حزبی بنەماڵەو حزبی عێل

18-07-2017 12:22

 

ڕاستە لە چەند شوێنێكی دنیا بنەماڵەی سیاسی هەیە كە ڕۆڵەكانیان ئامادەیی سیاسی بەرچاویان هەیە، بەڵام مەگەر تەنها لە لوبنان‌و كوردستاندا جۆرێك لە تەوریسی حزبی هەبێت لە باوكەوە بۆ كوڕ بە تایبەت دوای ئەوەی ئەو شێوازانە لە عێراق‌و یەمەن‌و میسر تێكشكێندران.

 

بنەماڵەی بارزانی سەرەتای بە بنەماڵەیی كردنی حزب بون لە كوردستاندا. ئیتر ئێستا ئەو حزبە بەشێكە لە مومتەلەكاتی بنەماڵەو ڕۆژ دوای ڕۆژ پشكی خێزان لە سەركردایەتی حزبدا لە برەودایەو سەرجەم جومگە سەرەكیەكانی حزبەكەیان بۆ خۆیان قۆرغ كردوە. لەوێ سەرۆكایەتی حزب لە باوكەوە بۆ كوڕەو لە چوار دەوریشیان ڕیزێك لە براو كوڕەزاو خزم ئامادەییان هەیە.

 

لە یەكێتیدا ئەم پرشۆسەیە بە ڕێڕەوێكی دژواردا ئەڕوات. پێشتر كە گروپی مەكتەبی سیاسی بەهێزبون، نەتوانرا بە ئاشكرا كار لەسەر ئەو مەسەلەیە بكرێت. تەنها تاڵەبانی كەسە نزیكەكانی خۆی لە سكرتاریەتی خۆیدا جیگیر كردبو وەك هاوكاری خۆی. بەڵام دوای دەرچونی بەشی بەرچاوی كەسایەتیە گرنگەكانی مەكتەبی سیاسی و نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، دەرفەتێك بۆ خێزان وكوڕەكانی پەیدا بوو كە ڕۆڵی سەرەكی ببینن لە دەستەی ڕابەرایەتی ئەو حزبەدا. ئێستا قوباد نوێنەرایەتی بنەماڵە ئەكات لە حكومەتداو پاڤێڵیش بە هاوكاری دایكی، شانسی خۆی لە حزبدا تاقی ئەكاتەوە، بەڵام هێشتا نەریتە كۆنەكەو، بونی چەند كەسێكی بەهێز لە مەكتەبی سیاسیدا، بواری بەسەرخستنی ئەم پرسە نەداوە. نەمانی هێرۆخان لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەوانەیە شانسی كوڕەكانی لە سەركردایەتی كردنی یەكێتی لاوازتر بكات‌و ئەم خەونی بە بنەماڵەیی كردنە وەلانرێت، بەتایبەت كە لە كەشی سیاسی ناوچەی سلێمانیدا، ئەم پرسە زۆر قێزەون و نامۆ دەرئەكەوێت.

 

