گۆڕان و پەتای بەشداری لە حكومەت

31-10-2017 05:22

 

پاساوی بەشداریی گۆڕان لە حكومەت، یان سیناریۆی گۆڕان بۆ بەشداریكردنی لەحكومەت، ئەوەبوو ئەوان وەزارەت وەردەگرن نەك تەنها پۆستی وەزیر، گۆڕان لەو بڕوایەدا بوو بەم بەشداریكردنەی دوو قازانج دەكات، یەكەم، گۆڵێك لە یەكێتی دەكات‌و پشكی خۆی لەحكومەت بەكاردەهێنێت بۆ خۆقایمكردنی لەخولێكی تری هەڵبژاردن بەتەواوەتی وەك هێزی براوە لەزۆنی سەوز بێتە دەرەوە. دووەم، لە ڕێگەی ئەم بەشداریكردنەوە كەفائەت‌و سەركەوتوویی خۆی بەجەماوەر نیشانبدات، بەڵام زۆری نەخایاند، دەركەوت پڕۆژەو سیناریۆكەی گۆڕان شكستی هێناو دواتریش لە نێوان كێشمەكێشی پارتی‌و گۆڕان، پارتی خزمەتێكی گەورەی گۆڕانی كردو وەزیرەكانی سڕكرد لەپۆستەكانیان‌و تاڕادەیەك شانی خاڵی كردەوە لەو بەرپرسیارێتییەی كەوتبووە سەرشانی.

 

ئێستا دوای پەكخستنی پەرلەمان‌و ڕێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە، دوای گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ ناوچە جێناكۆكەكان‌و بچوككردنەوەو لەقاڵبدانی دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێم‌و ڕادەستكردنەوەی كەركوك‌و ناوچەكانی تر، دوای شكستپێهێنانی پڕۆژەی سەربەخۆیی كوردستان‌و دوای دەستكێشانەوەی بارزانی‌و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی، دوای دەستەپاچەیی‌و شكست لە بەرامبەر دابیننەكردنی موچەی فەرمانبەران‌و دروستبوونی قەیرانێكی ئابوری سەخت، دوای داخستنی خاڵی سنوری‌و فڕۆكەخانەو داخستنی ئاسمان بەڕووی هەرێمدا، دوای تەخوینكردنی بەشێكی یەكێتی لەلایەن هەموو پارتیەوە بەخیانەت، دوای دروستبوونی گلەیی‌و گازندەیەكی زۆری ناو گۆڕان لەسەر كەم كەفائەتی بەرپرس‌و ئۆرگانەكانی، دوای دەركردنی بەیاننامەی گۆڕان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حكومەتەو دروستكردنی حكومەتی ڕزگاری نیشتیمانی، هێشتا گۆڕان بەرچاوی زۆر ڕوون نییە لەئەگەری بەشداریكردن یان نەكردن، لەحكومەتی ئێستا، (ئەگەر) دەرگا بەمەرجەوە بەڕوویدا بكرێتەوە بۆ گەڕانەوەی وەزیرەكانی بەگۆڕانكارییەكی كەمەوە.

 

بەشداریی گۆڕان لەحكومەتدا بەحزوری ڕەحمەتیی نەوشیروان مستەفا شكستی خوارد، تەمەنی بەشداریی فیعلی گۆڕان لەحكومەت ساڵ‌و چەند مانگێك بوو، لەوتەمەنە كورتەدا دەركەوت كە پێشبینییەكانی گۆڕان بۆ بەشداری لەحكومەت چەند ناڕاست بوون، ئەوكاتەو ئێستاش دیارە پێش هەرشتێك گۆڕان خۆی لەڕووی جۆری ماتریال‌و قەناعەتەوە ئامادەیی باشی نییە بۆبەشداریكردن لەحكومەتدا، بەتایبەت بەشداری لەحكومەتێكدا كە خۆی لەدواین هەڵوێستیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی كردەوەو بەحكومەتێكی شكستخواردوی داوەتە قەڵەم.

 

گۆڕان لەدوای ئەم ئاڵوگۆڕانە فرسەتێكی گونجاو و باشی بۆهاتە پێشەوە تا لەگەڵ كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی جوڵەی باش بكەن‌و مەودای هاوپەیمانێتی‌و گۆڕەپانی جوڵەی سیاسییان فراوانتر بكەن، ئەو قسەیە لەهەموو لایەك بۆ گۆڕان ڕاستترە كە تواناو هێزی جەماوەریی بەهێز و پێگەی فراوانی هەیە، بەڵام بەداخەوە سەركردایەتیكردنی ئەم هێزە بەم قەلەقییەی هەندێك لەسەركردەكانی ئێستای نەك ناكرێت، بەپێچەوانەوە بەشێكیشیان بوونەتە بار بەسەر جوڵەی بزوتنەوەكەوە.

 

ئەم دۆخە بۆ گۆڕان لەباربوو دوای شكستی دیبلۆماسیی پارتی‌و یەكێتی لەسەر ئاستی ئیقلیمی‌و جیهانی، تواناو وزە دیبلۆماسییەكانی خۆیان ببردایەتە سەرەوەو بە خستنەڕووی پێشنیارو بۆچوونەكانیان دەرگایان بە ڕووی پەیوەندییەكانی خۆیاندا بكردایەتەوە، بۆ گۆڕان گرنگ بوو تواناو وزەی نوێنەرەكانی بەغدای بخستایەتەبەر ڕۆژەڤ بۆ داكۆكی لەخەڵكی ئەوناوچانەی بەر هەڵمەتی سوپای عێراق كەوتون‌و داوای وەستاندن‌و ڕاگرتنی ئەو زحفە سەربازییەی بكردایە بۆ جێگە ناكۆكەكان‌و لەوێشەوە بێ‌ شەرم شاندی هاوبەشی هەبوایە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بۆسەركردایەتیكردنی دیالۆگ‌و گفتوگۆی نێوان بەغدادو هەرێم وەك داكۆیكاری مافەكانی كوردو كوردستان‌و هەرێم، خۆ گەر ئەوەش بەزویی نەدەكرا، یان ئەركێكی قورس بوو بۆ گۆڕان، دەبوو وەك سەركردایەتی بەرەی ئۆپۆزسۆن قسەیەكی جدی‌و ڕۆشنی لەگەڵ بەغداد دەستپێبكردایەو وەك خاون پرس نەك پاشكۆ لەدەسەڵات دەركەوتایە.

 

ئێستا گۆڕان كە تاڕادەیەك پشتی كردۆتە هەموو ئەم بژاردە سیاسییانە‌و كات بەقازانجی نییەو فرسەتەكان تادێت زیاتر لەبەردەمی بەرتەسك دەبنەوە، هەق وانییە گوێ لەو ئامۆژگارییانە بگرێت كە داواكاریی ئەوەیان هەیە پشتیوانی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی بكات بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد، هەق وایە گۆڕان بەتەواوەتی بەشداریی ئەم حكومەتە ڕەتبكاتەوەو پێداگری بكات لەوەی گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان‌و پەرلەمانتارەكانی وابەستەیە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم حكومەتەو پێكهێنانی حكومەتی كاتیی‌و كاربەڕێكەر كە ئەركەكانی تەنها دابینكردنی بژێوی خەڵك‌و دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادو زەمینە خۆشكردن بێت بۆ هەڵبژاردنێكی پاك كە بە پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران‌و ڕێگریكردن لەدەستێوەردانی خەش‌و گزی ناوخۆو دەرەكی دەستپێبكات.