دوژمنانی ڕاستەقینەی سەربەخۆیی

27-08-2017 09:41

 

یەكێك لە بەربەستە سەرەكییەكانی بەردەم سەربەخۆیی و جیابوونەوەی كوردستان و دەربازبوونی لە پاشكۆیەتی ئابووری و سیاسی عێراق، ئەو گرووپە بازرگانە سیاسییەن كە بەسەر حكوومەت و دامەزراوەكانی دیكەی دەسەڵات و حزبە سیاسییەكاندا دابەش بوون.

 

ئەو گرووپە بازرگانە سیاسییە، پاش شكست هێنانیان بە ئابووری كوردستان، بەتەواوەتی بەرژەوەندییان لەوەدایە كوردستان تا مودەتێكی زۆر دوورتر لە پاشكۆیەتی ئابووری و سیاسی عێراق دەربازی نەبێت، پرۆژە سەرمایەگوزارییەكانیان بەتەواوەتی بە عێراقەوە بەستراوە، ئەوە وا دەكات بە ئاشكرا و بە نهێنی دژی پرۆسەی ریفراندۆم-یش بوەستنەوە، نەوەك زیانێكی كاتی بەر پرۆژەكانیان بكەوێت!

 

لەناو ئەو بازرگانە سیاسییانەدا كەسی وا هەیە لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتی سیاسییدا دانیشتووە و بەشێكی سەرەكی لە بڕیاری ریفراندۆم پێك دێنێت، بەڵام بە خواستی خۆی نییە و بە ناچاری تێوەگلێنراوە، یان لە پێناو سەودایەكی گەرمتر و گەورەتری ئابووری چووەتە ناوییەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی كوردستان نایەتەوە، بەدڵنیاییەوە لەژێرەوە بنكۆڵی هەر بڕیار و هەنگاوێكی راستەقینە بەرەو سەربەخۆیی كوردستان دەكات.

 

ئەوان لەكاتێكدا لە گوتارەكانیاندا بانگەشەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەن، هەر بە ئاشكراش خەریكی بازرگانی و رێككەوتن و گرێبەستنی ئابووری و سیاسیین لەگەڵ عێراق.

 

ئەوان لەكاتێكدا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە هەرچەند عێراق بەهێزتر بێت، ئەوەندە زیاتر دەرفەتی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی باشووری كوردستان لە كورتی دەدات، بەڵام لەهەمان كاتدا بەخۆیان و كۆمپانیاكانیانەوە، چوونەتە خزمەتی بنیاتنانەوەی مووسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار و دروستكردنەوەی عێراقێكی نوێتر!

 

زۆرێك لەو كۆمپانیایانەی لە بنیاتنانەوەی عێراقی وێراندا بەشدارن، خاوەندارێتییان بۆ ئەو بازرگانە سیاسییانە دەگەڕێتەوە كە بەشێكی سەرەكی لە بڕیاری ریفراندۆم پێك دێنن.

 

ئەو بەشدارییەی ئەوان لە بنیاتنانەوەی پارێزگا وێرانەكانی عێراق، لەكاتێكدایە كە كۆمپانیاكانی بیانی بەهۆی نەبوونی بانك و مەترسی ئەمنییەوە، تا ئێستەش ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە پرۆژەی وەبەرهێنان لە مووسڵ و سەلاحەدین و ناوچەكانی تر ئەنجام بدەن، بەڵام كۆمپانیا زەبەلاحەكانی كوردستان كە روون و ئاشكرایە خاوەندارێتییان بۆ كام كارەكتەری سیاسی دەگەڕێتەوە، گرێبەست لەسەر گرێبەست بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراقی عەزیم ئیمزا دەكەن.

 

هەموو ئەو پرۆسە بازرگانییە سیاسییەی لە نێوان كوردستان و عێراق دەگوزەرێ، بۆ هەموو لایەك روون و ئاشكرایە، بەڵام دەمەوێت تەنیا هەڵوەستە لەسەر خاڵێكی بچووك بكەم لەكۆی هەموو رێككەوتن و گرێبەستەكاندا.

