نەوت‌و مەوت!

22-07-2017 05:48

 

كاتێك میللەتانی دونیا بەرەو دەوڵەتبوون هەنگاو دەنێن، دەیان ساڵ خەباتی جۆراوجۆر دەكەن، هەتا دەگەن بەئامانجەكانیان، لەئاستی ناوخۆ‌و دەرەكی هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ‌و كۆدەنگی دروست دەبێت، بۆ ئەوەی بەزۆرترین دەستكەوت‌و كەمترین زیان دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بكەن.

 

كوردستان خاوەنی نەك دەیان ساڵ خەبات، بگرە سەدان ساڵ خەباتە، ئەگەر میللەت‌و نەتەوەكانی تر خەبات لە دژی دوژمنێك بكەن، ئەوا كورد چەندین دوژمنی هەیە‌و بەدرێژایی ئەو سەدان ساڵە كوردیان چەوساندۆتەوە‌و لەسەرجەم ڕوەكانەوە كاریان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كورد كردوە، بۆیە پێویستە كورد زۆر زیاتر لە میللەتانی تر خۆی ئامادەبكات‌و پلانی تۆكمەی هەبێت بۆ زاڵبون بەسەر دوژمنەكانیدا.

 

دروستبونی دەوڵەتی كوردی، خەونی لەمێژینەی هەموو تاكێكی كوردە‌و لەو بڕوایەدا نیم هیچ تاكێكی كورد هەبێت، كە ئاواتی بینینی ئەو دەوڵەتەی نەبێت، بۆ ئەوەی لەسایەیدا بحەوێتەوە‌و وەكو تاكی كۆمەڵگەكانی تر، خاوەنی سەروەریی نیشتمانیی‌و نەتەوەیی‌و ئازادیی‌و ئیرادە‌و بڕیار بێت.

 

