‎کۆتایی بارزانیی یان کۆتایی سیستمێکی سیاسیی؟

29-10-2017 07:47

دەست لەکارکێشانەوەکەی بارزانی، بەھۆی فشاری دەرەکییەوە، خاڵێکی پۆزەتیڤە لە ڕووی ھەوڵدان بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی شێوازی پێکھاتەی دەسەڵات لە ھەرێمدا. بەڵام بە ھیچ مانایەک نەک کۆتایی شتەکان نییە، بەڵکو ھێشتا سەرەتایەکی قابیلی باوەڕپێکردنیش نییە. کەسێک بە وردی نامەکەی بارزانی بخوێنێتەوە چەندان کەلەبەری گەورەی تێدا دەدۆزێتەوە سەبارەت بە ئایندەی سیستمە سیاسییەکەی ھەرێم.

 

‎ئەوەی ھەرێم پێویستی پێیەتی تەنھا گۆڕانی سەرۆکەکەی نییە، کە لەڕووی یاساییەوە چەندان ساڵە دەسەڵاتەکانی نایاساییە و بەزەبری ھێز خۆی سەپاندوە، بەڵکو گۆڕانێکی بێچەندوچونی سیستمە سیاسییەکەیە لە ”سیستمی سەرۆکایەتیی“ەوە بۆ ”سیستمی پەرلەمانی“. بەمەش ڕێگرتن لەوەی بڕێکی زۆری دەسەڵاتەکان لەدەستی کەسێکدا کۆببێتەوە بەبێ ئەوەی میکانیزمیی بەھێز و کاریگەر لەئارادابێت بۆچاودێریکردن و لێپرسینەوە لەو کەسە و لە شێوازی وەگەڕخستنی دەسەڵاتەکانی. بەڵام سیستمی پەرلەمانی کاتێک مانای دەبێت کە لانیکەم دوو شتی سەرەکیی لەھەرێمدا ڕووبدات: یەکەم، کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی ”مەکتەبی سیاسیی“ەکان و ئەو ھەڵقانەی تری دەسەڵات کە لەدەرەوەی دەزگا رەسمییەکانی حوکمڕانیی و لەدەرەوەی پەرلەمان خۆیدا، ئامادەن و کاردەکەن.

 

دووھەم، کۆتاییھێان بەوەی پەرلەمان تیپی چوارەم و پێنجەمی دەسەڵات و بڕیاردان و سیاسەتکردن بێت لە ھەرێمدا و لەزۆر کاتیشدا ئیشی ئەوەبێت بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان جێبەجێبکات. سیستمی پەرلەمانی کاتێک مانای ھەیە کە ھەموو گەمەکەرە سیاسییەکان لەناو پەرلەماندا ئامادەبن و لەوێدا بەپێی یاسا پەرلەمانییەکان ململانێکانیان، بکەن.

 

‎خاڵێکی گرنگی تر بۆئەوەی سیستمی پەرلەمانی بتوانێت سەروەربێت و کاربکات، ئەوەیە سیستمی داوەریی ئازادبێت، شتێک ئەمڕۆ پێچەوانە ھەرە ناشیرین و ھەرە تاڵەکەی لە ھەرێمدا ئامادەیە. سیستمی داوەریی ئەمڕۆکەی ھەرێم لە ژێر دەسەڵاتی پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی مەکتەبە سیاسییەکان و دەسەڵاتی بەرپرسە سیاسیی و سەربازییەکانی تردایە.

 

‎بەکورتی وازھێنانی مەسعود بارزانی، سەرەڕای گرنگییەکەی وەک ڕووداوێکی سیاسیی، کاتێک مانای دەبێت کە سەرەتای پرۆسەیەکی ھەمەلایەنی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستمە سیاسییەکەی ھەرێم بێت، سەرەتای بەخۆداچوونەوە و لێپرسینەوەیەکی سیاسیی و یاسایی و ئەخلاقییش بێت لە کاری ئەو نوخبە سیاسییەی کە چارەکەسەدەیەکە حوکمڕانە و ئەو گاڵتەجاڕییە گەورەیەی لە کوردستاندا دروستکردوە کە ناوی ”حکومەت“ و “سەرۆکایەتی“ی و ”ئەزموونی حوکمڕانیی“ ھەرێمە. بارزانی بکەری ژمارە یەکی سەرجەمی شکستەکانی ناو ئەم ئەزموونە سیاسییەیە. لە شکستی سیاسیی و سەربازییەوە بیگرە، بۆ شکستیی ئابووریی و ئەخلاقیی، بە تێپەڕین بەناو شکستیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی و ناوخۆییشدا.

 

وازھێنانی بارزانی کاتێک مانای ھەیە کە کۆتایی بارزانیزم بێت وەک یەکێک لە فۆرمە ھەرە ناشیرین و ھەرە گەندەڵەکانی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا.