گیانلەدەستدانی مامۆستاكەی دەربەندیخان پرسیاری بێ وەڵامی جێهێشتووە

11-04-2017 08:11

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گیانلەدەستدانی مامۆستایەكی خەڵكی دەربەندیخان، وەكو دۆسیەیەكی تەمومژاوی زۆرترین مشتومڕی لێكەوتۆتەوەو پرسیاری وەڵام نەدراوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، كەسوكاری قوربانییەكە‌و هێزە ئەمنییەكان قسەی جیاواز‌و تەواو پێچەوانەی یەكتری دەكەن.

 

هێمن محەمەد عەزیز (38 ساڵ)، پیشەی مامۆستایە‌و 29-11ی ساڵی ڕابردوو لەكاتی چوونە بازاڕ لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە لە دەربەندیخان دەستگیركراوە، بەڵام لە مانگی سێی ئەمساڵدا كەسوكارەكەی ئاگاداركرانەوە لە دۆزینەوەی تەرمەكەی لەناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، ئەوەی جێی پرسیارە بۆ كەسوكاری بێسەروشوێنبوونی بۆ چەند مانگێك‌و چۆنیەتی گیان لەدەستدانیەتی.

 

"ئەو كوڕە تەنیا چوار بۆ پێنج ڕۆژ لای ئاسایش بووە، ئەشكەنجەكەی ئەوەندە قورس بووە تەحەممولی نەكردووەو گیانی لەدەستداوە"، لوقمان محەمەد برای مامۆستا هێمن بۆ پەرەگراف وای وت.

 

تۆمەتباركردنی ئاسایشی سلێمانی تەنیا قسەی لوقمان نییە، بەڵكو تەواوی خانەوادەكەی مامۆستا هێمن لە نێویاندا هاوسەرەكەی، هەمان بۆچونیان هەیە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكیان هەبێت كە گومانەكانیان پشتڕاستبكاتەوە.

 

ئەو گومانەی كەسوكاری قوربانییەكە جەختی لێدەكەنەوە لەكاتێكدایە، ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری ڕەتیدەكاتەوە هیچ ئاسەوارێكی ئەشكەنجەدان بە تەرمەكەوە دیاربووبێت‌و هەروەها ئاسایش، بە جۆرێكی تر باسی ڕوداوەكە دەكات‌و ڕەتیدەكاتەوە لای ئەوان گیانی لەدەستدابێت.

 

سەرەتای ڕووداوەكەو دەستگیركردنی هێمن

 

مامۆستا هێمن كە باوكی دوومنداڵی تەمەن 6 ‌و 3 ساڵە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە بە هاوكاریكردنی چەند چەكدارێكی داعش تۆمەتباركراوە كە هاتوونەتە ناوچەی هەڵەبجە، هەربەوهۆیەوە دەستگیركراوەو دەزگا ئەمنییەكان دەڵێن برایەكیشی لەناو داعشدایە.

 

 

مامۆستا هێمن‌و كوڕەكەی.

 

هێرش برای مامۆستا هێمن دانیشتووی بەریتانیا بووە، لەبەر نەبوونی مافی مانەوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم‌و چەند مانگێك ماوەتەوەو لەگەڵ كۆمپانیایەكی نەوت كاری وەرگێڕانی كردووە، دوای ساڵێك مانەوە لە 2014دا بە خێزانەكەی دەڵێت دەگەڕێتەوە بەریتانیا، بەو مەبەستە ماڵی خۆیانی جێهێشتووەو بەرەو توركیا بەڕێكەوتووە.

 

خانەوادەكەی دەڵێن ئاگایان لەهێرش نەماوەو نازانن لەكوێیە، دەزگا ئەمنییەكانیش دەڵێن ئێستا هێرش چەكداری داعشەو لەنێو خەڵكیشدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە كە چووەتە ناو داعش.

 

لوقمان محەمەد برای هێرش دەڵێت، كاتی بیستنی ئەو دەنگۆیە لەگەڵ مامۆستا هێمن سەردانی ئاسایشیان كردووە‌و ئاگاداریانكردوونەتەوە لەوپرسە وەك هاوكارییەك بۆ دەزگا ئەمنییەكان، تا لەداهاتوودا نەبێتە كێشە بۆ ئەوان، لەوكاتەشەوە هەموو 15 ڕۆژ جارێك لەگەڵ هێمن لە ئاسایشی دەربەندیخان واژۆیان كردووە.

