‎بەڵێ بۆ دەوڵەتی كوردستان، نەخێر بۆ موزایەدەی سیاسی

20-08-2017 08:02

 

‎دەوڵەتی كوردستان تەنها بە پڕوپاگەندەی سیاسی‌و بانگەشەی ڕیفراندۆم دروست ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە ئامادەسازی‌و كرداری پراكتیكی‌و بونیادنان هەیە.

دەوڵەتی كوردستان لەسەر چەند بنەماو پایەیەك دروست ئەبێت، كە ڕەحمەتی نەوشیروان مستەفا لە چەند بۆنە و جێگایەكی جیاوازدا بناغەی بۆ داڕشتوە، ئەوانیش بریتین لە:

سیستمێكی حكومڕانی دیموكراسی، كەخۆی ئەبینێتەوە لەبوونی پەرلەمانێكی چالاك و بەدەسەڵات كە نوێنەرایەتی هەموو چین ‌و توێژەكان بكات و چاودێر بێت بەسەر حكومەتەوە.

- ژێرخانێكی ئابوری بەهێز كە لایەنی كەم بتوانێت پێداویستی ناوخۆ دابین بكات لەكاتی داخستنی سنورەكان.

- گەڕانەوەی ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

- هێزی چەكدار و ئاسایشی نیشتیمانی پڕ چەك كە بتوانێت پارێزگاری لە سنورەكانمان بكات و ئاسایشی ناو خۆمان بپارێزێت.

- پەیوەندی باش لەگەڵ كوردانی پارچەكانی تری كوردستان و وڵاتانی دراوسێ.

- دابینكردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەنێوان ئاین و نەتەوە و چین و توێژو ناوچە جیاوازەكاندا.

- سەروەری یاسا و بونی دادگای نیشتیمانی.

- دامەزراوەی نیشتیمانی بەهێز كە ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیانمان بكات و لە هەمو بارودۆخێكدا بتوانێت ئیشەكانیان بۆ ڕاپەڕێنێت.

 

‎ لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان هیچ یەكێك لەم بنەمایانەی تێدا نەچەسپیوە، بگرە بە پێچەوانەوە ئێمە دو هێزی پێشمەرگە و دو هێزی ئاسایشمان، و پەرلەمانێكی پەكخراومان هەیە، ئابورییەكی لاواز و داڕوخاومان هەیە، موچەخۆران چارەكی موچەكانیان وەرئەگرن كە بەشی پێداویستییە بنەڕەتیەكانیان ناكات و خەڵك پارەی نان و ئاوی نییە و گەنجانمان بێكارن و هیچ جۆرە ژێرخانێك نییە و تەنانەت ئاو و كارەبامان نییە، وڵاتەكەمان ملیاران دۆلار قەرزدارە و پەیوەندی هەرێم لەگەڵ هەمو كوردەكانی پارچەكانیتر و دەوڵەتانی دراوسێ خراپە، بۆیە سەد ریفراندۆمیش بكەیت دەوڵەتێكی سەركەوتوت بۆ دروست ناكرێت.

 

لێرەدا بەگرنگی دەزانم كە بڵێم ڕیفراندۆم لەم كاتەدا بەشتێكی پێویستی نازانم، چونكە ئەزانم من و هەموو كوردێك لە هەر شوێنێك بێت لەگەڵ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستاندایە و، ئەشزانم دەرئەنجامی ڕیفراندۆم بە بەڵێ یان نەخێر بێت نە دەوڵەتمان بۆ دروست ئەكرێت نە دروستی ئەكەن ، لای من ئەمە تەنها پڕوپاگەندەی حیزبی و شەخسی و موزایەدەی سیاسی و قسەی بریقەدارە.

 

دروستكردنی دەوڵەت بەتەنها موڵكی هیچ كەس و لایەنێك نییە، بەڵكو موڵكی هەمو حیزب و هێز و تاكێكی كوردستانیە. بە درێژایی نۆ ساڵی ڕابردو بزوتنەوەی گۆڕان تێكۆشاوە بۆ بنیادنانی دەوڵەتێكی دیموكراسی مۆدێرن، خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفا كە ڕابەری نیو سەدە خەباتی گەلی كوردستانە لەوتاری نەورۆزی ساڵی 2012دا‎ فەرموی: "باڵاترین ئامانجی نەتەوەیی بزوتنەوەی گۆڕان سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە، ئەو ئامانجەی چەندین نەوە لەپێناویدا شۆڕشیان كردوە، دەیان هەزار هاوڵاتی لەپێناویدا گیانیان بەخشیوە".

 

‎بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام جەختی لەوەكردۆتەوە كە ئەگەر بەڕاستی دەوڵەتتان ئەوێ، فەرمو با دامەزراوەكان و پەرلەمان بەهێز بكەین‌و قانونی سەرۆكایەتی هەرێم چاك بكەین، داد و یاسا سەروەر بكەین، ژێرخانێكی ئابوری بەهێز و باش دروست بكەین و بارو گوزەرانی خەڵك چاك بكەین، كەرتی پەروەردەو خوێندن بە باشترین شێوە پێشبخەین، بەرنامەیەكی باش بۆ بوژاندنەوە كشتوكاڵ دابنێین بۆ ئەوەی بتوانین پشت بەخۆمان ببەستین و ئاسایشی خۆراك دابین بكەین، كارەبا و خزمەتگوزاریەكانی وڵاتەكەمان چاك بكەین، هێزی چەكدار و ئاسایشمان یەك بخەین و بیكەین بە هێزێكی نیشتیمانی، گەندەڵی بنبڕبكەین، پەیوەندی خۆمان لەگەڵ كوردەكانی پارچەكانی تر و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چاك بكەین.

 

هەر كات كە بەوشێوەیەی سەرەوە خۆمان ئامادەكرد ئەتوانین بە بێ پرس و ترس دەوڵەتی كوردستان لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبون ڕابگەیەنین.

 

‎كە پێگەی خۆمان و ناو ماڵی خۆمان بەهێزكرد ئەو كات هەر هێز و لایەنێكیش ڕوبەڕومان بێتەوە ئەتوانین بەرگری بكەین و سەركەوتوش ئەبین، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستامان بێجگە لەوەی كە ئەبێتە پڕۆسەیەكی شكستخواردو، ئەبێتە مەترسی بۆ ئەزمون و تێكۆشانی ڕابردو كە سەدان هەزار گەنجی وڵاتەكەمان لە پێناویدا شەهیدبون.

 

لەبەرئەوە لەكۆتایدا ئەڵیم بەڵێ بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان لەسەر بنەمای دیموكراسی پەرلەمانیی، ژیانی دامەزراوەیی و یاساسەروەری و مافی هاوڵاتیبون، نەخێر بۆ موزایەدەی سیاسی و بەردەوامبون و درێژەدان بە شكستی سیاسی و ئیداری و ئابوری .