دونیای ئێمە بۆ ناگۆڕێت بەرەو باشتر؟

10-09-2017 02:24

 

وەبیرهێنانەوەیەكی سادە

بەپێچەوانەی ئەو بۆچونەوە كە زۆرانێك لە دونیای ئێمەدا بێماندووبوون هەزاربارەی دەكەنەوە: كێشەی سەرەكیی دونیای ئێمە ئەوە نییە كە كۆمەڵگاكەمان خاوەنی فەرهەنگێكی دواكەوتووە، یان خاوەنی دینێكی خراپە، یان ئابورییەكی دواكەوتوی هەیە، یان شارەزامان نییەو نازانین چۆن سەروەت‌و سامانی نیشتیمانیمان ڕێكبخەین، یان سیستمێكی ئەخلاقیی دژەپێشكەوتن‌و دژەتازەبوونەوەمان هەیە، یان سیستمی خوێندن‌و پەروەردە لە دونیای ئێمەدا سیستمێكی دواكەوتو و بێكەڵكەو نەمانتوانیوە لە پێشكەوتنی بەشەكانی تری دونیا سود وەربگرین.

 

هەموو ئەمانە شتێك لە ڕاستییان تێدایە، بەشێكن لەو كێشانەی كە هەن‌و ئامادەن، پێویستیان بە داڕشتنەوەو گۆڕان‌و تازەبوونەوە هەیە، بەڵام ئەوەی پێویستە لای هەموو تاكێكی ئەو كۆمەڵگایە ئاشكرابێت ئەوەیە، هیچ یەكێك لەو شتانە لە ناو بۆشاییدا ئامادەنییە، بێ ژینگەو سیاقێكی مێژوویی‌و سیاسیی دیاریكراو نییە، دابڕاو نییە لە كۆمەڵێك هاوكێشەی هێزو دەسەڵات‌و لە ئامادەگیی كۆمەڵێك تەماح‌و خواستیی زۆر تایبەت.

 

بەبۆچونی من هەریەكێك لەو كێشانە هەوای ژیان‌و مانەوەو بەردەوامبوونی خۆی لەو ژینگە سیاسییەوە وەردەگرێت كە دروستكراوە. ئەوە سیستمە سیاسییەكەیە بەردەوامیی بە هەر یەكێك لەو كێشانە دەبەخشێت، ژینگەی مانەوەو بەردەوامبوونیان دروستدەكات، هەندێكیان بە مەبەست بەهێزدەكات‌و هەندێكی تریان دوای لاوازبوونێكی مێژوویی‌و ڕێژەیی سەرلەنوێ بەهێز و زیندوو دەكاتەوە. ئەوە سیستمە سیاسییەكەیە كە سیستمە ئەخلاقییەكان‌و ڕوانینە دینییەكان‌و چۆنیەتی ڕێكخستن‌و داڕشتنی سیستمی پەروەردەو چۆنیەتی ڕێكخستنی ئابوریی‌و چییەتی سیستمی خوێندن‌و پەروەردە ئاڕاستەدەكات‌و بەوشێوەیە دایاندەڕێژێت‌و بەرهمیاندەهێنێتەوە كە لەگەڵ خواست‌و تەماحە سیاسییەكانی خۆیدا بگونجێت، لە خزمەتی مانەوەو بەردەوامبوونی ئەو گروپە دەسەڵاتدارەدا بێت كە بۆ مانەوەیان پێویستیان بە ژینگەیەكی دواكەوتو و گەندەڵ‌و بێخواستی ڕاستەقینەی گۆڕان‌و تازەبوونەوە هەیەو هەرهێزێكیش بیر لە گۆڕانی ئەو ژینگەیە بكاتەوە وەك هێزێكی نەیارو دوژمن و مەترسییەكی گەورە وێنایبكەن.

 

بۆ نموونە، تێكچوونی ئابوریی هەرێم بڕیاری سیاسیی لێیبەرپرسیارە، تێكچوونی سیستمی خوێندن بڕیاری سیاسیی لێی بەرپرسیارە، گەشەی سەرەتانیانەی ئاین، بەتایبەتی لە چاپە سەلەفیەكەیدا، سیستمە سیاسییەكە لێیبەرپرسیارە، بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی‌و بەدئەخلاقیی‌و ئەنانیەتی كۆمەڵایەتیی‌و ئەخلاقیاتی بەرخۆریی، هەر سیستمە سیاسییەكە لێی بەرپرسیارە. هیچ كایەیەك لەم كایانە بەپێی لۆژیكی ناوەكیی خۆی كارناكات، نە ئابوریی، نە پەروەردە، نە دین‌و نە ئەخلاق وەك كایەی سەربەخۆ ئامادەنین‌و كارناكەن، بەڵكو لۆژیكی سیاسیی حوكمڕانانی وەڵات لە دەرەوەڕا ئاڕاستەیان دەكات‌و لەدەرەوەڕا دەستێكی شێوێنەرانەیان تێدەخات. لەدوا دەرەنجامیشدا بەو شێوەیە دایاندەڕێژێتەوەو سەروەریان دەكات كە لەگەڵ تەماحە سیاسیی‌و دەسەڵاتگەرەكانی خۆیدا بگونجێت. بۆیە بەبێ گۆڕانكاریی سیاسیی‌و بەبێ داڕشتنەوەو گۆڕانێكی بنەڕەتیی لە كایەی سیاسیدا گۆڕانكاریی ڕاستەقینە لە بوارەكانی دیكە نەك زەحمەتە، بەڵكو لە مەحاڵ نزیكە.