خێرەكانی بارزانی‌و مام.. بردن بە ڕاست‌و بەخشین بە چەپ

06-07-2020 08:18

حەكیم داود قەرەداغی، ڕۆژنامەنووس و خوێندكاری ماستەر لە بەریتانیا

تێبینی: تێرمی 'كاری خێرخوازی' لەم وتارەدا مەبەست لێی هاوكاری ماددیی و دۆنەیشنە، نەك ڕەفتاری چاك، چونكە لە زمانی كوردیدا كاری خێرخوازی زۆر بوار دەگرێتەوە.

گوتەیەكی بەنێوبانگ هەیە، دەڵێ 'كاری خێرخوازی ئەنجامی شكستی حكومەتە'. ئەم گوتەیە نایەوێ لە گرنگی و پیرۆزی كاری خێرخوازی كەمبكاتەوە، هێندەی دەیەوێ بە حكومەتەكان بڵێ بەرپرسیارێتی ئێوەیە خەڵك برسی و هەژار نەبن، نەك خێرخوازەكان.

خێرخوازی و بەخشین، چی بە پارە بێت یان پێداویستی دیكە، هەنگاوێكی مرۆڤانە و چاكە، چونكە یەكێك لە جیاكەرەوەكانی مرۆڤ ئەوەیە هاوكاری ئەو كەسانە بێت كە پێویستیان بە هاوكارییە. ئەمە بەشێكی بابەتەكەیە.

بەڵام لە سەردەمی سەرمایەداریدا زۆر شت لە مانا جوان‌و بنەڕەتییەكانی خۆیان دابڕێنران، یەكێك لەوانەش كاری خێرخوازییە. سیستمی سەرمایەداری كاری خێرخوازیشی وەك هەموو كایەكانی دیكە كرد بە هۆكارێك بۆ قازانجی ئەجێنداو كۆمپانیاكان، چی ماددی بێت یان مەعنەوی. لێرەوە كاری خێرخوازی لەو خەسڵەتە جوانەی دابڕێنرا كە دەبوو دەستی ڕاست بە دەستی چەپ نەزانێت، بەڵكو وڵاتە خاوەن ئابوورییە بەهێزەكان، سەرمایەداران‌وحیزب‌و كۆمپانیا گەورەكان ئەم كارە پیرۆزەیان كرد بە بەشێك لە ڕیكلام بۆ ئەجێندا یان ساغكردنەوەی كاڵاكانی خۆیان. هەر بۆیە دەبینی ڕێكخراوە خێرخوازییەكان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە ناوی سەركردەی حیزب‌و كۆمپانیاكانەوە ناودەنرێن، وەك چۆن لە كوردستانیش 'دەزگای خێرخوازی بارزانی‌و دەزگای مرۆیی مام' هەن.

یەك لە بۆچوونە باوەكانی ئەوانەی دژی كاری خێرخوازین ئەوەیە كە دەڵێن كاری خێرخوازی نیشانەكانی نەخۆشییەكە ناهێڵێت نەك هۆكارەكانی. ئەمەش وایلێدەكات وەك دەرزی ئازارشكێن بێت، هەرچەندە ئازارەكە بۆ ماوەیەكی كاتیی ناهێڵێت، بەڵام هۆكاری ئازارەكە، كە كێشە بنەڕەتییەكەیە، چارەسەر ناكات.

بۆ نموونە؛ لەبری ئەوەی هەژاریی و بێماڵی بنەبڕ بكرێن و سیستمێكی دادپەروەر وەها دابنرێ كە خەڵك نەكەونە ژێر هێڵی هەژاریی، دەزگا خێرخوازییەكان هاوكاری بەشێك لە هەژارەكان دەكەن، ئامانجەكەش لەو كارەدا كەسی هەژار نییە هێندەی ناساندن و ڕیكلامكردنە بۆ ئەو حیزب‌و كۆمپانیاو سەرمایەدارەی لەپشت كارە خێرخوازییەكەیە.

لەسەر ئاستی جیهان سەرمایەدارو دەوڵەمەندەكان، كۆمپانیا گەورەو براندە زەبەلاحەكان زۆرترین كاری خێرخوازی دەكەن لە بوارەكانی پێدانی پارە بە هەژاران، دابینكردنی خۆراك، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشیەكان و هاوكاری ئاوارە و پەنابەران، بەڵام ئەو پرسیارە لەبیر خەڵك دەبەنەوە كە ئایا ئەو سەرمایەدار و كۆمپانیاو حیزبانە چۆن پارەكەیان پەیداكردووە؟.

