دوبەی چیە؟

29-02-2020 12:16


دوبەی پیش ئەوەی جەنگەڵێک بێت لە چیمەنتۆ، ئایدیایە. چۆن جێگایەکی وەها سەریهەڵدا؟ چۆن ناوێکی وەها بوو بە براند؟ چۆن ئەزمونێکی وەها هەتا ئێستا سەرکەوتووبوە؟ گەر بتەوێت لاسایی دوبەی بکەیتەوە، ئەوەندە نیە کە وەک دوبەیت لێبێت، بەڵکو سەرەتا زانینی ئایدیای دوبەیە و چۆنێتی بەرجەستەکردنیەتی لە جێگایەکی تر. بە زمانێکی فەلسەفی دوبەی شوێنێکە کە لە هەموو جێگایەکی تر نابێت، چونکە هیچ شوێنێکی تر وەک دوبەی نیە. کەواتە تێگەیشتن لە ئایدیاکە وەها دەکات لە جێگایەکی تر، شوێنێكی وەها دروست بکرێت کە وەک ئەو نەبێت، بەڵام هەڵگری کرۆکەکانی ئەوبێت.

ئایدیای یەکەمی دوبەی ئەوەیە کە چۆن بچوک ڕۆڵێکی گەورە ببینێت؟

دوبەی و هەموو ئیمارەتەکانی تری ئیمارات بچوکن. ئەم بچوکیە لە ڕوی ئابوری و سیاسی و ئاسیاشەوە مایەی کێشەیە. گەر بتەوێت ئابورییەکی پاش نەوتیت هەبێت ئەوا پێویستت بە دانیشتوانە. بەڵام دوبەی ئەم دانیشتوانەی نیە، یانی ئەگەری بازاڕی ناوەکی لاوازە. بۆیە هەر لە سەرەتاوە دەبێت بەو ئاراستەیەدا کار بکات کە چۆن ڕۆڵی هەب یان ناوەند بگێڕێت. ناوەند لە نێوان چین و ئەوروپادا. هەروەها بوون بە جێگای گەیشتن و دابەشکردنی کاڵای بەرهەمهێنراو لە جێگاکانی تر بە ناوچەکەدا. ئەمەش بە بونی ڕێگا و بەندەر و تەکنەلۆجیای گەیشتن و فرۆکەخانە و دەستی کار دەبێت. بۆیە دەبینیت دوبەی جێگای فڕۆکەخانەی گەورە و بەندەری گەورە و ڕێگا و بانی زۆر و خزمەتگوزاری مۆدرێن و دەستی کاری زۆرە.

ئایدیای دووەم ئەوەیە کە چۆن سامان، بە تایبەتی سامانی سروشتی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی سامانی تری پێ بەرهەم بهێنێت؟

کاتێک دوبەی پێویستی بە هەموو ئەمانە بوو ئەوا لە هەمانکاتیشدا پێویستی بە سەرمایە و کەلتورێکی سەرمایەداری هەبوو. دوبەی زۆربەی سەرمایەکەی لە ئیمارەتی ئەبوزەبیەوە دێت چونکە خۆی خاوەنی تەنها ١٦٠ هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا. بەڵام بە هۆکاری بونی بە جێگای کەڵەکەکردنی سەرمایە، دوبەی پارەی ڕەشی وڵاتانی ئاسیای ناوەند، ئێران، عێراق، ئەفریقا و وڵاتانی تر بۆ خۆی ڕادەکێشت بۆ سپیکردنەوە و هەروەها بەکارهێنانی وەک دەستمایە و سەرمایە.

ئایدیای سێیەم ئەوەیە کە چۆن سودمەندبیت لە جیوپۆلەتیکی هەژاری و کەم و زۆری دیموگرافی؟

جێگای دوبەی تەنها ئەوە نیە کە لە سەدەی نۆزدەوە وەک خاڵێکی بازرگانی تەماشاکراوە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، بەڵکو بونی لە نزیک ژمارەیەکی بێشومار لە خەڵکی هەژاری وڵاتانی وەک هیند و پاکستان و بەنگلادیش و فلیپین، دوبەی کردوەتە جێگای سەرنجی دەستی کاری هەرزانی ئەم وڵاتانە. لاوە نێرەکانی سەبکۆنتینێنتی ئاسیا هەموو بە خەونی پەیداکردنی پارەوە دێنە دوبەی و لەوێ کاری زۆر دەکەن. دەکرێت بوترێت دوبەی یەکێکە لە نێر زۆرترین جێگاکانی دونیا، ئەم وزەیە بنەمای هەڵسوڕانی سیستەمەکەیە.

ئایدیای چوارهەم ئەوەیە کە چۆن بتوانیت لە سەردەمی پێش سەرمایەدارییەوە بگوێزیتەوە بۆ سەردەمی سەرمایەداری؟

تیرە جیاوازەکانی ئیمارات هەتا پیش هاتنی ئینگلیز بەردەوام لە شەڕدابوون. کاتێک ئینگلیز تێکیشکاندن، لە هەمانکاتدا هەمیشە میانگیری لە نیوانیاندا دەکردن. تیرەگەرێتی ئیماراتی و سیستەمی کۆلۆنیالیزمی بازرگانی دۆستی لیبرالی بەریتانی، دوو سیستەمی تەواو لە یەکتر جودان. لە سیستەمی تیرەگەری ناسەرمایەداریدا هەمیشە گرێ و ڕێگریی و بەربەستی زۆر هەیە لە بەردەم جوڵە، گواستنەوە. بە پێچەوانەوە سیستەمی سەرمایەداری هەمیشە هەوڵی نەهێشتنی بەربەست و ڕێگرییەکان دەدات، لە پێناو جوڵەی بێ ڕێگردا. ئەمڕۆ کاتێک لە ئیمارەتێکەوە دەچیتە ئیمارەتێکی تر لە ئیمارات، مەگەر تەواو شارەزابیت ئەگینا هەست بە بونی هیچ بەربەستێک ناکەیت.

ئایدیای چوارهەم بریتیە لە دیاریکردنی ڕۆڵی خەڵکی وڵات خۆی. ئیماراتییەکان خۆیان بە گشتی ڕۆلی ئاسایش دەبینن. گەر خەڵکی تر دەبنە دەستی کار و کارکەر، ئەوا کەرتی ئاسایش بە بوارە فراوانەکەی لە دەستی خەڵكی وڵاتدا دەبێت. ئاسایش لە جێگایەکی وەهادا ئێجگار هەستیارە بە بونی خەڵکی زۆری خاوەن کەلتوری جیاواز، چۆن ئیدارە بدرێت کە نەبێت مایەی کێشە. ئەم سیاسەتی ئاسایشە تەنها بە لایەنی مرۆیی ناچێتە ڕێوە، بەڵکو ڕوانگەی ئاسایشی داڕێژەری سیستەمی نیشتەجێی و ئابوری لۆکاڵ و ئیدارەدانی پانتاییەکانە.