داكۆكی ناواقعی گۆڕانخوازان، سەرەتای بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕانە

30-08-2017 03:57

 

پاش بڵاوبونەوەی هەواڵی گوێزانەوەی موڵكەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەسەر ناوی كاك نەوشیروان بون بۆ سەر واریسەكانی كە كوڕەكانێتی (لەبەر ئەوەی كە كجەكەی تەنازولی لە بەشی خۆی كردوە)، هەڵمەتێكی داكۆكیكردنی ناواقعی لە لایەن بەشێكی زۆر لە گۆڕان خوازانەوە دەستی پێكردوە كە زۆر جار ناوەڕۆكی داكۆكیكردنەكانیان بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن دژایەتیكردنی ئەو بنەمای عەدالەت و دیموكراسیانەیە كە بزوتنەوەكە ساڵانێكە بەڕوی گەندەڵیدا بەرزیكردۆتەوەو هۆكاری كۆبونەوەی زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بوە لە دەوری.

 

لەبەر مەترسیەكانی ئەو بابەتە لەسەر ڕەوتی دیموكراسی بەگشتی و ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی گۆڕانخواز بەتایبەتی، بە گرنگم زانی چەند تێبینیەكی یاسایی بخەمە ڕوو:

 

سەرەتا دەبێت خاڵێكی جەوهەری لەلایەن ڕێكخەرو خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ڕونبكرێتەوە كە ئایا ئەو موڵكانە موڵكی شەخسی كاك نەوشیروان بون یان نا.

 

بە یەكلایكردنەوەی ئەو خاڵە ،لەبەردەم دو بارودۆخی یاسایی جیاوازدا دەبین:

 

یەكەم/ ئەگەر ئەو موڵكانە بە پێی یاسا و ڕێككەوتنی بەرپرسانی گۆڕان موڵكی شەخسی كاك نەوشیروان بون، ئەوا ئەو وەك كەسی سروشتی مامەڵەی لەگەڵ كراوە و پێدانی ئەو موڵكانە(ئەگەرچی لە بنچینەدا موڵكی گشتین) بون بە موڵكی تایبەتی نەوشیروان مستەفا و وەك هەر موڵكداریەتیەكی تر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و لەدوای نەمانی خۆی دەگوازرێتەوە بۆ وەرەسەكەی، ئەوكات مامەڵەكردن بە موڵكەكانەوە ئەوەستێتە سەر بڕیاری وەرەسە.

 

لە ڕوی یاساییەوە ئەم حاڵەتە حاڵەتێكی تەواو یاسایی و بێ كێشە و گەندەڵیە، بەڵام بەدەر نیە لە خاڵی سلبی كە كاریگەری نەرێنی گەورە جێدەهێڵێت لەوانە:

 

١- ئەم موڵكانە سەرجەمیان بینا و ماڵی گشتین و ناكرێت شەرعیەت بە تاپۆكردنیان بدرێت لەسەر كەسێك جا ئەو كەسە هەر ناو و ناونیشانێكی هەبێت، كاتێك تاپۆكردنی سەدان دۆنم زەوی لەسەر بارزانی و تالەبانی و دەوروبەریان گەندەڵی بێت و هۆكارێك بێت بۆ دژایەتیكردنیان، هەمان تاپۆ و هەمان رەفتاری یاسایی بۆ كاك نەوشیروان بابەتەكە پێچەوانە ناكاتەوە.

 

٢- لە ڕوی یاساییەوە وەرەسەی كاك نەوشیروان دەبنە خاوەنی ئەو موڵكانە ،مافی هەمو جۆرە تەسەروفێكیان دەبێت لەسەری، هەر لە كڕین و فرۆشتنەوە تا بەكرێدان و ڕەهنكردنی،كە ئەمە بۆ بزوتنەوەیەك كە هێزی ماڵیی و ئیعلامی خۆی لەسەر ئەو موڵكانە داڕشتبێت ناگونجێت، خۆ ئەگەر وەك كوڕەكانی كاك نەوشیروانیش ڕونكردنەوەیان داوە، ئەو موڵكانە وەك جاران دەخەنە خزمەتی بزوتنەوەكە. ئەوا لە ڕوی یاساییەوە ئەو قسەیە هیچ بەهایەك و ئاسەوارێكی یاسایی لەسەر دروست نابێت و لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە پیاوەتی ئەو كوڕانە بەسەر گۆڕانەوە كە لە دور مەودادا كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر جڵەوگرتنی بزوتنەوەكە لەلایەن ئەو كوڕانەوە.