ئەمە بۆ دۆخی كوردستانیش ڕاستە. ناكرێ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ٣٠ ساڵە حكومەت لەلای ئەوانەو ئێستاش ناتوانن مووچەی فەرمانبەر بدەن، بێن بەناوی دەزگای خێرخوازییەوە پارەكە بەسەر خەڵكدا دابەشبكەن. ئەو پارەیەی ئەوان دەیدەن بە خەڵك لە بنەڕەتدا بە گەندەڵی كۆیانكردووەتەوە، بەو مانایەی لە بنەڕەتدا پارەكە هی خەڵكە، كەچی ئێستا دوو دەزگای گەورەی مرۆییان كردووەتەوەو پارەكە بە خێر دەدەنە خەڵك بۆ ئەوەی لە ڕێگەی كارێكی گەورەی وەك خێركردن خۆیان بە باش نیشانبدەن. نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو هەندێكجار پارەو هاوكاری دەگەیەننە وڵاتانی لێقەوماوی دیكەش وەك میانمار و بەنگلادیش، ئەوەش هەر لە چوارچێوەی ڕووسپیكردنەوەی خۆیاندا، بەڵام ئەمەیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

هەر ئەوەش بووەتە بنەمایەكی دیكەی ڕەخنەگرانی كاری خێرخوازی، چونكە ئەوان دەڵێن خەڵك بە قبوڵكردنی هاوكاری خێرخوازی واز لە مافە بنەڕەتییەكانی خۆیان دەهێنن، قوربانیی ئەوەش دادپەروەرییە، چونكە ئەو كەسانەی بە هاوكارییەكی كەمی بە منەت ڕازیدەبن، واز لەو هەموو مافەی خۆیان دەهێنن كە ئەگەر دادپەروەری هەبێت، بە چەند هێندەو بەبێ منەت پێیاندەدرێت. ئەم ڕوانگەیە پێیوایە كاری خێرخوازی وادەكات حكومەت بەرپرسیارێتییەكانی خۆی جێبەجێ نەكات.

ئەو دوو دەزگا مرۆییە حیزبییەی پارتی و یەكێتی نەك هەر پارەی خەڵكی كوردستان، بەڵكو پارەو هاوكارییە مادییەكانی وڵاتانی دەرەوەش وەردەگرن‌و بەناوی خۆیانەوە دابەشیدەكەن. وەك چۆن چەند ساڵی ڕابردوو دەزگای خێرخوازی بارزانی توانی لە ڕێگەی سیاسەتەوە هاوكارییەكانی ئیمارات بۆ پێنج هەزار منداڵی بێ باوك لە ڕابیتەی ئیسلامی كورد وەربگرێتەوەو خۆی دابەشی بكات.

ئەم دەزگا حیزبیانە لە وەرگرتنی كارمەندو دابەشكردنی هاوكارییەكانیشدا بێگومان هەر ئەندامەكانی خۆیان‌و ناوچە دەنگدەرەكانی خۆیان پێشدەخەن‌و لەو ڕووەشەوە هەر بەسوودی حیزبیی بۆیان دەشكێتەوە. بۆ نموونە؛ دەزگای خێرخوازی بارزانی زیاتر لە ٥٤٠ كارمەندەی هەیە، بێگومان هەموو ئەو كارمەندانە بە تەزكیەی ئۆرگانەكانی پارتی لەو دەزگایە دامەزرێنراون، ئەمە بۆ دەزگای مرۆیی مام-یش ڕاستە كە ئەمیش بێگومان سەدان كارمەندی هەیەو هەموویان یەكێتی دایناون.

ئەم یارییە ناشرینە تەنیا بۆ دەسەڵات ڕاست نییە، بەڵكو كۆمپانیاكانیش وادەكەن. بۆ نموونە خاوەنەكانی ئاسیاسێڵ و كۆڕەك تێلیكۆم ڕۆژانەو مانگانە لیستی هاوكاریی‌و كارە خێرخوازییەكانیان بڵاودەكەنەوە كە بەدەستی ڕاست بەخشیویانە، بەڵام كارتێكی پێنج هەزار دیناری بە شەش هەزار بە خەڵك دەفرۆشن، كە ئەوەش باجی حكومەتەو دەبێ كۆمپانیا بیدات بەڵام ئاسیا و كۆڕەك پارەكە لە ملیۆنان بەشداربوویان وەردەگرن‌و ملیۆنان دۆلار قازانج دەكەن، دواتریش بە دەستی چەپ هاوكاری سەدان خێزان دەكەن.

هاوكاری خەڵكی هەژار و نەدار هەرگیز كارێكی خراپ نییە، بەتایبەت ئەگەر لەسەر ئاستی تاك بێت. ئەوەی خراپ‌و یارییەكی ناشرینە ئەوەیە حیزب یان كۆمپانیاكەت بە دەستی ڕاستی هەموو سیاسەتی وڵات، ئابووری، نەوت، كۆمپانیا گەورەكانی وەك بیناسازی، پەیوەندی و ئینتەرنێت، هۆتێل و مۆتێلەكان، تەنانەت هایپەرماركێت‌و مۆڵە گەورەكانی بۆ خۆی قۆرغكردبێت‌و بەدەستی چەپیش بەشێكی كەم لەو هەموو داهاتانە وەك هاوكاری بەسەر بەشێكی كەم لە خەڵك دابەش بكات.