بەرلە ڕیفراندۆم، پێویستە بارزانی وەڵام بداتەوە

18-06-2017 03:38

 


"من دەنگیان بۆ نادەم" ئەمە وتەی پیاوێكی خانەنشینی تەمەن زیاتر لە 70 ساڵ بوو كە دەیوت بەشداریی لە ڕیفراندۆم ناكات، لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەش كە ئاڕاستەی ئەو كەسانە دەكرێت كە دژایەتیی ڕیفراندۆم دەكەن، ئەوپیاوە مەبەستی بوو بەخێرایی بەشی دووەمی قسەكانی بگەیەنێت، وتی"لەكاتێكدا خۆم ئەكەم بە قوربانیی بۆ ئەم خاكە، بەڵام دەنگ بۆ دز نادەم" ئەمە بۆچوونی بەشێكی بەرچاوی خەڵكی كوردستانە كە لەبارێكی ئابوریی قورسدا ژیان دەگوزەرێنن.

 

ئێستا تەواو كاتی بیركردنەوەیە، ڕەنگە ئەو كاتانە زۆر كەم بووبن كە لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 هێندەی ئێستا خەڵكی كوردستان پێویستی بە تێڕامان‌و بیركردنەوە هەبووبێت، لە بارودۆخی خۆی‌و هەنگاونان بەرەو ڕیفراندۆم‌و قۆناغی دەوڵەت.

 

مەسعود بارزانی‌و حزبەكەی كە ئاڵا هەڵگری ئەم پرسەن، بۆ خودی خۆیان كاری زۆرباشیان كردووە لە 25 ساڵی ڕابردوودا، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئەی بۆ خەڵك؟ دەبێت خەڵك خۆی هەست بەمە بكات، ناكرێت كەسێكی دیكە پێی بڵێت تۆ باشیت، لەكاتێكدا تۆ خودی خۆت دەزانیت باشیت یان نا، حزبەكانی دیكە بەگشتی لە دۆخی كاردانەوەدان، كاردانەوەی كارو هەڵوێستەكانی پارتی، حزبەكان بۆ خۆیان لەم دۆخەدا هەست بە بوونێكی سەربەخۆیان ناكرێت، ئەوكاتە هەست بە بوونیان دەكرێت لە وەڵامی كارەكانی پارتیدا دەجوڵێن.

 

هەربۆیە ئێستا كاتێكی زۆر گرنگە بۆ خەڵك كە خۆی بیربكاتەوە، لانی كەمی زانیاری لەبەردەستی خەڵكدا هەیە بۆ بیركردنەوە، بۆ ئێستا دەرفەتێكی گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم؟ بەڵگە چییە؟ ڕاگەیاندنی دەوڵەت‌و سەربەخۆیی بە حەز دەكرێت یاخود زەمینەسازی؟ بۆ بارزانی سوورە لەسەر ڕیفراندۆم لەمساڵداو پارەشی بۆ پەیدا دەكات؟ لەكاتێكدا دۆخی ئابوری خەڵك‌و موچەخۆران 3 ساڵە لەوپەڕی خراپیدایەو هەرێم لە قەیرانێكی سەختی تاقەت پڕوكێندایە.

 

ئابورییەكی وێران‌و نەبوونی پارە، لاوازی متمانە بۆ قەرز وەرگرتن، نەبوونی هێزێكی سەربازی تۆكمەی نیشتمانی، كێشەی قوڵی سیاسی، پشت بەستنی تەواو بە وڵاتانی دراوسێ بۆ هاوردەكردنی مادەی خۆراكی كە ئەوانیش دژی ڕیفراندۆمن، ئەمە پوختەیەكی دۆخی هەرێمە كە دەیەوێت هەنگاوی سەربەخۆیی بنێت.

 

خێزانەكانی ئەم هەرێمە 3 ساڵە لەقەیرانێكی سەختدان‌و نیو موچە وەردەگرن، ئەگەر لەچەند ساڵی ڕابردوودا شتێكیان پاشەكەوت كردبێت ئەوەشیان خوارد، ئێستا بیریان لەوە كردووەتەوە لە ئەگەری گەمارۆخستنەسەر هەرێم بەتایبەت لەلایەن توركیاو ئێرانەوە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، ئایا دەتوانن 3 مانگ بۆ 2 ساڵ لەژێر گەمارۆدا بژین؟ چی وایان لێدەكات ئەم توانایەیان هەبێت؟ مەسعود بارزانی كە دەڵێت "پێمانباشترە لە برسا بمرین" خەڵكی كوردستانیش هەمان بۆچوونیان هەیە؟ ئایا بارزانی خۆی‌و نەوەكانی هەرگیز لەبرسا دەمرن؟ بارزانی نازانێت لە خانەقینەوە تا زاخۆ تەواوی بەرپرسانی حزبی‌و حكومی گردو تەپۆلكەو شوێنەخۆشەكان نەماوە داگیری نەكەن‌و باخ‌و ڤیلاو ژیانی شاهانەی تێدا دروست نەكەن؟ لەبرسا مردن بۆ ئەمانە نییەو بۆ خەڵكەكەی دیكەیە.