 

دووەم/ ئەگەر وابو كە ئەو موڵكانە موڵكی بزوتنەوەكەن و بە نەزانینێكی یاسایی یان نیەت پاكی یان هەلومەرجی ئەوكاتەی تاپۆكردنەكە یا هەر هۆكارێكی تر، بە ناوی كاك نەوشیروانەوە كراوە ئەوا دەبێت سەرجەمی موڵكەكان بخرێتەوە سەر بزوتنەوەی گۆڕان وەك كەسێتی مەعنەوی كە لەیاسادا بونی هەیە و بریتیە لە هەمو ئەو دەستە و دامەزراوە و كۆمەڵانەی كە یاسادانەر دانی پیاداناوە ومافی داوەتێ كە هەمو هەڵسوكەوتێكی یاسایی بكات لە مامەڵەكاندا و ماف و ئەركی هەیە وەك كەسی سروشتی، واتە پارت و ڕێكخراو و كۆمەڵەكان دەتوانن خاوەنی ئەو موڵكانە بن كە هەیانە ولە ڕێی نوێنەری یاساییەوە بە كارەكانیان هەڵدەستن.

 

كە لە جێبەجێكردنی ئەم خاڵەدا چەند لێكەوتەیەكی ئیجابی دەبێت لەوانە:

 

١- بۆ هەتایە ترسی بە بنەماڵەیی گۆڕان نامێنێت كە بە بەهێزبونی پێگەی دارایی كوڕەكانی كاك نەوشیروان و خاوەندارێتیان بۆ هەمو دامەزراوە هەستیارەكانی گۆڕان و پشتیوانی و خۆزگەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و پیاهەڵدانی بەشێك لە هەڵسوڕاو و بەرپرسانی گۆڕان ئەگەرێكی كراوەیە.

 

٢- دڵنەوایی و ئومێدێكی گەورە دەبێت بۆ دەنگدەری گۆڕان و تەنانەت دەنگدەری پارتەكانی تریش كە هیوایان بە پارتەكانی خۆیان نەماوە بۆ چاكسازی.

 

٣- كوڕەكانی كاك نەوشیروان بەدور دەبن لە بەلاڕێبردنیان، چونكە پشتیوانیكردنیان لە هەنگاوی هەڵە گەورەترین هەنگاوە بۆ بەلاڕێبردنیان و دروستكردنی هەمان گیان و نەفەسی كوڕانی بارزانی و تاڵەبانی تیایاندا.

 

لە كۆتایدا گرنگە هەمومان لەسەر پرەنسیپێك هاودەنگ بین، تاپۆكردنی موڵك گشتی لەسەر هیچ كەسێتیەكی سروشتی یان مەعنەوی ئەگەر بە یاساش بێت لە خانەی گەندەڵی دەریناهێنێت و دەبێت ئەوەمان باش لە بەرچاو بێت كە لە هەرێمی كوردستاندا هەمو گەندەڵیەكان بە یاسا ڕێكخراون، بیرە نەوتەكان بەیاسا كراون بە موڵكی كۆمپانیای حیزبەكان، دەزگا هەواڵگریەكانی یەكێتی و پارتی بە یاسا خراونەتە سەر بودجەی گشتی، كادیرەكانی حزب بە یاسا كراون بە خانەنشینی سەربازی، بودجەی ئەم هەرێمە بە یاسا لە نێوان یەكێتی و پارتی دابەشكراوە.

 

بەڵام هیچ كاتێك ئەو یاسایانە پاساو نین بۆ ئەو دزی و گەندەڵیانەی بە یاسا ڕێكخراون.