ئەم ساڵ و ئەو ساڵ... گاڵتە بە ئەنفال

14-04-2020 06:41


لە ١٤/ ٤ی هەموو ساڵێكدا یاد هەر یادە و یادی ئەنفالە.. وێڕای ئەوەی ئەمڕۆ یادی٣٢ ساڵەیە، بەڵام نە ماف بۆ قوربانییەكان گەڕاوەتەوە، نە تاوانكاران و بكەرانی سزادران. گەرچی سەرانی تاوانكارانی ڕژێمی عێراق لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراقدا دادگایی كران و بڕیار بەسەریاندا درا و بڕیارەكەش جێبەجێكرا بەمەش بەشێك لە زامی كەسوكاری قوربانیەكان ساڕێژ بوو، كەچی داخە گەورەكە ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان لەسایەی نادادی و ئەو دەسەڵاتەی كە داڵدەدەری تاوانكارانە هیچمان نەدی وێڕای داواكردنی تاوانكاران لە لایەن داداگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ كە بە(كەیسی موستەشارەكان) ناودەبرێت، ئەوەی نەكرا ڕێكار لە دژیان وەرگیران‌و سزادانیانە .

كەچی ئەمڕۆ دەبینین چۆن بەرپرسانی حیزبی و حكومی دێنە سەر مینبەرەكان بە مەبەستی ڕاكێشانی سۆزی خەڵكی گوتاری هاوخەمی دەربڕین و تۆڵەكردنەوە لە تاوانكاران دەدەن. كاتێك ئەم جۆرە گوتارانە دەبینین دەبێت شەرم بمانگرێت و هەست كردنی پڕ لە دڵنیابوونمان هەبێت بەوەی جگە لە گاڵتەكردن و ئەمڕۆ بە سبەی پێكردنی بەم كارەساتە هیچی دی نیە.

ئاخر پاش تێپەڕبونی ٢٩ ساڵ لە دەسەڵاتداریی كوردی و خودموختاری نەتوانرێت ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوەو بڕیاری دادپەروەرانە بدرێت..!؟ ئەی دەبێت ئەمە لە چ كاتێكدا ببینین...؟

ئەوانەی لەم پرسە بەرپرسن و لێپرسراوێتییان لە ئەستۆدایە دوو لایەنە: یەكەم/ دەسەڵاتە سیاسی و حیزبیەكەی هەرێم كە هەژمونی باڵكێشانی دیار و بەرچاوە و تەواوی كایەكان هەڵدەسوڕێنێت بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە. دوەم/ دەسەڵاتی دادوەری كە دادگا و داواكاری گشتی دەگرێتەوە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان تەنها دادوەرێك ویستبێتی و توانیبێتی لەم بارەیەوە ڕێكاری یاسایی ڕاستەقینە وەربگرێت، تەنها دادوەر(هاوژین حامید) بوو، بەڵام دواجار لەبەر ڕێگری لێكردن و بە گژداچونەوەی لە لایەن لایەنی بەپرس و دەستڕۆیشتووی هەرێم، سزادراو لە پیشەكەی دورخرایەوە و لە ئاكامیشدا دەربەدەر كرا، دەبێت ئەوەش بوترێت كە ناوبراو نەك لە لایەن هاوپیشەكانیەوە پشتگیری لێنەكرا، بەڵكو لەلایەن هەندێكیانەوە تۆمەتی بۆ هۆنرایەوە گوایا ختختوكی سۆزی كەسوكاری ئەنفالكراوان و خەڵكی دەدات و سەركۆنەكرا .

لێرەدا دەپرسین ئایا بڕیارێكی دەرچو لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٧ بەوەی ٢٥٨ موستەشار دەستگیربكرێن و بۆ دادگای ناوبراو ڕەوانە بكرێن بە تۆمەتی ئەوەی كە دەستیان هەبوە لە تاوانەكانی ئەنفال، ئایا جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە گاڵتەكردنە یاخود جێبەجێنەكردنی...؟

پێش ١٣ ساڵ لەمەوبەر تاوەكو ئێستا هیچ ڕێكارێك وەرنەگیراوە لەو بابەتە. تەنانەت ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە ٥/ ٥/٢٠١١ گشتاندنی كردوە. دواجاریش لە سەروبەندی هێرشكردنە سەر دادگای كفری لەلایەن كەسوكاری قوربانیەكان لە سەرەتاكانی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە كۆبونەوە لەگەڵ كەسوكاری ئەنفالكراوەكان كرا و تەنانەت بەڵێنیان پێدرا كە ڕێكاری یاسایی لە دژی تاوانكاران و تۆمەتباران دەگیرێتەبەر، بەڵام هەتاوەكو ئێستا نە هیچ بینرا و نە هیچ كرا .

كەواتا ساڵیادی ئەنفال كرا بە گاڵتەجاڕی و گاڵتەكردن بە كەسوكار و قوربانییان، بەڵام لەلایەن كێ و بە دەستی كێ...؟!