 

لەمانگی 11ی ساڵی ڕابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە كە چەند چەكدارێكی داعش هاتوونەتە ناوچەكانی دەربەندیخان‌و دەزگا ئەمنییەكان هەوڵەكانیان چڕكردەوە بۆ دەستگیركردنی ئەو چەكدارانەو ئاسایش دەڵێت هێمن یەكێكە لە 60 كەس كە بەتۆمەتی هاوكاریی‌و ئاسانكاریی بۆ ئەو چەكدارانەی داعش لە 29ی ئەو مانگەدا دەستگیركراون.

 

"موستەحیلە مامۆستا هێمن داعش بێت‌و پەیوەندی بە داعشەوە هەبێت، تەنها مسوڵمان بووەو نوێژخوێن بووە، كەس گلەیی لێی نییەو شار بۆی خەمبارە." لوقمان وای وت.

 

مامۆستا هێمن كۆلێژی شەریعەی تەواو كردووە‌و دوو ساڵ لەمەوبەر، لە لوبنان تاقی كردنەوەی كردووە‌و مامۆستای سەرەتایی بووە لە دەربەندیخان.

 

"29-11-2016 لەنزیك بنكەی پۆلیسی دەربەندیخان سێ سەیارە پەلاماری دەدەن بە شەق‌و بۆكز لە سەیارەكە دایدەگرن‌و زۆر ئازاری دەدەن‌و دەیبنە ئاسایشی دەربەندیخان‌و لەوێش زۆری لێدەدەن." براكەی وای وت.

 

ئێوارەی هەمان ڕۆژ لوقمان لەگەڵ هاوسەرەكەی هێمن‌و زاوایەكیان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەكرێن، "كڵاوی ڕەشیان كردەسەرمان، تەنانەت لەوكاتەوە منداڵێكی 9 ساڵم هەیەو تووشی بورانەوە بووە لەترساو تائێستا ئەو حاڵەتەی هەیە."

 

لوقمان وتیشی"بردینیانە ئاسایشی دەربەندیخان‌و هەر ئەو ئێوارەیە خەزوری هێمنیشیان گرت‌و ئیهانەیەكی زۆریان كردین‌و بردینیان بۆ سلێمانی، كاتژمێر 11ی شەو من‌و خەزوری‌و زاواكەمانیان ئازادكرد‌و خێزانەكەشی بۆ ڕۆژی دواتر ئازادكراو تەنها هێمن مایەوە."

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕاگەیاندنەكان 9ی ئەم مانگە مامۆستا هێمن بە "پلاندانان بۆ تێكدانی ئارامیی هەرێم" تۆمەتباردەكات لەگەڵ برایەكی لە نێو داعش‌و چەند ئەمیرێكی تری ئەو رێكخراوە، وەكو "شانەی نەنوستوو" ناوی هێمن دەهێنێت.

 

لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا كە هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی هێرشی تیرۆریستانی داعش بوەوە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەوڵی زۆریان خستوەتەگەڕ بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو لەو چوارچێوەیەشدا چەندین شەهیدیان هەیە.

 

ئاسایش لەسەر ئەم كەیسە چیی دەڵێت؟

 

ئاسایشی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەكەیدا دەڵێت، مامۆستا هێمن دانی بەوەداناوە كە لەڕێگای براكەیەوە لەناو داعش پەیوەندی بەو ڕێكخراوەوە كردووە‌و بەیعەتی پێداون‌و لە 17-11-2016 چۆتە شاری سلێمانی‌و چاوی بەكەسێك كەوتووەو پلانیان داناوە بۆ دەربازكردنی ئەو چەكدارانەی داعش كە لەناوچە سنورییەكانی هەڵەبجە دەركەوتن‌و لەلایەن ئاسایشەوە شوێنیان ئاشكرا كرابوو.

 

وەك ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لە 26-11 هێمن بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی‌و هاوكاریی دووكەسی دیكە كە ئێستا ئەوانیش دەستگیركراون، داعشەكانیان گەیاندووەتە هەڵەبجەی تازەو پاشان هێمن بردوونیەتی بۆ ماڵی خۆیان لە دەربەندیخان.

 

لوقمان بەناوی بنەماڵەكەیانەوە ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایش ڕەتدەكاتەوەو بە "سیناریۆ"ی دادەنێت‌و سوورە لەسەرئەوەی براكەی "لەژێر ئەشكەنجەدا" گیانی لەدەستداوە.

