا لە كاروباری دارایی و كارگێڕی و ئەمنی و سەربازی، و پسپۆڕو شارەزا لە بوارەكانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستی، كشتوكاڵ، پیشەسازی، بازرگانی، وسەرجەم سێكتەرەكان.

7/ چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، پێویستی بەوە دەبێ، سود لە ئەزمونی گەلان و دەوڵەتانی دونیا وەربگرێ، بەتایبەتی لەو دەوڵەتانەی كە شتێك نزیكی و لەیەكچونمان هەیە لەگەڵیان، بەو شێوازانەی كە لە بەرژەوەندی پڕۆژەی چاكسازیدایە لە هەرێم.

8/ چاكسازی وەك بەرنامەو پڕۆژەیەكی هەمەلایەنەو فرە رەهەند، پێویستی بەماوەیەكی زۆر، و پشویەكی درێژ هەیە. چاكسازی سەركەوتوو لەدونیاشدا هەر بە پشوی درێژ جێبەجێ كراوە، و دەیان ساڵی ویستوە. چاكسازی پڕۆژەیەكی درێژخایەن و بەردەوام و بێ كۆتاییە، قۆناغ بە قۆناغ، هەنگاو بە هەنگاو ئەنجام ئەدرێ و جێبەجێ دەكرێ.