بەرامبەر بە هەوڵی بنەماڵەیی كردن، شیوازێكی تری كاری حزبی هەیە كە كاستێكی سیاسی جێگیر سەروكاری لەگەڵی هەیەو ساڵانێكە بونەتە سیمای حزبایەتی لە كوردستاندا. بەشی زۆری ئەم كاستە كە من پێیان ئەڵێم عێلی سیاسی، تەنها بە مردن، وەیا ئینشقاق وەیا بە وازهێنانی خۆیان"كە زۆر دەگمەنە" لە كۆڵی حزبەكانیان ئەبنەوە. ئەم عێلە ڕەگ‌و ڕیشەیان لە هەموو حزبەكاندا هەیەو، سەرباری جیاوازی فكری و سیاسیان، بەڵام ئەو دەم و چاوانەن كە دەیان ساڵە لە شەڕو ئاشتیدا، دەسەلاتداری ڕەهای حزبەكانیانن و هەر ئەوانن دوا نەقشی سیاسی و ئاڕاستەی كاری حزبی دیاری ئەكەن. عێلی سیاسی بەقەدەر بنەماڵەی سیاسی مەترسی بەسەر پڕۆسەی سیاسی و گیانی دەستاودەستی دەسەڵات و نوێنەرایەتی كردنی نەوە تازەكان و توانا نوێكان هەیە. ڕاستە بنەماڵەی سیاسی ڕەوایەتیدانی موتڵەقە بە هەژمونی بنەماڵە لەسەر بنەمای ئینتیما نەك توانا، بەڵام لە عێلی سیاسیشدا هەمان میتۆد بە شێوەی تر و لەژێر پەردەی تێكۆشان و پاسەوانی كۆن و خەباتگێڕی ماندو و دەیان قەوان و بەیت و بالۆرە، ڕەوایەتی بە مانەوەی لەسەر هەڕەمی حزبدا ئەدات و جگە لە بوارێكی تەسك"ئەویش لە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا" ئیتر هیچ مەجالێك بە نەش و نماكردنی توانا جیاوازەكانی نەوەكانی تر نادات. مەترسی عێل لەوەدایە بۆ بەردەوامی هەژمونی حزبیی، جگە لەهەوڵی ڕەوایەتی تێكۆشان، پەنا بۆ دەستەگەرێتی‌و دەستو پێوەند دروستكردن و بەخشینەوەی ئیمتیازات و دروستكردنی ڕەعیەتی گوێڕایەڵ ئەبات.

 

گۆڕان، دروستبونەكەی بە جیا لە پەیامە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی تری، لێدانێك بوو هەم لە بنەماڵەی سیاسی و هەمیش لە عێلی سیاسی. پەیامی نەوشیروان مستەفا، كە گۆڕانخوازان لەسەری كۆكن و داكۆكی سەرسەختانەی لەسەر ئەكەن، ڕێگری كردنە لە دروستبون‌و هەژمونی بنەماڵەكان و ئەبەدیەتی كاستێكی سیاسییە. ئەو كەسانەی كە جڵەوی ڕابەرایەتی گۆڕان ئەگرنە دەست، نە بەهۆی بنەماڵەو نە لە ڕێگەی عێلەوە دەبێت، بەڵكو تەنها بە تواناكانیان و ئاستی فكری و سیاسی و ڕادەی دڵسۆزی بۆ پەیامەكانی بزوتنەوەكە دەبێت.

 

لە گۆڕاندا بەهیچ جۆرێك بوارێك بۆ بونی بنەماڵەو مەترسی دەستبەسەرداگرتنی گۆڕان لەلایەن بنەماڵەیەكەوە نییە، تەنانەت كەسیش جورئەتی بیركردنەوە لەهەنگاوێكی وا مەترسیدار و خراپ ناكاتەوە، هەر لە بنەماڵەی كاك نەوشیروانەوە كە لەسەر ڕێبازی نەوشیروان مستەفا سورن، هەمیش هیچ هەڵسوڕاوێكی ڕاستگۆی گۆڕان خۆی ناهێنێتە ئاستێكی وا لاوازەوە كە بانگەشە بۆ ئەم شێوازە دواكەوتو و نا دیموكراتیە بكات. بەڵام دەبێ بەهەمان شێوەش دژ بە كاست و عێلی سیاسی ئەبەدی و هەتاهەتایی بوەستینەوەو بوارەكانی ئیدارەدانی بزوتنەوەكەش لە یەك دوو كەس و چەند كەسێكدا قەتیس نەكرێت و بەعەقڵیەتی عێل بیر لە پڕكردنەوەی پۆستە گرنگەكان نەكرێت.

بیرمان نەچێت یەكێك لە نەریتەكانی عێل ئەوەیە: پاڵپشتی براكەت بە، باش بو یاخراپ!!

 

تێبینی: مەبەستم لە عێل، عەشیرەت نییە، بەڵكو دەستەو گروپێكی سیاسییە، كە لە چوارچێوەی بنەماكانی عێلدا كار ئەكەن و، ڕەوایەتی بە مانەوەی هەمیشەییان لەسەر لوتكەی حزبەكاندا ئەدەن.