ڕیفراندۆم لێرەوە دەستپێدەكات

25-09-2017 08:08

 

ئێمە بە دەنگی بەڵێ و نەخێر و بایكۆتەوە دەتوانین كۆك و كۆدەنگ بین لە دروست كردنی فشار لەسەر سەركردایەتی سیاسی بە ئاراستەی كاركردن بە ئەنجامەكانی ریفراندۆم لە پێناو كوردستانێكی سەربەخۆ و سیستمێكی دیموكرات دا.

 

زۆرینەی هەرە زۆری ئەوانەی بە نەخێر دەنگیان داوە یان بایكۆتی پرۆسەكەیان كرد، بەهۆی نەبوونی متمانە بوو بەرامبەر بە دەسەڵاتی سیاسی كوردستان و ئامانجی ئەوان لە پشت ڕیفراندۆمەوە.

 

ئێستا نە ئەركی ئەوان كۆتایی هاتووە و نە ئەركی ئەوانەش دەنگیان بە بەڵێ دا، بگرە دەشێت لێرەوە ئەركی نوێمان دەست پێبكات، بە كۆدەنگی دەتوانین ئامانجە هاوبەشەكە بەدی بێنین.

 

ئێمە دەتوانین لە دەوری ئەو خاڵەدا كۆببینەوە كە پێكەوە سەركردایەتی سیاسی بخەینە ژێر گوشارەوە لە پێناو كاركردن بە ئەنجامەكانی ریفراندۆم، كاركردن بۆ دەوڵەت و خاوەندارێتی لە مۆدێلێكی دادپەروەر و دیموكرات بۆ حوكمڕانی.

 

ئێستا بەشێك لە هاوڕێیان كەوتوونەتە ئەو هەڵەیەوە، كە لە جیاتی توندكردنی گوشارەكان لەسەر دەسەڵاتی سیاسی، خەریكی دروستكردنی فشارن لەسەر ئەو خەڵكەی ئەوڕۆ بە زۆرینە دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا. ئەو كاركردنە ئەنجامێكی نەرێنی دروست دەكات، وا دەكات ئەوانەی دەنگییان بۆ سەربەخۆیی دا، پاشەكشە لە ئامانجی خۆیان بكەن، لەكاتێكیشدا سەركردایەتییە سیاسییەكە بیەوێ پاشەكشە بكات، ئەوە بە تەواوەتی ئامانجێكی پێچەوانەوە و پڕ مەترسی بەدەست دێ.

 

پێویست دەكات بەرەیەكی هاوبەش و كۆدەنگ روو لە دەسەڵاتی سیاسی و سەركردایەتی حزبە سیاسییەكان دروست بكرێ، ئەنجامی ریفراندۆم وەك كارتێكی بەهێز لە دژیان بەكار بهێنرێت بۆ ئامانجە بنەڕەتییەكە نەك بەلاڕێدا بردنی.

 

لە بەلاڕێدابردنی ئامانجەكەدا، هیچ كامێكمان قازانج ناكەین، بە پێچەوانەوە خەڵك زیانمەند دەبێت و سەركردە سیاسییەكان كە بەرپرسن لە جێبەجێكردنی خواستی خەڵك، وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن.

 

كەواتە ئەركی دەستەبژێری كۆمەڵگە ئەوەیە، بە هاووڵاتییان بڵێ، ریفراندۆم سەرەتای پرۆسەكە بوو، ئەركە راستەقینەكە لێرەوە دەست پێدەكات كە دروستكردنی گوشارە بۆ كاركردن بەرەو ئامانجی راستەقینەی ریفراندۆم.

 

سەركۆنەكردنی هاووڵاتیان كە دەنگییان بە بەڵێ یان نەخێر داوە یان بایكۆتیان كردووە، وا دەكات لە كۆتاییدا هیچ فشارێك لەسەر دەسەڵات دروست نەبێ، بەپێچەوانەوە خەڵك خۆی لەشەڕدایە و دەسەڵاتدارانیش بە ئاسوودەییەوە خەریكی سەودای خۆیانن.

 

ئێمە دەبێت لەوە تێبگەین، دوو جەمسەری راستەقینە هەبێ، جەمسەری خەڵك و دەسەڵاتە، جەمسەری خەڵك و خەڵك و پێكدادانیان، یارییەكی شەیتانانەی دەسەڵاتە، لە پێناو لابردنی سەرنجی كۆی خەڵك لەسەر خودی دەسەڵات. لێرەدا، دەسەڵات بارودۆخێك دەڕەخسێنێت، كە خەڵك لەناوخۆیاندا لە ململانێ بن، نەك لە ململانێ لەگەڵ دەسەڵات.

 

ئەوە ئەو خاڵە ترسناكەیە، كە بەردەوام كۆمەڵگەی كوردستانی تێیدا نقووم كراوە. ئێستە دەرفەتێك بۆ بە ئاگا هاتنەوە، بۆ تۆخكردنەوەی جەمسەرەكانی خەڵك و دەسەڵات دروست بووە.

 

خەڵك نابێت ئەو دەرفەتەش لە كیس خۆی بدات. بەرپرسیارێتییە گەورەكە لە ئەستۆی بژاردەی كۆمەڵگەیە بۆ ئاراستەكردنی خەڵك روو لە دەسەڵات نەك دابەشبوون بەسەر جەمسەرە دروستكراوەكانی نێوان خەڵك و خەڵك دا.

 

گەورەترین هەڵە ئەوەیە، بە هاووڵاتیان بگوترێ، ریفراندۆم كۆتایی هات و ئەركی ئێوە تەواو. هەڵەی گەورەتر ئەوەیە، بە هاووڵاتیان بگوترێ، ئەها كارتێكی دیكەتان دا بەدەست دەسەڵاتدارانەوە و ئەوانیش لە پێناو ئامانجی تایبەتی خۆیاندا بەكاری دێنن. بە پێچەوانەوە دەبێ خەڵك هان بدرێت فشار لەسەر دەسەڵات دروست بكات بۆ پێكانی ئامانجەكە.

 

سەركۆنەكردنی خەڵك لەو پرۆسەیەدا، لەسەر بنەمای بڕیارەكانی، لە كۆتاییدا ئامانجی تایبەتی دەسەڵاتداران بەدی دێنێت، نەك ئامانجی خەڵك خۆی.

 

ئەوەی دەبێ سەركۆنە بكرێ دەسەڵاتە، لە ئەگەری بە لاڕێدابردنی دۆسیەكە، نەك سەركوت كردنی ئیرادەی خەڵك، ئیرادەیەك كە 26 ساڵە لەو پێناوەدا شكێنراوە و دەشكێنرێت.

 

تكایە مەبن بە بەشێك لەو هەڵەیە.