كحول لە بواری پزیشكی دا

18-07-2020 03:15

نووسینی: شێرزاد حەسەن ڕەزا- پسپۆڕی مایكرۆبایلۆژی پزیشكی

لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا بەگشتی و لە كوردستان بە تایبەتی، بازاڕی پێداویستیە پزیشكیەكان لە ماسك ‌و دەستكێش و كحولی پزیشكی، گەرم و گوڕی بەخۆوە بینیوە و فرۆشی زیادیكردوە، ئەمەش هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی هەندێك بازرگان بۆ مەبەستی بەدەست خستنی چەند فلسێك، چەندین ڕێگەی جۆراوجۆر بەكاربهێنن بۆ فێڵ و غەشكردن لە چەندێتی و چۆنێتی ماددە بازاڕویستەكان، بۆ كەسێكی پسپۆڕ هەندێك جار ئاسان نیە ناسینەوەی ئەم ماددە خراپانە، جا بەسەر هاوڵاتیەكی ئاساییدا ئاسانتر تێدەپەڕێت. لە نێو ئەو ماددانەدا كحول و پاكژكەرەوەكان یەكێكن لە ماددە زۆر بەكاربەرەكان، كە زۆرترین گفتوگۆ لە بارەی ڕێژە و چۆنێتی ناسینەوەیان دەكرێت.

كحول؛

یەكێكە لە مادە ئەندامیە گرنگەكانی ژیان، كەم تا زۆر بوونی هەیە، لە زیندەوەرە تاك خانەكان تاكو زیندەوەرە باڵا و ئاڵۆزەكان. ناسراوترین پاكژكەرەوەیە لە بواری پزیشكیدا، بەناوەكانی (میپانۆڵ و ئیپانۆڵ و پرۆپانۆڵ و ئایۆپرۆپانۆڵ..)

ناسینەوەی؛

ڕێگەكانی ناسینەوەی زۆرن بەڵام ئاسانترین ڕێگە ئەوەیە؛ ئەگەر بەر پریشكی ئاگر بكەوێت ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ پرتقاڵی، جگە لەم ڕەنگە هەر ڕەنگێكی تر لەكاتی گڕەكەیدا دەركەوت بە كحولی پاكژ دانانرێت.
دەیان ساڵە بەشێوەیەكی بەربڵاو بەكاردەهێنرێت، دژی وردبینەزیندەوەرەكان و ڤایرۆسەكانە، دوای سەدان توێژینەوە ئەوەیان سەلماندووە كە باشترین خەستیی ٪۷٠ یە، كە بەتەواوی كاریگەری هەیە لەسەر میكرۆب و ڤایرۆسەكان.

بۆچی ڕێژەی ٪۷٠ باشترینە؟

وردبینەزیندوەرەكان لە بەرگێكی پڕۆتینی و فۆسفۆلپیدی پێكهاتوون، بۆ تێپەڕبوون بەم بەرگەداو ئەنجامدانی كارلێك بۆتێكشكاندنی میكرۆب و ڤایرۆسەكان، پێویستی بە ڕێژەیەك ئاو هەیە تا كحولەكە بە زووترین كات باشترین كارلێك بكات، ئەو ڕێژە ئاوەی پێویستە لەگەڵ كحولەكەدا بێت ڕێژەی ٪۳٠ یە.

لەبەرئەوەیە زانایان دوای چەندین تاقیكردنەوە لە تاقیگەكاندا ئەوەیان سەلماند كە باشترین پاكژكەرەوە بۆ بەكارهێنان لە بواری پزیشكیدا ڕێژەی ٪۷٠ كحول و ٪۳٠ ئاوە.


تاقیكردنەوە؛

خۆشبەختانە ئەم تاقیكردنەوەیە لە بەشی بایلۆژی زانكۆكانی كوردستان ئەنجامدەدرێت بۆ ئەوەی ڕاستیی ئەم بابەت بسەلمێنرێت بۆ خوێندكاران.

هەركەسێك حەز بكات دەتوانێت بەم ڕێگەیە تاقیكردنەوەكە ئەنجام بدات، بەم شێوەیە:

۱_ پلێتێكی ئامادەكراو بە میكرۆبی گەشەكردوو لە تاقیگەدا،

۲_ ۱٠ ڕێژەی جیاواز لە كحولی ئەپیلی ئامادە دەكرێت لە تیوبی جیاوازدا بەم ڕێژانە؛
۱٠٪ و ۲٠٪ و ۳٠٪ و ٤٠٪ و ٥٠٪ و ٦٠٪ و۷٠٪ و ۸٠٪ و ۹٠٪ و ۹۹٪

۳_۱٠ پلێتی نوێ كە بە میكرۆبەكە لەگەڵ ۱٠ مل لە هەر ڕێژیەك زیادكرا

٤_لەناو ئامێری هەڵهێنان incubator دادەنرێت بۆ ماوەی ۲٤ كاتژمێر

٥_دوای ۲٤ كاتژمێر ئەنجامەكان بەم شێوەیە بوون

كحولی ۱٠٪ ؛ هەمووی بەكتریا گەشەی كردبوو و هیچ كاریگەری نیە

كحولی ۲٠٪ ؛ هەمووی بەكتریا گەشەی كردبوو و هیچ كاریگەری نیە

۳٠٪ ؛ هەمووی بەكتریا گەشەی كردبوو و هیچ كاریگەری نیە

٤٠٪ ؛ بەكتریا گەشەی كردبوو و تاڕادەیەكی كەم كاریگەری هەیە

٥٠٪ ؛ بەكتریا نیوەی گەشەی كردبوو و كاریگەری هەیە

٦٠٪ ؛ بەكتریا بەكەمی گەشەی كردبوو و كاریگەری باشی هەیە

۷٠٪ ؛ هیچ بەكتریا گەشەی نەكردبوو و كاریگەری تەواوی هەیە

۸٠٪ ؛ بەكتریا زۆر بەكەمی گەشەی كردبوو و كاریگەری باشی هەیە

۹٠٪ ؛ بەكتریا بەكەمی گەشەی كردبوو و كاریگەری كەمی هەیە

۹۹٪ ؛ بەكتریا گەشەی كردبوو و كاریگەری باشی نیە

لەم تاقیكردنەوەیە ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوونبوەوە كە ڕێژەی ۷٠٪ ؛ باشترین ڕێژەی بەكارهێنراوە و هیچ بەكتریا گەشەی نەكردبوو و كاریگەری تەواوی هەیە. بۆ پاكژكردنەوە.

بەكارهێنانە گشتیيەكان؛

* پاكژكەرەوە لە بواری پزیشكیدا.
* لادانی بۆیەی زیادەو پاكژكەرەوەی نینۆك.
* نەهێشتنی بۆنی پێیەكان و لەش.
* نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی خۆراك .
* پاكژكردنەوەی زەوی دارین و ماڵان و شوێنەگشتیەكان.
* پاكژكەرەوی گوێ و پێیەكان لە كاتی وەرزشدا.
* چارەسەری زیبكە و لادانی بەكتریا و هەوكردن.
* لە پێكهاتەی هەندێك لە دەرمانەكاندا بەكاردەهێنرێت.