لەئێستادا كە دەنگوباسی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم‌و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی لەیەكێك لەپارچەكانی كوردستان، بوەتە بابەتی ڕۆژ‌و قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، چەردەیەك پرسیار خۆیان دەخزێننە مێشكمان، كە تووشی نائومێدیمان دەكەن: بەرپرسانی هەرێم تاچەندە بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەن‌و ئامادەكارییان بۆ قۆناغەكانی دوای ڕیفراندۆم‌و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كردوە؟ ئایا كاربەدەستان بەجدی كار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، یاخود ئەو باس‌و خواسە تەنها موزایەدەیە‌و مەبەستیانە میلەت بەشتێكەوە سەرقاڵ بكەن، كە دزیی‌و گەندەڵیی‌و خیانەت‌و پاوانخوازیی‌و بەفیڕۆدانی سامانی گشتییان لەبیر بچێتەوە؟ ئەگەر كاربەدەستانی كورد بەڕاستی كار بۆ دروستبونی دەوڵەتی سەربەخۆ دەكەن، لەماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا، كە خاوەنی حكومەتی خۆماڵیی خۆمان بوین‌و نیمچە سەربەخۆ بووین، چ هەنگاوێكی جدی نراوە وەكو ئامادەكارییەك بۆ دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتەكە؟ سامانی زۆریان كۆكردۆتەوە بۆ ڕۆژانی تەنگانە؟ ژێرخانی ئابورییان پتەو كردوە؟ ئایا لۆبییەكی بەهێزی نیشتمانییان دروست كردوە لەدەرەوە، بۆ ڕووبەڕبوونەوەی پیلان‌و فشارەكان‌و بەدەسهێنانی پشتیوانی لەئەگەری مەترسییەكاندا؟ هێزی پێشمەرگەیان بەنیشتمانیی كردوە؟ كاریان بۆئەوە كردوە تاكی كورد پشت بەخۆی ببەستێت، یاخود كاریان بۆ تێكشكاندنی كردوە‌و كردویانە بەمشەخۆر؟ ئەمانە‌و دەیان پرسیاری تر هەن، كە نەك بێوەڵام ماونەتەوە‌و بەرپرسان ناتوانن خۆیانی لەقەرە بدەن، بەڵكو ئەگەر بەوردیی‌و بەویژدانەوە تێبفكرین، هەموومان ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەزانین، كە كاربەدەستانی ئێستای باشوری كوردستان، سەرجەمی ئەو خەبات‌و تێكۆشان‌و هەوڵانەشیان لەبار بردوە، كە پێشتر هەبون‌و وەكو خشتی بنچینەی ئەو دەوڵەت‌و ماڵە كوردییە داڕێژراون، كە بڕیارە دروست ببێت، ئەوان ئیرادەی تاكی كوردیان كوشت، دووبەرەكییان لەنێوان ناوچەكانی كوردستاندا دروست كرد، بەردەوام كاریان بۆ تۆخكردنەوەی ناوچەگەریەتی‌و دوژمنایەتی نێوان بنەماڵە‌و خێڵ‌و هۆز‌و تیرە‌و تایەفەكان كردوە، بۆ ئەوەی درزیان لەنێواندا بێت، داهات‌و سامانی گشتییان بۆ خۆیان‌و دەوروبەرەكانیان كۆكردەوە‌و لەبانكەكانی دەرەوە دانراون، ژێرخانی ئابوریی‌و نیشتمانییان پەكخستوە، كوردستانیان كردوە بەپێگەیەك بۆ تۆڕە سیخوڕییەكانی وڵاتانی دەوروبەر‌و جیهان، هەزاران تاكی كورد كراونەتە سوتماكی ململانێ‌ حزبییەكانیان، خاكی باشوریان دابەشكرد بەسەر خۆیاندا‌و تەواوی دامەزراوە نیشتمانییەكانیان بەحزبی كرد، وێڕای بوونی سەرچاوەیەكی زۆری سروشتی‌و داهاتێكی زۆر‌و بێشومار، كەچی ئەو دەوڵەتە كوردییەی كە بڕیارە لەدایك ببێت، بە ملیاران دۆلار قەرزەوە چاو بەدنیا هەڵدەهێنێت‌و میراتگرێكی خاكبەسەر دەبێت!

 

