پەرلەمان بە ئاسانی کارا دەکرێتەوە؟

30-07-2017 06:55

 

لە ئێستادا سیناریۆ و یاریەکی وورد و پیلان بۆ دارێژراو دەبینرێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەوەی یەکێتی رایگەیاند دەبێت لە ماوەی ١٠ رۆژدا پارلەمان کارابکرێتەوەو لە کۆبونەوەی لیژنەی ریفراندۆمیشدا دەڵێن دەبێت لەماوەی دوو ھەفتەدا پارلەمان کارا بکرێتەوە، ئەم دوو تیڕوانینەی یەکێتی و لیژنەی ریفراندۆمەکە کە پارتی زاڵە بەسەریدا ھەمان تەوقیتە، واتا سەرچاوەی ھەنگاوەەکە لەیەک شوێنەوەیە، لە ئێستاشدا پارتی لە ھەوڵی جدیدایە بۆ ئەوەی سەردانی گۆڕان بکات و گۆڕانیش بخاتە زەلکاوی ریفراندۆمەکەی خۆیەوە، بەڵام سیناریۆو یاریەکان بەم شێوەیەیە :


یەکەم/ پارتی ماندوو بووە لە ھەڵوێستەکانی یەکێتی بەوەی یەکێتی ھەر رۆژەی قسەو لێدوان و ھەڵوێستێکی ھەیەو دەیگۆڕێت، بۆیە دەیەوێت ئیتر مامەڵە لەگەل گۆڕان بکات و گۆرانیش بێنێتە ناو یاریەکەوە تا یەکێتی بە ئاسانی مل بدات بۆ بریارەکانی پارتی.

 

دووەم/ پارتی دەیەوێت ھەرچیەکی کردووە گۆڕان بێنێتە ناو لیژنەی ریفراندۆمەوە و بەشداری پێبکات لەو پرۆسەیەدا چونکە لەئەگەری ئەنجامنەدانی ریفراندۆم تەنھا خۆی تاوانبار نەبێت و ھەموو لایەنەکان لە شکستەکەیدا بەشدار بن، بەو پێیەی دەنگی نەخێر و نارەزایی دژ بە پرۆسەکەی بارزانی لە زیادبوندایە لە ناوخۆو لە دەرەوەش.

 

سێیەم/ ئەگەر گۆڕان بەشداری نەکات و بەو گەرمو گوڕی و پەلەپەلەی ئەوان دەیانەوێت نەیەتە پێش، ئەوا ھیچ بیانویەک بۆ یەکێتی نامێنێت، رەنگە پارتی لەگەل بەشێک لە یەکێتی و یەکگرتوو و پێکھاتەکان پەرلەمان کارا بکاتەوە.

 

چوارەم/ پارتی دەیەوێت گۆڕان لە کۆمەڵ دابڕێت و بەتەواوی کۆمەڵ دووربخاتەوە لە پرۆسەی سیاسی و بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، جێگر دەدرێتەوە یەکێتی و سکرتێر بۆ پارتی دەبێت و کۆمەڵ لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دوور دەخرێتەوە، بەمەش پارتی سەرکەوتوو دەبێت لەو ھاوپەیمانێتیە بێ رێکەوتن و نوسراوەی نێوان گۆڕان و کۆمەڵ، کە رەنگە گۆڕان لەو پرسەدا کۆمەڵ جێنەھێڵێت بیەوێت سەرۆکایەتی پەرلەمان بەم پێکھاتەیەی ئێستاوە بێت.

 

پێنجەم/ پێناچێت گۆڕان بە ئاسانی بکەوێتە ژێر بڕیارە عاتیفەو نامەو سەردان و بروسکەکانی پارتی و بارزانیەوەو ھەروا بە ئاسانی رازی بێت، بگەڕێتەوە حکومەت و پەرلەمان، بچێتە ناو پرۆسەی ریفراندۆمێکەوە کە بارزانی لە پێناو مانەوەی خۆیو بە بەری خۆی دایدووریوە.

 

شەشەم/ کاراکردنەوەی پەرلەمان بە بێ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم، ھیچ مانیەکی نابێت، بەوەی گۆڕان پەرلەمان و وەزیرەکانی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم دانا، ئێستا دۆخەکە وەک خۆی بێت چی لە پرسەکە دەگۆڕێت بۆیە رەنگە ئەو پرسەش بۆخۆی زنجیرەیەک کۆبوونەوەو گفتوگۆ بەدوای خۆیدا بھێنێت.