 

تۆ خۆت ئەگەر ماستت هەبێت، بەدڵنیاییەوە ماستاوەكەت لە ئێران‌و توركیاوە بۆدێت، خەڵكەكەت چۆن دەژییەنیت؟ چۆن دەیان پارێزیت لە هەڕەشە؟ بەكام هێزی پڕۆفیشناڵ؟ مەگەر خۆت نازانیت گەورەترین گەندەڵی‌و بێسەرو بەرەیی لە كوردستان لەناو هێزی پێشمەرگەدایە، نازانیت حزبایەتی‌و خزم خزمێنەو پلە بەخشینەوەی نابەرپرسانە ئەو هێزەی چی لێكردووەو چۆن لەناوەوە دای ڕزاندووە، ئایا ئەمانە زەمینەسازییەكانن بۆ سەربەخۆیی؟.

 

پشتت بەچی بەستووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت؟ ئەمە جەوهەریترین پرسیاری ئەمڕۆیە كە دەبێت مەسعود بارزانی وەك ئاڵا هەڵگری ئەم پرسە وەڵامی ڕوونی هەبێت بۆ خەڵك‌و متمانەیان لا دروست بكات، ئایا ڕێككەوتنی نەوتیی 50 ساڵەی هەرێم‌و توركیا كە تەنها چەند كەسێكی كەم بینیویانە پشتیوانی ئەم پڕۆسەیە دەكات؟ هیچ باسێكی لەمجۆرەو گرەنتی تێدایە؟ خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە بەرلەوەی بڕیار بدەن وەڵامی ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری دیكەیان پێدرابێت.

 

ڕاستە بارزانی بەدرێژایی تەمەنی خەباتی بۆ مافی كوردو سەربەخۆیی كردووە، ئەگەرچی وەك سەركردەكانی دیكە لە هەندێك قۆناغدا شەڕی دژی كوردیش كردووە، بەڵام ئەم پرسیارانە لە دەرەوەی تەواوی ناكۆكییەكانن، گریمان حزبە ناكۆكەكانیش كۆك بوون، لەڕێی پەرلەمانیشەوە پڕۆسەكە بەڕێكرا، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ خەڵك زۆر گرنگن، تا بزانێت چ جۆرە دەوڵەتێكی دەبێت، فاشیل وەك 25 ساڵی ڕابردوو یاخود سەركەوتوو كە خۆشگوزەرانی بێنێت.

 

بەبێ ئەوەی بەڵگەكانی خستبێتەڕوو، گریمان بارزانی ڕاستدەكات‌و ئەوانەی ناڕازین نایزانن‌و ئێستا كاتەكە گونجاوەو هەنگاوێكی گرنگە دەبێت بنرێت، بەڵام چ جۆرە دەوڵەتێك دروست دەكات؟ بە چ پێوەرێك ژیانی خەڵك لە ئێستا باشتر دەبێت؟ ئایا لە دەوڵەتی كوردیدا كەس دەتوانێت لە كوڕو نەوەكانی بارزانی‌و تاڵەبانی‌و بەرپرسانی دیكە بپرسێتەوە؟ بۆنمونە ئایا بارزانی سبەینێ مەنسوری كوڕی لە فەرماندەیی لەشكری یەك‌و گوڵان لادەبات كە چەند لیوایەكی لەبەردەستدایە؟ ئایا كەسە نزیكەكانی خۆی‌و بەرپرسانی دیكە لە بازرگانی دووردەخرێنەوە؟ ئەمانە نابن بە بار بەسەر خەڵكەوە نەوە لەدوای نەوە، وەك ئەوەی ئێستا بوونەتە بارێكی قورس.

 

ئەم پرسیارانە بۆ دژایەتی دەوڵەت نییە هەروەك لە ڕقی بارزانیش نییە، ئەگەر ڕیفراندۆم بكرێ‌و دەوڵەت ڕابگەیەندرێت، مانای ئەوەنییە بارزانی‌و پارتی‌و حزبەكانی دیكە كردویانە، 100 ساڵە كورد بەتایبەت لەم بەشە خەبات بۆ ئەو مافە دەكات‌و شەڕی لەپێناودا كردووە، هەزاران پێشمەرگەو ژن‌و منداڵی ئەم كوردستانە كە تەنانەت لە كتێبەكانی مێژووشدا ناویان نەهاتووە خوێنی خۆیان لەو پێناوەدا بەخشیوە تا سەربەرزانە بژین‌و لە ژێردەستەیی ڕزگارببن.

 

پێموانییە هیچ كوردێك دژی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت، چی لەوە خۆشترە پاسپۆرتی كوردی لە گیرفانتدا بێت؟ بەڵام چ جۆرە دەوڵەتێك بۆ كام جۆرە لە ژیان‌و گوزەران؟ وەڵامی ئەم پرسیارانەو زۆری دیكە ناڕونن‌و ئەركی بارزانییە بە متمانەوە وەڵامیان بداتەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونەو خەڵك دەیزانێت دڕامانی كەرتی كشتوكاڵ، بێ پارەیی‌و مایە پوچیی بانكەكان، قەرزاریی حكومەت‌و پێدانی نیو موچە بە موچەخۆران، گەندەڵی لە تەواوی ئاستەكان، نەبوونی هێزی نیشتمانی‌و سەروەر نەبوونی یاساو بێلایەن نەبوونی دادگاكان، دۆخی بەرلە ڕیفراندۆم‌و دەوڵەتن، دوای ڕیفراندۆم ئەمانە چۆن دەبن‌و گرەنتی چییە كە خراپتر نابن لەژێر چەترو شانازیی دروستكردنی دەوڵەت؟!.