 

ساڵی 1992-1993 پاش پێكهێنانی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم، كارەبای كوردستان یەكەم سێكتەر بوو كە لە مەنزومەی كارەبای عێراق جیا كرایەوە، بە مانایەكی تر كارەبای كوردستان لە پاشكۆیەتی كارەبای عێراق دەرباز كرا، بەڵام ئێستە لەسەروەختی ریفراندۆم و هەوڵەكان بۆ سەربەخۆیی، لە پێناو بەرژەوەندی گرووپێكی بچووك لە بازرگانانی سیاسی، تەنانەت كارەبای كوردستانیش جارێكی تر بە مەنزومەی كارەبای عێراقەوە گرێ دەدرێت.

 

ئەوە روونە، گرێدان و بەیەكەوە بەستنی هێڵەكانی كارەبا زۆرجار لە نێوان دوو وڵاتدا روودەدات، بەڵام هەردوو وڵات توانای بەخشین و وەرگرتنیان هەیە، كاتێك وڵاتی یەكەم بڕی بەرهەمهێنانی كارەبای كەم دەبێتەوە، لە رێگەی وڵاتی دووەمەوە، قەرەبوو دەكرێتەوە، كاتێكیش وڵاتی دووەم بڕی بەرهەمی كەم دەبێت، لە رێگەی وڵاتی یەكەم بۆشاییەكە پڕ دەكاتەوە. كەواتە لەو پرۆسەیەدا بەخشین و وەرگرتن هەیە و هەردوو وڵات قازانجی لێ دەكەن، بەڵام لە بەیەكەوە گرێدانی كارەبای كوردستان بە عێراق، تەنیا بەخشین هەیە و وەرگرتنەوە نییە، ئێمە تەنیا كارەبا به عێراق دەدەین و لە عێراقەوە هیچ بڕە كارەبایەكمان بۆ ناگەڕێتەوە.

 

تێبینی بكەن، ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانە كە لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان سەرمایەكی گەورەیان پێكەوە ناوە و لەلایەن كارەكتەرانی باڵادەستی سیاسیشەوە خاوەندارێتی دەكرێن، هیچ كامێكیان نایەتە ناو پرۆسەی ریفراندۆمەوە، هۆكارەكە ئەوەیە، نایانەوێ بەرژەوەندییەكانیان لە عێراق لەدەست بدەن، چونكە دڵنیان ئەگەر هەنگاوێكی كردەنی به ئاراستەی جیابوونەوە لە عێراق بنرێت و ئەوان پاڵپشتی بكەن، لەلایەن بەغداوە دەخرێنە لیستی رەشەوە و رەنگە چیتر دەرفەتی كاركردنیان لە بازاڕی عێراقدا پێ نەدرێتەوە.

 

بەكورتی ئەو گرووپە بازرگانە سیاسییە، هۆكارێكی سەرەكی بوون لەوەی لە پاش 2003ەوە هەرێمی كوردستان نەتوانێت خۆی لە پاشكۆیەتی ئابووری عێراق دەرباز بكات، بەهۆی پاشكۆیەتی ئابووریشەوە، لەرووی سیاسییەوە وەك پاشكۆی بەغدا مایەوە.

 

من كە هیچ باوەڕێكم بە مانەوە لەپاڵ عێراق نییە، بەوپەڕی راشكاوییەوە دووپات لەوە دەكەمەوە، ئەو گرووپە سیاسییە بازرگانە جڵەو نەكرێن، ئەگەر ریفراندۆمیش بكرێت و زۆرینەی دەنگەكان بەڵێ بن، بە رێگەی جیاجیا ئاستەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دروست دەكەن، دڵنیاشم بەهۆی سەرمایە زەبەلاحەكەیانەوە دەتوانن سەتان سیناریۆ لە بواری جیاجیادا بخولقێنن كە ئەنجامی كۆتایی هەموو سیناریۆیەكان هێشتنەوەی كوردستانە لە زەلكاوی عێراقدا.

 

بەڵێ ئەوان لە زەلكاوی عێراقدا، دەتوانن سەرمایەی گەورەتر بەیەكەوە بنێنن، بازاڕی رەشتر دروست بكەن. پارەی زیاتر كۆبكەنەوە، پرۆژەی زیاتریان دەست بكەوێت. ئەوانە ماری سڕ بوون لە باوەشی گەرمی سەربەخۆییدا، یەكەم جوڵە، بە سەربەخۆییەوە دەدەن.

 

كەواتە بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی كوردستان و دەربازبوون لە زەلكاوی عێراق هەیە، دەبێت وەك ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانی، رووبەڕووی ئەو گرووپە لە بازرگانانی سیاسی ببنەوە.