پرساندن‌و ترساندن

23-09-2020 11:28

نووسینی: ڕێبوار كەریم وەلی

بابەتی پرساندنی حكومەت لەسەر بابەتێكی گشتی، وا خەریكە لێكەوتەكانی بەسەر تانوپۆی سیاسەتی كوردستان بەدیار دەكەوێ.

*
بزووتنەوەی گۆڕانی كردە دوو، یەكێتیی كۆن و نوێی بەگژیەكدا كرد، (یەك گرتوو)ی كردەوە یەك و كۆمەڵیشی لێك كۆ كردەوە.

*
بابەتی پرساندنی حكومەت و وەزارەتەكانی یەكێكە لە ئەولەویاتی ئیشی پەرلەمان و شتێكی ئاساییە ئەگەر سیستم دیموكراتی بێت. بەڵام لە كوردستان كراوە بە تابۆ! لە كاتێكدا، پرساندن دەرفەتێكە بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێ بە وەڵامی موقنیع بۆ پەرلەمانتاران متمانەی خۆی نوێ بكاتەوە.

*
یەكجار و لەسەردەمی كابینەی شەشەمی حكومەت سەرۆكوەزیران پرسێندرا. ئیستیزاح كرا.

*
گۆڕان لە ئەوجی قودرەتدا بوو.
روبعێكی پەرلەمانیان لە دەستدا بوو. ١٧ شوبات رووی دابوو، لە یادی ھەڵەبجەشدا، فەردەیەك لینگە پێڵاویان لە سەرۆكی حكومەت گرتبوو! سەرباری ئەوەش سەرۆكی حكومەت لە لاوازترین پێگەوە ھاتە پەرلەمان و زۆر بەھێزەوە لێیدەرچوو.

*
پارتی و كۆتاكان زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستە. ئەستەمە حكومەت بە لێسەندنەوەی متمانە ھەڵوەشێتەوە، بەڵام لە روانگەی پارتییەوە حكومەتێك كە نەتوانێ پتر لە حەفتا لە سەدی پەرلەمانی لەگەڵدا بێت، چاوشكێن دەبێ. ئەوە باجی شەڕە ژمارەیە!

*
پارتی لە حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات ناترسێ، بەڵام ترسی راستەقینەی لە حزبە موئتەلیفەكانیەتی كە پێیوایە باریان نییە. بۆیە پرساندنی وا لێ بووە بە مەسەلەی مان و نەمان.

*
بۆ ئەو حكومەتەی ئێستا نابێ پرساندن وەك پردی سیڕاتی لێبكرێت و وا نیشان بدرێت كە ئەگەر لەكاتی متمانە وەرگرتندا، چەند دەنگێك كەمتر بێنێت دەشكێت.

*
دەستبردن بۆ ترساندن لە پێناوی نەپرساندن، پارتی گۆشەگیر دەكات. سزادانی ئەو حزبانەی كە لە سۆنگەی ریفراندۆمەوە لە ھەڵبژاردندا باجی قورسیان دا، ئێتیك نییە!