 

حەوتەم/ چاوەڕوان دەکرێت پارتی چەند سیناریۆیەکی دانابێت بۆ پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم لەگەڵ گۆڕان، ئەوانیش رەنگە پارتی داوا بکات پرسی سەرۆکایەتی پەرلەمان و مەسعود بارزانی تا ھەڵبژاردنی داھاتوو وەک خۆی بمێنێتەوە، یاخود سیناریۆیەکی دیکە ئەوە بێت کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ بڕیارەکانی پێویستی بە سەرۆکایەتی ھەرێم نەبێت و ھەر سەرۆکی پەرلەمان واژووی بکات، بارزانی لە شوێنەکەی خۆی بمێنێتەوە تا ھەڵبژاردنی داھاتوو.

 

ھەشتەم/ رەنگە پارتی لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆمدا بە ھەموو مەرجێکی گۆڕان رازی بێت و مل بدات، بەتایبەت کە پەکخستنی پەرلەمان و ناکۆکی ناوخۆیی رەخنەی گەورەی بەردەم پرۆسەکەی بارزانیە، بەڵام گۆڕانیش لە پێناو لە دەست نەدانی شەقامەکەی بە ئاسانی بە سیناریۆکانی پارتی رازی نەبێت، بەوەی ئەگەر گۆڕان بە بریارەکانی پارتی رازی بێت، ئەوا پارتی سەرکەوتوو دەبێت لەوەدا کە کێشەو ناکۆکیەکان لەگەڵ گۆڕان شەخسی بوونەو خەتاکە نەوشیروان مستەفا بووە، بۆیە رەنگە گۆڕان لەم پرسەدا سڵ بکاتەوە.

 

نۆیەم/ پارتی دەیەوێت سود لە گۆڕانکاریەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێت، کە ئێستا خانەی راپەراندن درووست بووەو رێکخەری نوێ ھەڵبژێردراوەو پێیان وایە مامەڵەکردن لەگەل ئەم ستاف و رێکخەرە نوێەدا ئاسانترە وەک لە رابردوو، ھەروەک چۆن لەکاتی ھەڵبژاردنی محەمەد فەرەج بە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ھەڵبژێردرا، پارتی بە پروسکەو سەردان و دواتریش بە سەردانی بارزانی ھەوڵی جدییاندا کە یەکگرتوو راکێشن بەلای ھەڵوێستەکانی خۆیاندا و تیایدا سەرکەوتوو بون، لە ئێستاشدا دەیانەوێت ھەمان سیناریۆ بکەن و بە بروسکەو سەردان و کۆبوونەوەی گۆڕان بەلای خۆیاندا رابکێشن، بەڵام ئەستەمە لەگەڵ گۆڕاندا سەرکەوتوو بن، بەوەی ھەموو سەرکردەکانی گۆڕان و رێکخەر و خانەی راپەڕاندنیش سوربوونی خۆیان لەسەر رێبازی نەوشیروان مستەفا دوباتکردۆتەوە، کە ملنەدانە بۆ ھیچ ھێزو نەچوونە ژێر باری ھیچ فشارێکەوە لەگەڵ جەماوەرە توڕەکەی گۆڕان لە بارزانی و ھەڵوێستەکانی.

 

دەیەم/ لەگەڵ ئەوەی بارزانی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەشڵێت پارلەمان لە پێناو ریفراندۆم کارادەکەنەوە، ئەمە لە لایەک گۆڕان دوور دەخاتەوە لەرازی بوون بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و لەلایەکیش یەکێتی راڕا کردووە، بەوەی لەلایەک دەیەوێت شەریکە بەشی بڕیار و ھەڵوێستەکانی پارتی بێت و لەلایەکیش قورسە لە بڕیاری ئێران دەربچێت کە بە روونی پێی راگەیاندووە لەگەل ریفراندۆمدا نین و بە ھەموو ھەوڵێک دژایەتیشی دەکەن، ئایا یەکێتی کە تەواوی سنورەکەی بە ئێرانەوەیە ئەتوانێ لە بڕیاری ئێران دەربچێت.