 

لەڕوونكردنەوەكەی ئاسایشدا ئەوەشخراوەتەڕوو، هاوسەرەكەی هێمن دانی بەوەدا ناوە كە بۆماوەی 3 ڕۆژ لەسەر داوای هێمن ماڵی خۆیانی جێهێشتووەو چۆتە ماڵی باوكی بەبیانووی ئەوەی میوانیان هەیە.

 

بەڵام هاوسەرەكەی ئەوە ڕەتدەكاتەوەو باسلەوەدەكات لە ئاسایش "ئەشكەنجە دراوە"و لەژێر فشاردا قسەی كردووە.

 

"وتیان قسە بكە بانەتبەن بۆ سلێمانی، منیش هەروتم وانەبووە، ئیتر بردیانم بۆ سلێمانی، لەوێ پرسیارەكانیان لێكردمەوە هەروتم وەڵا شتیوا نەبووە، ئیتر بە بۆری لە قاچ‌و دەستیاندام، كە ئازادكرام بە باوەش دایانگرتم لە سەیارەكە چونكە نەمئەتوانی بڕۆم." شارا ڕەسوڵ هاوسەری هێمن بۆ پەرەگراف وای وت.

 

شارا ئەوە ڕەتدەكاتەوە لەسەرداوای هێمن ماڵی خۆیانی جێهشتبێت، وتی"خۆم چووم بۆ ماڵی دایكم نەك هێمن پێمبڵێت بڕۆ، دایكم زەخت‌و شەكرەی هەیە بۆلای ئەو چووم، نزیكی ماڵی خۆمانن نەشم ویست شەو بمێنمەوە لەبەردایكم مامەوە، ئەو دووشەوەی لەماڵ نەبووم سەردانی ماڵەوەشم كردووەتەوەو كەس نەچووەتە ماڵمان، شەوی سێیەمیش هێمن خۆی هات‌و پێكەوە لەماڵی دایكم بووین."

 

لەگرتە ڤیدیۆییەكدا كە ئاسایش وەك دانپێدانانی شارا بڵاویكردووەتەوە، تێیدا شارا دەردەكەوێت‌و دەڵێت، میوانیان چووەو ئەو لەسەر داوای هێمن بەخێرهاتنی نەكردووە، لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەوە، شارا بە پەرەگرافی وت"ئەوەی كە دەڵێم میوانمان هاتووە 3 ساڵ لەمەوپێش بووە."

 

دیارنەمانی هێمن دوای دەستگیركردنی

 

دوای دەستگیركردنی هێمن لەلایەن ئاسایشەوە، كەسوكارەكەی دەكەونە سۆراخكردنی‌و لەڕێگای چەند كەسێكەوە كە "واستەیان بوون" چەند جارێك هەواڵی جۆراوجۆریان پێدەگات، وەك لوقمانی برای دەڵێت، تادوای هەفتەیەكیش ئاسایش وتوویانە لای ئەوانەو لەژێر لێكۆڵینەوەدایەو تەواو نەبووە، دواتر وتویانە ڕایكردووە لەدەستیان‌و دواتر جارێكی دیكە وتویانە لای ئەوانە، ئەو كەسانەی واستەیان بوون بەمجۆرە هەواڵی هێمنیان گەیاندوەتە كەسوكاری، " تەنانەت وتیان ئەگەری هەیە ئازادبكرێت، چونكە هیچی لەسەر نییە."

 

 هێمن(عەینەك لەچاوەكە) لەكاتی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانی مامۆستایان بۆ مووچە.

 

ئاسایشی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەكەیدا، ئەوەی خستوەتەڕوو، بەمەبەستی شوێن پێهەڵگرتن‌و دۆزینەوەی چەكدارەكانی داعش، هێمنیان بردووەتەوە ئەو شوێنەی كە داعشەكانی لێ دابەزاندوون، دەڵێت"لەكاتی دابەزین و دەستكردن بەگەڕان بەدوای تیرۆرستان ڕووبەڕووبونەوە ڕوودەدات و تۆمەتبار (هێمن محەمەد عەزیز) لەدەست هێزەكانی ئاسایش هەڵدێـت، لەهەمانكاتدا دادوەر ئاگادار دەكرێـتەوە لەسەر هەڵهاتنی تۆمەتبار (هێمن محەمەد عەزیز)و شوێن بزربوونی، پاشان هێزەكانی دەزگای ئاسایش بەدرێژایی سەدان كیلۆمەتر كێوماڵی ناوچەكە دەست پێدەكەن دڵنیا دەبن لە بوونی پێنج چەكداری داعش لە سنورەكە."

