فراكسیۆنی‌ كۆمەڵ‌و گۆڕان، دەتانەوێت چی‌ بكەن؟

01-10-2017 05:43

 

ماوەی‌ زیاتر لە دوو ساڵە پەرلەمان لە دۆخێكدایە كە تەنها دەسەڵاتدارانی‌ كوردستان‌و ناحەزانی‌ كوردستان پێیانخۆشە، ناحەزانی‌ كوردستان لە زانینەوە پێیانخۆشە، چونكە حەزدەكەن كورد خاوەنی‌ هیچ نەبێت، نە دامەزراوەو نە كیان‌و نە هیچ مۆركێكی‌ دەوڵەتداری‌‌و مەدەنی‌، دەسەڵاتدارانی‌ كوردستانیش لە نەزانی‌و بۆ ئەوەی‌ بە ئاسانی‌ یاساشكێنی‌‌و سنوربەزێنییان بۆ بچێتەسەر.

 

ئێستە كەهیچ پۆلیسێك لە دێگەڵە نەماوە، بەهۆی‌ هەر بارودۆخێكەوە بێت پەرلەمان نووزەیەكی‌ وەبەرهاتووەتەوە، ئایا بژاردەی‌ تری‌ باشتر لە قازانجی‌ گەل‌و وڵات‌و خودی‌ دامەزراوەی‌ پەرلەمان چییە تا فراكسیۆنەكانی‌ كۆمەڵ‌و گۆڕان بیگرنەبەر؟ ئایا ڕۆشتنەوە بۆ پەرلەمانێكی‌ نیوەچڵ لە قسەكردن لە تیڤییەكان‌و بەشداری‌ لە ۆركشۆپ‌و پانێڵەكان گرنتر نییە؟ كە من ڕێز لەو كارەشتان دەگرم‌و بە ڕۆڵێكی‌ پێویست‌و گرنگی‌ دەبینم، بەڵام بێ‌ دوودڵی‌ پێموایە بچنەوە پەرلەمان باشتر بێت، هاوكات ڕوونكردنەوەكانتان بۆ ڕای‌ گشتی‌ بەردەوام بێت، ئیتر جۆری‌ ڕۆشتنەوەكە خۆتان دیاریبكەن.

 

دەكرێت لەوێ‌‌و لەنێو هۆڵی‌ پەرلەمانەوە هەموو ڕۆژێك بایكۆتی‌ كۆبوونەوە بكەن، كێشە نییە، ئەوە مافێكی‌ ئێوەیە وەك پەرلەمانتارێك، لەوێ‌ بەشداربن‌و قسە بكەن، ڕەخنە لەو كەسە بگرن كە بەنایاسایی‌ چووەتە شوێنی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان، ناڕازی‌ بن، زۆرینە دروستبكەن، كەمینەبن، بەیاننامە بڵاوبكەنەوە، مان بگرن لە هۆڵی‌ پەرلەمان، هەرچی‌ دەكەن بیكەن تەنها بەمەرجێك لە هۆڵی‌ پەرلەماندابن، چونكە ئەوە مافی‌ خۆتانەو بە بەشێك لە دیموكراسی‌‌و كاری‌ پەرلەمانتاری‌ ئەژماردەكرێت.

 

خۆ ئەگەر پێتانوایە كە پەرلەمان كاتی‌ تەواو بووەو ئەمانە دەیانەوێت بە بڕیارێكی‌ زۆرینەو لە پەرلەمانەوە شەرعییەت بدەن بە درێژكردنەوەی‌ ماوەی‌ پەرلەمان‌و یاساندنی‌ پرسی‌ سەرۆكی‌ هەرێم، ئێ‌ لە حاڵێكی‌ لەمجۆرەشدا ئێوە هەر لە پەرلەمان بن باشترە، چونكە خۆ ئێوە بەشدارنابن لە كاری‌ نایاسایی‌‌و قسە‌و بۆچوونی‌ خۆتان لەبەرژەوەندی‌ خەڵكی‌ كوردستان بۆ هەموو لایەك ڕوون دەكەنەوەو كەسیش لەسەر ئەو زۆرینەیە لێپرسینەوەتان لەگەڵ ناكات كە ئەوان دروستی‌ دەكەن‌و خەتای‌ ئێوەی‌ تێدا نییە.

 

سەبارەت بە گرفتێكی‌ تر كە پەیوەندی‌ بە پرسی‌ پەیوەست بە بەرزكردنەوەی‌ یاساكانەوە هەیە بۆ سەرۆكی‌ هەرێم كە ماوەی‌ یاساییەكەی‌ بەسەرچووە، ئەوە دەكرێت بە دیاریكراوی‌ (چارەسەرێك) بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە، هەموو ڕۆژێك لە پەرلەمانەوە بڵێن پەرلەمانێك سەرۆكەكەی‌ لە شوێنی‌ كارەكانی‌ نەبێت چەند خەلەلێكی‌ گەورەیە، چونكە خۆ ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئەوە پاش مانگێكی‌ تر ئاواتی‌ ئەو كەسانە دێتەدی‌ لە كوردستان كە چاویان بە پەرلەمان‌و سیستم‌و یاساو چاودێر هەڵنایەت‌و شتێك بەناوی‌ پەرلەمان‌و دامەزراوەیەكەوە بە نیوەچڵیش نامێنێت كە نوێنەرایەتی‌ خەڵكی‌ كوردستان بكات.

 

بەڕێزان ئێوە نوێنەری‌ نزیكەی‌ 600 هەزار هاووڵاتی‌ كوردستانن، قورساییتان هەیە، من دەزانم ئێوە دەتانەوێت خاوەنی‌ پەرلەمانێك بین كە خاوەنی‌ خۆی‌ بێت، قسەی‌ هەبێت‌و ڕێزلێگیراوبێت، كەس نەتوانێت تەجاوزبكاتەسەر سەروەرییەكەی‌، بەڵام بژاردەكان لە كوردستان لەنێوان باش‌و خراپدا نین، بەڵكو لەنێوان خراپ‌و خراپتریندان، بۆیە تكایە لەمە زیاتر لە دەرەوەی‌ پەرلەمان مەبن‌و هەرچیتان هەیە بچن لەوێ‌ بیڵێن، هەموو رۆژێك ئەوە بكەن، ئەگەر ڕێگەیان نەدان وەك ئەوەی‌ لەسەرشانتانە ئەركی‌ پەرلەمانی‌ سەرشانتان بەجێبهێنن ئەوە ئێوە هەرچی‌ بكەن لە چوارچێوەی‌ بیناو هۆڵی‌ پەرلەماندا بەشێوەی‌ ئاشتیانەو مەدەنیانە ئەوەش هەرتەواوكاری‌ كاری‌ پەرلەمانییە، ئەركی‌ ئێوەش لەوە زیاتر نییە، لەوێ‌ قسەبكەن‌و پڕۆژە بخەنەڕوو و ڕاستی‌ ئاشكرابكەن، چونكە كاری‌ ئێوە تەنها لەو شوێنەوە بە ئەنجام دەگات.