‎ئازادی لە سەردەمی دەرنەبڕیندا!

22-10-2020 03:55

نووسینی: ‎ڕێبوار كەریم وەلی

‎لە كاتێكدا كە پەتای كۆرۆناو قەیرانی دارایی و متمانە بە دەسەڵات، تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنوسی، دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتی و تاكەكەسی و، جیاوازیی بیروڕا لە لایەن دەسەڵاتەوە كراوەتە ئامانج.

*
‎كارنامەی حكومەتی هەرێم كە متمانەی لە پەرلەمان و حزبە بەشداربوەكان وەرگرتووە، بە كەمترین وشە باس لە ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنوسی دەكات. لە ماوەی ڕابردووشدا، ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە لە مەتبەخی حكومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان دەكران، لەژێر ناوی (ڕێكـ ـ خستن)ەوە، مەودایەكی ئەوتۆیان بۆ هیچ سەرەقوتەیەك ‎نەهێشتۆتەوە.

*
‎ هەرچییەك كە بەدڵی دەسەڵات نەبێ لە سێ حاڵەت بەدەر نابێ.

یەكەم، دەربڕینی ناڕەزایەتی یەكسانە بە هاندانی خەڵك بۆ توندوتیژی و پێشێلكردنی ڕێنماییەكان كە ئەگەر شكی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی سلێمانیت لێبكرێ، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەتگرێتەوە.

دووەم، ئەگەر باس لە نەبوونی ئازادی، ئەدای خراپی حكومەت و گەندەڵی بكەی، ئەوكاتەش بە تۆمەتی ناوزڕاندن ڕاپێچ دەكرێی.

سێیەمیش لێرە بەولاوە باسكردنی ڕابردوو دەبێتە بێڕێزی و سوكایەتی بە ڕەمز و پیرۆزییەكان كە تەنانەت ئەگەر پڕۆژەكەش نەبێتە قانون، تا ئەوكاتە قانونێكی دیكەی بۆ دەبیننەوە.

*
‎هەر سێ حزبە سەرەكییەكەی دەسەڵات كە كێشەیان لەگەڵ دەرەوە و ناوەوەی خۆیان هەیە، پێیانوایە دەتوانن لەو ڕێگەیەوە ڕای گشتی بەرزەفت بكەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو كۆتوبەندانە، بە فیعلیی پاڵنانی خەڵكە بۆ ئەو ئاڕاستەیەی كە خۆیان لێیدەترسن. ئازادی لە كوردستان نە موڵكی حزبە سیاسییەكانە و نە میراتێكە لەسەریان تاپۆ كرابێ! بگرە بەرهەمی قوربانیدانی هەزاران گەنج و پیری ئەم وڵاتەیە و هیچ پاساوێك ناتوانێ سنورداری بكات، مەگەر ئەوەی كە دەسەڵات بتوانێ قەرەبووی ئەو مێژووە بۆ خەڵك بكاتەوە كە ئەوەش مەحاڵە.

*
‎ئازادیی بێ ناوەڕۆك و كۆتوبەندكراو بە قانونی جۆراوجۆر، كۆمەڵگا و حوكمڕانی لە بنچینەی سەرەكیی مافەكانی مرۆڤ دور دەخاتەوە. گرتن و ڕاوەدونانی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسان، دروستكردنی لەشكرێك لە قەڵەمی موالیی بۆ بێڕیزی بە جیاوازئەندێشان، بۆمبێكی تەوقیتكراوە كە بە ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا دەتەقێتەوە… هەموو ڕێگرییەك دەرفەتێكە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەكی دیكە.

*
‎كۆمەڵگە و دەسەڵاتێك كە لای خەڵك بانگەشەی ئازادی بكەن، دەبێ ئەو ئازادییە بۆ دەربڕین بێت، لەهەر شوێنێك ئازادییەك هەبێ، بۆ دەربڕینە و دەربڕینیش تاوان و سەرپێچی نییە. لەهەر شوێنێكیش دەربڕین تاوان بوو كەواتا ئازادی درۆیەكی شاخدارە!