ئەڵمانیا لەسەر بەكارهێنانی چەكی وڵاتەكەی لە شەڕەكەی شەنگال هۆشداریی داوەتە هەرێم

10-04-2017 06:21
ئەو ئۆتۆمبێلەی لەلایەن پێشمەرگەكانی ڕۆژئاواوە بەرامبەر یەبەشە بەكارهێنرا لەشەڕەكەی سنوری شەنگال.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

حكومەتی ئەڵمانیا نامەیەكی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم كردووە لەبارەی بەكارهێنانی چەكی وڵاتەكەی لەشەڕی نێوان هێزە كوردییەكان لە شەنگال، لەنامەكەدا هۆشداریی دراوە بە هەرێمی كوردستان كە چەكی ئەڵمانی تەنها بۆ شەڕی دژی داعش بۆ پێشمەرگە نێردراوە، ئەمەش بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار.

 

ڕۆژی 3ی مانگی ڕابردوو لەنێوان ژمارەیەك پێشمەرگەی ڕۆژئاوا(سەربە زێرەڤانین‌و نزیكن لە پارتی)و یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال(یەبەشە- نزیكن لە پەكەكە) لەسنوری خانەسۆر سەربە ناحیەی سنونێ‌ لە باكوری ڕۆژئاوای شەنگال شەڕ ڕوویداو كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، شەڕەكە بەهۆی ئەوەوە بووە پێشمەرگەی ڕۆژئاوا ویستویەتی پێشڕەوی بكات‌ بۆ ئەو ناوچەیە، بەڵام یەبەشە ڕێگرییان لێكردوون.

 

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی شەڕەكە كە میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردەوە، پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا لە شەڕەكەدا ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی بەكاردەهێنن كە پێدەچێت لە جۆری Dingo 1 IMV ئەڵمانیی بێت كە بۆشەڕی داعش دراوە بە پێشمەرگە. 

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافی وت"كۆتایی مانگی ڕابردوو لە ئەڵمانیاوە نامەیەكی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە كراو تێیدا ئەوە تەئكید كراوەتەوە كە چەكی ئەڵمانی تەنها بۆ شەڕی داعش بۆ پێشمەرگە نێردراوەو ڕێگە پێدراو نییە بۆ شەڕی دیكە بەكاربهێندرێت."

 

پێشتریش وتەبێژێك لە سوپای ئەڵمانیا تایبەت بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، وڵاتەكەی داوای ڕوونكردنەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەبارەی ئەگەری بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەڵمانیا لەشەڕی نێوان هێزە كوردییەكان لە سنوری شەنگال.

 

ئەڵمانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی بۆ شەڕی دژی داعش هاوكاری زۆری هێزی پێشمەرگەی كردووە بە پێدانی چەك‌و پێداویستی سەربازیی‌و مەشق‌و ڕاهێنان‌و ڕاوێژ، لەكاتی پێدانی چەك‌و پێداویستی سەربازیشدا بە هەرێم، حكومەتی ئەڵمانیا مەرجی ئەوەی داناوە كە تەنها بۆ شەڕ لەدژی داعش بەكاربهێنرێن، بۆئەوەش بەڵێنی لە هەرێم وەرگرتووە.

 

لەو چوارچێوەیەدا ئەڵمانیا هەزاران چەكی جۆری جی 3 و جی 36ی نارد بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئەو چەكانە خرانە بازاڕەوەو كڕین‌و فرۆشتنیان پێوەكرا ئەوەش دەنگدانەوەی لە میدیای ناوخۆی هەرێم‌و ئەڵمانیا لێكەوتەوەو ساڵی ڕابردوو حكومەتی ئەو وڵاتە فشاری خستەسەر حكومەتی هەرێم تاوەكو لەبازاڕدا مامەڵە بەو چەكانەوە نەكرێت‌و تەنها بۆ شەڕی داعش بەكاربهێنرێن، هەرێمیش ڕێوشوێنی توندی گرتەبەر لەوبارەیەوە.

 

لەم ڤیدیۆیەدا ئەو ئۆتۆمبێلە دەردەكەوێت كە لەلایەن پێشمەرگەكانی ڕۆژئاواوە بەرامبەر یەبەشە بەكارهێنرا لەشەڕەكەی سنوری شەنگال.

  

لەسەر ئەم پرسەو ناردنی نامەی فەرمی لە حكومەتی ئەڵمانیاوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، پەرەگراف پرسیاری لە سوپای ئەڵمانیا كرد، تۆبیاس لوكاو (Tobias Luckau) لەبەشی پەیوەندییە گشتییەكانی سوپای ئەڵمانیا، داوایكرد ڕاستەوخۆ پەیوەندی بكرێت بە حكومەتی هەرێمەوە بۆ وەرگرتنی لێدوان‌و زانیاری.

 

پەرەگراف پەیوەندیكرد بە هەریەكە لە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەو هەژار ئیسماعیل بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی دەرەوە لە وەزارەت، ئەوان بیئاگایی خۆیان پیشاندا لە گەیشتنی نامەی حكومەتی ئەڵمانیا لەسەر ئەو پرسە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

 

هاوكات پەرەگراف پەیوەندیكرد بە سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمیی حكومەتی هەرێم، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.