ئەم هەموو كۆسپ‌و گرفت‌و كێشانە لەباشوری كوردستاندا هەن‌و بەردەوامیش زیاد دەكەن، ئیتر چۆن دەتوانن دەوڵەت دروست بكەن، ئەی نازانن دەوڵەت پێویستی بەتۆڕێكی گەورەی دبلۆماسییە‌و دەبێت لەنزیكەی 200 دەوڵەتی جیهاندا باڵیۆزخانە‌و نوێنەرایەتیی‌و كونسوڵخانەتان هەبێت، بەتایبەت كە ژمارەیەكی زۆری كورد لەوڵاتانی دەرەوە پەنابەر‌و نیشتەجێن‌و لەداخی ئێوە سەری خۆیان هەڵگرتوە، ئەو نوێنەرایەتیانە ساڵانە پێویستیان بەسەدان ملیۆن دۆلار هەیە، ئێوە چارەكە موچەتان پێ دابین ناكرێت، چۆن دەتوانن شان بەنەبەر كارێكی ئاوا سەخت‌و دژوار، ئەگەر لەبیری ئەوەدان، كە كوڕ‌و كچ‌و كەسە نازدار‌و نزیكەكانتان لەو پۆستانەدا دابنێن، ئەوا خەرجییەكان لەسەدان ملیۆن دۆلارەوە، بەرز دەبێتەوە بۆ ملیارەكان، ئێ‌ خۆ هەرێمتان دادۆشیوە‌و هیچ شوێنی تر نییە هەتا پارەی لێ‌ هەڵبگۆزن، ئەبێ‌ ناچار لەپارە خەزنكراوەكانی خۆتان خەرج بكەن، تكایە ئەگەر لەبیری لەبرسامردنی خەڵكیشدا نین، بیر لەپارەكانی خۆتان بكەنەوە، با ئێوە لەبانكەكانی دەرەوە ڕەقەم یەك بن‌و كەسی تر نەبێت شان بدات لەشانتان، بۆ خۆتان بەدەردی خۆتانەوە دانیشن، ئێوە ناتوانن شان بدەنە بەر ئەرك‌و بەرپرسیارێتی وا گەورە‌و گران، چونكە ئیفلاس ئەكەن، سبەینێ‌ كە بووین بەدەوڵەت، ئەبێ‌ لەمەحافلی نێودەوڵەتیدا ئامادەبن، ئەی نازانن تووشی ئیحراجی دەبن، كاتێك لێتان بپرسن پەرلەمان لای ئێوە چییە، دەڵێن چی، دەرگاكەی داخراوە‌و ئێستا برادەرانی حزب لەجیاتی پەرلەمان مشوری میللەت ئەخۆن؟! ئەگەر لێیان پرسین، پۆستە باڵاكان چۆن دادەنێن، ئێوە دەڵێن چی، دەڵێن: وەڵا بەگوێرەی كوتلە‌و بنەماڵەكان دابەشیان دەكەین، یان ئەگەڕێین بزانین كێ‌ پۆستی بەرنەكەوتوە، با ئەویش دابنێین، ئاخر گوناهە‌و مەفروزە ئەویش شتێكی بەربكەوێت؟! ئەگەر وتیان سامانی وڵات چۆن دابەش دەكرێت ئاخر ئێوە دەڵێن چی؟، دەڵێن: وەڵا بۆخۆمان لوشی ئەیەین‌و میلەتیش چاوی دەربێ‌، پەرلەمانتار‌و وەزیر‌و گزیر‌و مزیر‌و مدیر، بۆخۆیان هەر لەگەشت‌و سەیران‌و ئیفادن‌و پارەكانیشیان هەر تەواو نابێت‌و زیاد دەكات، هەژار‌و نەدار‌و خەڵكی بەشمەینەتیش، با هەر زرتەی چاویان بێت‌و سكهەڵگوشن؟!

 

باشە ئێوە بۆچی دەوڵەت ڕادەگەیەنن!! ئەی نازانن كە دەوڵەتتان ڕاگەیاند‌و كورد بوە خاوەن قەوارەی سەربەخۆی خۆی، لەبەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتییە ڕەنگە دەست بداتە ڕاپەڕین‌و شۆڕش، ئاخر بەساقە، ئەو كاتە كەس بەفریاتان ناكەوێت‌و مستەر ترامپ‌و پۆتن‌و مۆتن ئەڵێن ئەوە كێشەیەكی ناوخۆییە‌و ئەو كاتە سەرتان پان دەكرێتەوە، دانیشن بەدەردی خۆتانەوە، بەس نییە ئێستا ئەگەر مەترسی لەسەر كورسیی‌و پێگەكانتان دروست ببێت، بەئارەزووی خۆتان ئەتوانن دەبابە‌و سوپای بێگانە بهێننە سەرمان‌و خۆتانی پێ بپارێزن!!

 

خۆ میللەت ئێستا برسییە‌و وەكو لەسەرەوەش باسمان كرد، بەخوا ئەگەر ببین بەخاوەنی دەوڵەتیش گومانی تێدا نییە برسیتر ئەبێت (ئەوە ئەگەر نەمرێت لەبرسا)، خۆ جەنابیشتان هەر دەوڵەمەند دەبن‌و خەمتان نییە، نەوت‌و مەوتتان پیرۆز بێت، ئیتر بۆچی خۆتان تووشی سەرئێشە دەكەن‌و چارەنووسی ئێمەش دەدەنە دەست قەدەرێك، كە بێجگە لەتاریكی، هیچی تری لێ‌ بەدی ناكەین.

 

Salih.rahman@yahoo.com