 

ئاسایش ئەوەی ڕوون نەكردووەتەوە كە هێمنیان چۆن گواستوەتەوەو وردەكاریی هەڵهاتنی هێمنیان نەخستوەتەڕوو كە چۆن توانیویەتی لەدەست هێزەكانی ئاسایش هەڵبێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی كە ڕێكەوتی 20-12-2016ی لەسەرە واتە 21 ڕۆژ دوای دەستگیركردنی تەرمەكەی هێمن پشكنینی بۆكراوەو ئەوە ڕوونكراوەتەوە كە هێمن 2 هەفتە بەرلە ڕێكەوتی ڕاپۆرتی پزیشكی گیانی لەدەستداوە بەهۆی 2 فیشەك كە بەر قاچی كەوتووە.

 

واتە لەماوەی 5 بۆ 7 ڕۆژ لەدەستگیركردنی، هێمن گیانی لەدەستداوە، ئاسایش ئەوەی ڕوون نەكردووەتەوە كاتێك هێمن لەدەستیان هەڵهاتووە، تەقەیان لێكردووە یان نا.

 

دۆزینەوەی تەرمی هێمن

 

هەوڵی كەسوكاری هێمن بەردەوام دەبێت بۆ سۆراخی كوڕەكەیان، بەڵام وەڵامێكی ڕوون‌و جێ متمانەیان دەستناكەوێت، تادوای سێ مانگ لەدەرچوونی ڕاپۆرتی پزیشكی لەسەر تەرمی هێمن ڕۆژی 20-3-2017 لە بنكەی پۆلیسی سێوسێنانەوە تەلەفۆنێك بۆ لوقمانی برای هێمن دەكرێت.

 

"وتیان وەرە بۆ پۆلیسی سێوسێنان كە ڕۆشتم وتیان تەرمی براكەت لە پزیشكی دادوەرییە بڕۆ بیبەرەوەو كوژراوە، ئەو كوڕە لەناو ئاسایشی سلێمانیدا كوژراوەو تاوانێكەو بەرپرسیارێتی هەیە بۆ ئەوەی كەس خۆی نەكات بە خاوەنی‌و ئەم سیناریۆیەیان دروست كردووە. وتیان لە 20-12 تەرمێك لێرە فڕێدراوەو دۆزیومانەتەوەو بردوومانە بۆ پزیشكی دادوەریی." لوقمان وای وت.

 

ئەوەی پرسیارێكی بێ وەڵامە لای كەسوكاری هێمن، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی لە 20-12-2016 پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ تەرمی هێمن كراوە، بەڵام دوای 3 مانگ كەسوكارەكەی ئاگادار كراوەتەوە كە تەرمی كوڕەكەیان لەپزیشكی دادوەرییە.

 

لوقمان دەڵێت"كە سەیرەكەین تەرمەكە هەر وێران بووەو ئاسەواری ئەشكەنجەی پێوەیە" باوكی گومانی هەبووە ئەوە كوڕەكەی ئەوبێت، دواتر پشكنینی دی ئێن ئەی دەدەن بە كەسوكارەكەی‌و هاوسەرەكەشی لەڕێی نیشانەیەكەوە ناسیویەتییەوە، "ئەوەبوو 6ی ئەم مانگە بە فەرمانی دادوەر تەرمەكەمان وەرگرتەوەو مەفرەزەی ئاسایش لەگەڵمان هات تاگەیشتینە شوێنی خۆمان بۆئەوەی ڕۆژنامەنوس نەبینین‌و مقابەلەمان نەكەن."لوقمان وای وت.

 

ئاسایشی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەكەیدا، باسلەوەدەكات دوای هەڵهاتنی هێمن لەدەستیان، دوو ڕووداوی ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش هەبووەو دواتر تەرمی هێمن لەناوچەی ڕوبەڕوبوونەوەكە دۆزراوەتەوە.

