شینی هەژاران و جەژنی دزان؛ دوو هەڵوێستی نەوشیروان مستەفا

19-05-2020 01:02

نووسینی: مەسعود عەبدولخالق

ئەو ڕۆژەی وەفاتی كرد تێكڕای میلەت گریا، دەركەوت ئەوگریانە بەكوڵە ڕاست دەرچوو، وادەبینین میلەت و هەژاران بێخاوەنن، بۆیە ئەو ڕۆژە بوە جەژنی دزو گەندەڵكاران، مژدەو خەبەری خۆشیان بەیەك دەدا، هەموو میلەتیك سۆلۆن* و سەلاحەدین و ماندێلاو غاندی خۆی هەیە، ئەوپیاوەش بۆ هەریم سۆلۆن بوو، هەر باوكی هەژاران نەبوو، بەڵكو دامەزرێنەری دەوڵەت و یاساو نیشتمان و هاوڵاتیبوون و سیاسەتی ڕەوشتداری بوو، لەهەموان گرنگتر لەگەڵ نەیارەكانیشی بەهەڵوێست بوو، دوو نمونە هەڵدەبژێرم كە چۆن باوكی یەكڕیزیش بوە :

1- لەساڵی 1982-1983 زۆر بە بێڕەحمانە ئەنفالی ماڵ و منداڵی بارزانیەكان كرا – ئەوانەی لە كۆمەڵگای قوشتەپە بوون، بەتۆمەتی ئەوەی هێزەكانی (پ د ك) لەگەڵ پاسداران هێرشیان كردۆتەسەر (گردمەندیل)، ماڵ و منداڵی بارزانیەكان بێ پیاو و بێخاوەن مانەوە، هەندێك لە كوردی خایەن(ئێستا دەسەڵاتدارن) لەگەڵ ئەمن و ئیستخبارات گێچەڵی جۆربەجۆریان بە خانەوادەی ئەو بارزانیانە دەكرد، ئەو خەبەرە گەیشتە لای كاك نەوشیروان، ئەویش بروسكەی بۆ (شەوكەتی حاجی مشیر- ئەوكات بەرپرسی سەربازیی مەڵبەندی 3 بوو) نارد كە بە خێرایی كەرتێك بنێرن بۆ ئەو ئۆردوگایەو پاسەوانیان بكەن، وابزانم كەرتی سەفین مەلا قەرەیان نارد، ئیتر لەدوای ئەو هەنگاوە خەڵكی هەولێریش بەهانایانەوە چوون و بوە بانگەوازو هاریكاری .

2- لەزاری مدیری ئیستخباراتی عێراقەوە لە(ص432كتێبی: حگام بوابە الشرقیە) دەڵێت، لە دانوستانی 1991 وەفدیكی كوردی بۆ دانوستان بە سەرۆكایەتی كاك مەسعود‌و كاك نەوشیروان هاتبوونە بەغداو منیش بەشداربووم لە دانیشتنەكەیان، حسین كامل (وەزیری بەرگری) دەنگی زۆر بەسەر وەفدەكە بەرزكردەوەو ڕووی لە كاك مەسعود كرد و وتی كورد عەمیل بوون، مەبەستی كاك مەسعود بوو لەگەڵ ئێران ، دانیشتنەكە سام گرتبووی، بۆ كاك مەسعود نەدەكرا خۆی بەرگری لەخۆی بكا، بۆیە نەوشیروان مستەفا بەجواب هات (وەك وفیق سامرائی نوسیویەتی) دەڵێ زیاتر ڕووی لەمن كرد (ڕووی لە حسین كامل نەكرد)و نەوشیروان وتی: ئەوە چ عێراقێكە كەسێكی وەك (حسین كامل) وەزیری دیفاع بێت چ زانیارییەكی هەیە جگە لەوەی تەنها زاوای سەدامە.. درێژەی لەو كتێبە هەیە بیخوێننەوە، لە (مژكرات گاهر عبوش) لەوێش هەڵوێستی وا بەیان كراوە، ئەو بە جواب هاتنەی نەوشیروان مستەفا گوزارش بوو لە(برا لەپشت برا بێت..) ، ئەو ویستی بینای ئەوە بكا كە دوژمن نەتوانێ لایەك دابڕێ و هێرشی بكاتە سەر، وەك ئێستا هەر وەفدێكی كوردی دەچێتە لای داگیركەر دانیشتنەكە بەوە خۆش دەكا كە زەم و غەیبەتی حزب وسەركردەكانی برای خۆی بكا .

بە لەدەستدانی نەوشیروان مستەفا (سیاسەتی ئەخلاقیش) لە هەرێم تێك ڕووخا.

* سۆلۆن باپیرەی ئەفلاتون بوە لەخەتی دایكی، دامەزرێنەری یاساو سیاسەتی ڕەوشنداری و پیكەوەژیانی یۆنان بوە، هەندێ سەرچاوە دەڵێن (نەبی) بوە .