یەكێتیی نوێ، شێری ماڵێ و ڕێویی دەرێ

31-08-2020 06:32

نووسینی: ڕێبوار كەریم وەلی

پێش كۆنگرەی چواریش، بۆ ماوەیەكی درێژ، چەند جەمسەرێكی نفوز و بڕیار لەناو یەكێتیدا، ھەبوون. كۆنگرە توانی ھەمووی لەناو ماڵباتی تاڵەبانی و برایم ئەحمەددا و، لە چوارچێوەی فۆرمولی ھاوسەرۆكیدا، كۆبكاتەوە. لێرەوە ئیشی كۆنگرە تەواو بوو.
*
یەكێتی بەڕواڵەت نوێ بۆوەو كڕۆكەكەشی بە حیسابی خۆیان، گۆڕینی ڕێڕەوی یەكێتی بوو لە پاشكۆیەتییەوە بۆ شەراكەت و تەنانەت ململانێی سەخت لەگەڵ پارتیدا. ئەوە بەو ڕێك -كەوتنەی كە بۆ پێكھێنانی حكومەتیش كردیان، تەنھا وەك شیعار مایەوە.
*
ئەوەی پارتی گرەوی لەسەر كرد و نەچووە بنباری داننان بە سەركردایەتیی نوێ، تا ڕاددەیەك ھاتە دی. ئێستا ھەردوو ھاوسەرۆك بە دوو ئاڕاستەی جیا كاردەكەن، یەكیان ڕووی لە ھەولێر و ئەوەی دیكەشیان سلێمانی. پارتی مەیلی حوكمڕانیی یەكێتی و بەتایبەتیش كوڕانی تاڵەبانی وەك كارتێكی سەركەوتوو بەكار ھێنا.
"تەفرەقە بكە و حكوم بكە"!
*
ئەگەرچی لاھور شێخ جەنگی كۆنتڕۆڵی سەركردایەتیی یەكێتی و قائیدەی حزبەكەی كردووە، بەڵام ئەوەی لە سلێمانی دەڕێسرێت لە ھەولێر دەبێتەوە خوری! ئەوەش مانای وایە سیستمی ھاوسەرۆكی زۆر بڕ ناكات.
*
یەكێتیی نوێ مەبەستی بوو كە سیاسەت و بڕیارەكانی یەكێتی بباتەوە سلێمانی و، ھەرلەوێشەوە گوشار لە پارتی بكات. ھەنگاوەكان بە ئاڕاستەی لامەركەزییەت و تەنانەت بەھەرێمكردنی سلێمانی و، ئینجا كشانەوە لە حكومەتیش، ئەو كارتانە بوون كە بەشێكی یەكێتی لە دژی بەشێكی پارتی بەكاریان ھێنا. سەریان نەگرت؛ كوڕانی تاڵەبانی و ماڵباتی برایم ئەحمەد دەزانن دووركەوتنەوەیان لە ھەولێر و پارتی وا دەكات لە سلێمانی بە ئاسانی قووت بدرێن.
*
مەسەلەی یەكێتی ئێستا پتر لەوەی گرفت بێت لەگەڵ جۆری حوكمڕانیی پارتی لە ھەولێر، بریتییە لەبەكارھێنانی پارتی لە ململانێی ناوخۆیی. ئاست و جۆری بەرخوردیان لەگەڵ پارتیدایە كە وایكردووە سەرسەختترین نەیارەكانی پارتی لەناو بنەماڵەی برایم ئەحمەد لەوە تێگەیشتوون كە لاوازبوونی پارتی لەسەر حیسابی نەمانی ئەوان دەبێت.
*
ھاوكێشەی نوێ وایكردووە كە تا ئێستا ھیچیەك لە میكانیزمەكانی فشاری سەركردایەتیی نوێ لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان سەرنەگرن. ئەوە بۆ پارتی و بەتایبەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش بەخێر شكاوەتەوە. چونكە گۆڕان لەو تەوژمە نوێیە دەترسا و پێیوابوو لە سلێمانی لە قاڵب دەدرێ، بەڵام ئێستا دەرچەی ھەیە و خۆی بە قیتارەكە ھەڵواسیوە.
*
پوختەی كەلام. درێژەكێشانی وەزعی ناوخۆی یەكێتی، سیحری كۆنگرەكەیانی بەتاڵ كردۆتەوە. ئەوەی ئێستا دابەشكردنی ڕۆڵ نییە، بگرە فەشەلی سیستمی ھاوسەرۆكییە. كورد گوتەنی نیشانەی نەكوڵانی دوو سەرە لە مەنجەڵێكدا.