 

ڕووداوەكان 1و4ی 12-2016 لە سەنگاو و گوندی پونگڵە ڕوویانداوەو لەنێوان خەڵكی ناوچەكان‌و چەكدارانی داعش كە شەهیدو برینداریان لێدەكەوێتەوەو لەڕووداوی دووەمدا چوار چەكداری داعش دەكوژرێن كە ئاسایش دەڵێت ئەوانەبوون كە "لەماڵی تۆمەتبار (هێمن محەمەد عەزیز) خۆیان حەشاردابوو."

 

بەدوای باسكردنی ئەم دوو ڕووداوە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت"ئەوە بوو پاش چەند رۆژێك لەلایەن بنكەی پۆلیسی سێوسێنانەوە تەرمێك لە سنورەكەیان دەدۆزنەوە پاش رەوانەكردنی بۆ پزیشكی دادوەری پشكنینی (DNA) بۆ دەكەن‌و دەردەكەوێت تەرمە دۆزراوەكە تۆمەتبار (هێمن محەمەد عەزیز)ـە كە بەپێی راپۆرتی پزیشكی دادوەری سلێمانی لە ئەنجامی بەركەوتنی فیشەك و خوێن بەربوونی زۆر گیانی لەدەستداوە."

 

بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری كە وێنەیەكی لای پەرەگرافە، تەرمی هێمن"شوێنەواری ئەشكەنجەی پێوە نەبووە. 2 شوێنی فیشەك بە لەشیەوە دۆزراوەتەوە لە پشتی ڕانی ڕاستی، لەپشتەوە پێوەی نراوەو لەپێشەوە دەرچوون. نەمانتوانیوە دووریی پێوەنانی فیشەكەكە دیاری بكەین، بەڵام لە یاردێك زیاترە."(یاردێك كەمترە لە مەترێك).

 

لە ئەنجامی كۆتایی پشكنینەكەشدا دەڵێت"هۆكاری مردنەكە توشبوون بووە بەخوێن بەربوونێكی زۆر."

 

دوای وەرگرتنەوەی تەرمەكە، بەخاك سپێردراوەو ئاسایش كەسوكارەكەی ئاگادار كردووەتەوە كە نابێت لەمزگەوت پرسەی بۆ دابنێن‌و خێمە هەڵبدەن‌و لافیتە بنوسن، ئەوانیش لەماڵەوە پرسەیان بۆداناوە.

 

لەبارەی ڕێگەنەدان بە دانانی پرسە، ئاسایش دەڵێت، پێیان باشبوو پرسەی بۆ دانەنرێت "تاكێشەی كۆمەڵایەتی لێنەكەوێتەوە كە ئەمەش داوای بنەماڵەو ئەو عەشرەتانەش بووە كە شەهیدیان دابوو بۆ ئارامی هەرێم."

 

لایخۆیەوە ئومێد حەمە عەلی، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان(گۆڕان) ئەوەدەخاتەڕوو لەبەر ڕۆشنایی یاساو مافی مرۆڤ، تۆمەتبار بێتاوانە تا دادگا یەكلایی دەكاتەوە هەرتاوانێكی كردبێت، "دەبێت بەپێی ڕێكارە یاساییەكان مامەڵەی لەگەڵ بكرێ‌و مافی مرۆڤ ڕەچاوبكرێ، بەپێی یاسا نەك بەپێی میزاج، ناتوانین لەم ڕووداوەدا بەهیچ شێوەیەك باسلە پاراستنی مافی مرۆڤ بكەین."

 

لەبارەی گومانی كەسوكارەكەی كە مامۆستا هێمن بە ئەشكەنجە گیانی لەدەستداوەو بوونی ئەشكەنجە لە دەزگا ئەمنییەكان هەرێم، ئومێد حەمەعەلی هەرچەندە ئاگاداری كەیستی مامۆستا هێمن نییە، بۆ پەرەگراف وتی"هیچ گومانم لەوە نییە كە ئەشكەنجەدانی توند لەناو دامودەزگا ئەمنییەكاندا هەیە، چەندین كەیسیشمان هەبووە لەوبارەیەوە."

 

دۆسیەكەی هێمن محەمەد تائێستا لەنێو كۆمەڵێك پرسیاردا ماوەتەوە، كەسوكارەكەی‌و دەزگا ئەمنییەكان وەكو دوو بەرەی دژ بەیەك وەستاون، هیچ لایەنێكیش وەكو لایەنی سێیەمی پەیوەندیدار‌و یەكلاییكەرەوە قسەی لەسەر ئەو پرسە نەكردووە.