كێ دەبێتە ڕێكخەری گشتی‌و ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن؟

09-07-2017 01:01

 

لەدوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، چەند پرسیارێك لە ناوخۆی گۆڕان‌و لەلای خەڵك‌و میدیاو لایەنە سیاسییەكان دروست بوە كە كێ جێگای كاك نەوشیروان دەگرێت‌و دەبێتە ڕێكخەری گشتی‌و چۆن؟ و كێش دەبێت بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و چۆن؟

 

بێگومان زۆر قورسە بتوانیت كەسێك بدۆزیتەوە وەك كاك نەوشیروان كەسایەتییەكی كاریزماتیكی هەبێت، چونكە كاك نەوشیروان خاوەنی كەسایەتیەكی زۆر دەگمەن بو، ئەو بە تەنها ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نەبو، بەڵكو كاریزمایەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بو. ئەو پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ بو، سەركردە بو، مێژونوس و ئەدیب بو، لێكۆڵەر و ئەكادیمی بو، ڕیفۆرمخواز و ڕەخنەگر بو، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی دەسەڵات و هێز بو، بەڵام بەردەوام وەك سوفی دەژیاو بۆ خەڵك دەژیا. بۆیە زەحمەتە كەسێك بدۆزیتەوە وەك ئەو هەمو تایبەتمەندی ئەوی هەبێت. بەڵام هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە بزوتنەوەی گۆڕاندا كارێكی ئاسانە، چونكە كاك نەوشیروان لە دوای خۆی دەستورێكی بەجێهێشتوە كە هەمو ڕێوشێنەكانی هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندنی بەڕونی دیاریكردوە.

 

خۆشبەختانە ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كۆدەنگییەك دروست بوە لەسەر:

 

1.جێبەجێ كردنی دەستوری (پەیڕەوی ناوخۆ) بزوتنەوەی گۆڕان وەك خۆی و بەبێ هیچ ئینتیقائیەك.

 

2.یەكلایكردنەوەی ئەم پرسە بەزوترین كات‌و دوانەخستنی.

 

3.نەبونی ڤیتۆ و هێڵی سور لەسەر هیچ كەسێك، كە مەرجە یاساییەكانی تێدابێت.

 

بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی دا، بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ و بە زۆرینەی سادە (كێ زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت) هەڵدەبژێرێن‌و بە زۆرایەتی ڕەهای (50+1) دەنگی هەمو ئەندامەكانی دەگۆڕدرێن كە بۆ ماوەی دو ساڵ و تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە خۆیان كاندیدبكەن.

 

ئەو كەسەی خۆی كاندید دەكات بۆ ڕێكخەری گشتی یان خانەی ڕاپەڕاندن مەرج نییە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی یان جڤاتی گشتی بێت، بەڵكو هەمو كەسایەتییەكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت خۆی كاندید بكات. ئەوەی مایەی خۆشحاڵیشە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی دەیان و سەدان كەسایەتین كە شیاوبن بۆ پڕكردنەوەی پۆستی ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن.

 

پێویستە بۆ هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن ڕێوشوێنە دەستورییەكان وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن، بەواتایەكی تر پێویستە هەر پۆستێك بەجیا هەڵبژاردنی بۆ بكرێت و كاندیدی جیاواز هەبێت، بۆیە نابێت ڕێگە بدرێت لیست دروست بكرێت یان ڕێككەوتنێكی پێشوەخت هەبێت وەك لە كۆنگرەی هەندێك لە حیزبەكاندا دەبینرێت كە پێشتر ڕێكدەكەون لەسەر چەند ناوێك‌و لە كۆنگرەدا بەچەپڵەڕێزان یان بەدەنگدانیكی شكڵیی هەڵدەبژێرێن.

 

ئەم پڕۆسەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تاقیكردنەوەیەكی گرنگ‌و مێژویی دەبێت، كە پێویستە تەواو دیموكراسی و دەستورییانە بێت، بۆ ئەوەی ببێتە پێشینەیەكی(سابقە) باش و دروست و بزوتنەوەكە بخاتەسەر سكەی خۆی و لەسەری بڕوات، بە پێچەوانەوە ئەگەر لادان لەدەستوركە هەبێت دەبێتە پێشینەیەكی خراپ و دور نییە بزوتنەوەكە بەلاڕێدا ببات.

 

لێرەوە گرنگ نییە كێ ئەو پۆستانە پڕدەكاتەوە، گرنگ ئەوەیە مەرجە یاساییەكانی تێدا بێت‌و بەڕێوشوێنە دەستورییەكاندا بڕوات. لە بزوتنەوەی گۆڕاندا جڤاتی نیشتیمانی ناوەندی بڕیارو بەرزترین دەسەڵاتە، نەك خانەی ڕاپەڕاندن كە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانیە لە نێوان دو كۆبونەوەداو ئەركی ڕێكخەریش هەماهەنگی‌و سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانییە.