بەرپرسێكی باڵای گۆڕان: هەڵوێستەكەمان پەیامە بۆ یەكێتی‌و قۆناغێكی نوێیە بۆ گۆڕان

04-04-2017 06:36
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بزووتنەوەی گۆڕان ڕەتیكردەوە لەگەڵ وەفدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی كۆببێتەوە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی، بەرپرسێكی باڵای ئەو بزووتنەوەیەش دەڵێت، ڕەتكردنەوەكەیان پەیامێكە بۆ یەكێتی‌و سەرەتای قۆناغێكی نوێ دەبێت بۆ گۆڕان.

 

ئەمڕۆ لەئاستی باڵادا بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوپرسە كۆبووەوەو دوای كۆبوونەوەكە، ئەو بزووتنەوەیە لە ڕاگەیەندراوێكدا تەئكیدی كردەوە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پێویستی بە پەرلەمانە، وتی"ڕایدەگەیەنین كە بۆ ئەم پرسە پێویست بە هیچ كۆبونەوەیەكی حیزبی ناكات."

 

بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان كە بەشداربووە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حزبەكەی كە تێیدا ئەو بڕیارەیاندا، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لەكۆبوونەوەكەیاندا نیگەرانیی زۆر هەبووە لەبەرانبەر سیاسەتەكانی یەكێتی.

 

"بەدڵنیاییەوە ئەمە پەیامێكە بۆ یەكێتی‌و سەرەتای قۆناغێكی نوێیە بۆ گۆڕان، دەبێت ڕێككەوتنەكەی نێوانمان بەلایەكدا بخرێت." بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وای وت.

 

دوای ئەوەی پارتی‌و یەكێتی لیژنەیەكی هاوبەشیان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی پێكهێنا سەردانی لایەنەكان، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان بكەن، دوێنێ دەستیانكرد بە سەردانی لایەنەكان‌و دەیانویست سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیش بكەن.

ناونەهێنانی پەرلەمانی كوردستان تا پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە ڕێی ئەو دامەزراوەیەوە بكرێت، نیگەرانیی بزووتنەوەی گۆڕانی لێكەوتۆتەوەو پێیوایە ئەو پرسە بەبێ پەرلەمان ناكرێت.


لە ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆیدا، گۆڕان داوایكردووە پەرلەمانی كوردستان وەك باڵاترین دامەزراوەی شەرعی‌و یاسایی لە هەرێمی كوردستان هەمو ئەو ڕێوشوێنە پێویستانە بگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان‌و كەركوك‌و هەمو ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانی تر.

 

گۆڕان كە لەمانگی 5ی ساڵی ڕابردوەوە ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی واژۆكردووە، وەك خۆیان دەڵێن پێشوازینەكردنی لە وەفدە هاوبەشەكەی پارتی‌و یەكێتی دەربڕینی ناڕەزاییە لەدژی یەكێتی، چونكە بەپێی ڕێككەوتنەكەیان پرسی ڕیفراندۆم كاری پەرلەمانە كە ئێستا پەكخراوە، بەڵام یەكێتی لە بەیاننامە هاوبەشەكەی لەگەڵ پارتی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە ئاماژەی بەم خاڵە نەكردووە.

 

ماددەی یانزە لە ڕێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، دەڵێت"هەردوولا كۆكن لەسەر ئەوەی كە مافی چارەی خۆنوسین‌و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە، پێویستە ئامادەكاریی هەمەلایەنەی بۆ بكرێت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشەوە. ئەم بابەتە بابەتێكی نیشتمانییەو لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان یەكلادەكرێتەوە."

 

وەك بەرپرسانی گۆڕان باسیدەكەن لەناو بزووتنەوەكەیاندا نیگەرانییەكان لەبەرانبەر سیاسەتەكانی یەكێتی‌و پابەندنەبوونی ئەو حزبە بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان لەهەڵكشاندایەو ئەگەر یەكێتی بەوجۆرە بەردەوامیی بە سیاسەتەكانی بدات هەڵوێستی دیكەیان دەبێت.

 

بەپرسە باڵاكەی گۆڕان وتی"ئێستا فرسەتێكی باشە بۆ هێنانە پێشەوەی كۆمەڵێك مەلەف كە پێشتریش گۆڕان قسەی لەسەر كردوون، بەڵام بەنەرمی‌و ئێستا جیاوازتر قسەیان لەسەر دەكەین."

 

ڕۆژی 17-5-2016 یەكێتی‌و گۆڕان ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كرد كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەردوولا تائێستا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە.

 

جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان لەماوەی ڕابرددودا قسەوباسی زۆری لەسەر كرا لەناو ئەو دوو حزبەدا، ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان‌و ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی لەمانگی یەكی ئەمساڵدا بەجیا نامەیان ئاڕاستەی حزبەكانیان كرد لەسەر ئەو پرسەو داوای هەڵوێست‌و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان كرد.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆ، پارتی لەگەڵئەوەی زۆرترین قسە لەسەر ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی دەكات، هاوكات بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لە مانگی 10ی ساڵی 2015 بەڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كە لەپشكی گۆڕانە بۆ چوونە ناو هەولێرو دوورخستنەوەی وەزیرەكانی ئەو بزووتنەوەیە لە حكومەت، تائێستاش ئەو دۆخە بەردەوامەو چارەسەر نەكراوە.