ڕیفراندۆم لە دەستێكی بچووكدا

19-08-2017 05:04

 

كۆمیتەی ڕیفراندۆم كارەكتەری وای تێدایە، دەڵێی بۆ ئەوە دانراوە خەڵك هەر لە داخی ئەوان بە نەخێر دەنگ بدات. من لەو خاڵە لاوەكییەوە دەستپێدەكەم، بەڵام مەبەستێكی دیكەم هەیە كە بە خاڵێكی بنچینەیی دەزانم لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سیاسی لە كوردستانداو پێوەستی دەكەمەوە بە بڕیاری ڕیفراندۆمەوە.

 

ئەوە ڕوونە بەهۆی ناكۆكییە حزبییەكانەوە هەموو لایەنەكان ئامادە نەبوون بەشداری لەو كۆمیتەو لیژنەكانیدا بكەن، بەڵام لەناو ئەوانەش بەشدارن، حزب هەیە لە هەرە كارەكتەرە ناشیرینەكانی ناردووە، ئەوە بەڕاستی جێگەی هەڵوەستە لەسەر كردنەو گومان‌و پرسیار دروست دەكا.

 

ڕیفراندۆم پرسێكی تەواو نیشتمانییە، بەڵام لەلایەن بڕیاردەرانییەوە ئەوەندە بچووك‌و بەرتەسك كراوەتەوە كە جگە لە نوێنەرانی كارەكتەرانی حزب، نوێنەرانی هیچ دامەزراوەیەكی مەدەنی یان ئەكادیمی یان هەر ناوەند و دامەزراوەیەكی دیكەی لەخۆنەگرتووە. ئەوە یەكێك لە ڕەخنە هەرە جدییەكانە كە دەشێت لە میكانیزم‌و ڕێوشوێنەكانی پێوەست بەو پڕۆسەیە بگیرێت.

 

نەبوونی نوێنەرانی دەرەوەی حزب لە كۆمیتەی باڵا و لیژنە لاوەكییەكاندا، گوزارشت لە عەقڵیەتی حزبە سیاسییەكانی كوردستان‌و بەگشتی دەسەڵاتی سیاسی دەكات لە حیساب نەكردن بۆ دەرەوەی خۆیان، ئەوان پێیانوایە دروستكردنی بڕیار بە تەنیا بۆ گرووپێكی بچووكی خەڵك سنوردار و پاوان كراوە كە لە بازنەی حزبدا كاردەكەن، لەبەرئەوە دەرفەتی بەشداریكردنی ئەوانی تر نادەن، سەرەڕای ئەوەی ئەگەر ئەوەبكەن، دەتوانن متمانەو پاڵپشتی زیاتر دروست بكەن.

 

ئەو پەراوێزخستنەی ئەوانی دیكە، چەند هۆكارێكی لە پشتەوەیە، زاڵترین هۆكار ئەوەیە كە گرووپی باڵادەستی ناو حزبە سیاسییەكان بەشێوەیەك كار دەكەن كە هەموو كەسانێكی چالاك و كارا ناچاربن خۆیان لە بۆتەی حزبدا بتوێننەوە، چونكە لە دەرەوەی حزب، هیچ دەرفەتێكی ئاسایی بۆ بەشداریكردن لە دروستكردنی بڕیاردا نییە.

 

حزبی سیاسی لە كوردستاندا، بەتەواوەتی عەقڵیەتێكی شمولی هەیە، لە دەرەوەی خۆی نەكەس دەخوێنێتەوە، نە دان بەبوونی هیچ كەس‌و دامەزراوەیەكی دیكەدا دەنێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەش دەكات هەموو كەس‌و دامەزراوەكان نەك هەر پشتیوانی لە بڕیارەكانی بكەن، بەڵكو خاوەندارێتییەكی تەواویشی لێ بكەن!

 

ئەو پشتیوانی‌و خاوەندارێتییە لە سەر بنەمایەكی وەهمی‌و ساختە دروست نابێت، تاكە ڕێگەی چارەسەری بەشداریی ئەوانی دیكەیە، بە پێچەوانەوە كارەكتەرانی ناوەندەكانی دیكە دژیشی دەوەستنەوە، چونكە دامەزراوە سیاسییەكان بە تەنیا ناتوانن وەڵامی هەموو داخوازی‌و نیگەرانییەكانی خەڵك بدەنەوە.

 

كەواتە نەك بەشداری هەموو هێزە سیاسییەكان پڕۆسەكە سەركەوتووتر دەكا، بەڵكو تەواوی هێزە سیاسییەكانیش ناتوانن بەبێ بەشداری ناوەندو دامەزراوەكانی تر وەك ڕێكخراوە مەدەنییەكان‌و ناوەندە ئەكادیمییەكان، بڕیارێكی دروست بدەن كە لە پانتاییەكی بەرفرەواندا خاوەندارێتی‌و پاڵپشتی بكرێت.

 

دەسەڵاتی سیاسی كوردستان زۆر باش لەو ڕاستییە ئاگەدارە كە بەشداری ئەوانی دیكە كە بەگشتی كۆمەڵگەی مەدەنی پێكدێنن لە دروستكردنی بڕیاردا، پاڵپشتییەكی بەهێز دەبێت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە، بەڵام هێشتا نایەوێت شەرعیەت بە بەشداری هیچ ناوەندێكی تر جگە لە خۆی بدات، لەبەرئەوە هەڵدەستێت بە كۆكردنەوەی كارەكتەرو ناوەندو دامەزراوەی ساختە بەناوی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە، ئەوان بانگهێشت دەكرێن، بۆ نانخواردن‌و وێنەگرتن، دروستكردنی هەواڵێكی ساختەی میدیایی كە دووپات لە بەشداری ئەو ناوەندانەی كۆمەڵگەی مەدەنی لە دروستكردنی بڕیاردا دەكاتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بەشداربووەكان بەشێكی ڕاستەقینە نین لە نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ناتوانن هیچ كاریگەرییەك دروستبكەن.

 

هێنانە پێشەوەی ئەو كەس‌و ڕێكخراوە ساختەو ناوەندە درۆینانە، بە ئامانجی فریودانی ڕای گشتییە، لەهەمانكاتدا ئامانجێكی دیكەی شاراوەتری لە پشتەوەیە كە پێوەستە بەو عەقڵیەتە شمولی‌و خۆسەپێنییەی حزبی سیاسی لە كوردستاندا، كە ڕێگری دەكات لە هاتنەپێشەوەی خەڵك بەگشتی‌و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی بڕیارسازیدا، لەكاتێكدا هەر بەشداریكردنێكی ناوەندەكانی تر لە ئاست كۆمەڵگەی مەدەنیدا، واتە شەرعیەتدان بە بوونی كارای ئەوان، شەرعیەتدان بەوەی ئەوانیش نوێنەرایەتی پانتاییەكی بەرفرەوان لە كۆمەڵگەدا دەكەن، ئەوەش واتە دروستكردنی هاوبەش لە بڕیارداندا، لەكاتێكدا ئەوان دەیانەوێ وەك خودا تاك‌و تەنیا بن!