ئاسایش لەسەر وێنەگرتنی ڕووداوێك هەڵدەكوتێتەسەر دەزگای خەندان‌و لەكارمەندێك دەدەن

12-04-2017 07:55
لۆگۆی ئاسایش‌و دەزگای خەندان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

مەفرەزەیەكی ئاسایش سەرەتای ئەم مانگە بەچەكەوە هەڵیانكوتاوەتەسەر دەزگای خەندان لە سلێمانی‌و لە كارمەندێكیانداوە، دواتر ڕووداوەكە لەلایەن هەردوولاوە پەردەپۆش كراوە، بەوتەی سێ سەرچاوەی ئاگادار.

 

ئەوە لەكاتێكدایە سەندیكای ڕۆژنامەنوسان‌و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان، ئەگەرچی ئاگادار نەكراون لەم ڕووداوە، نیگەرانن لە بێدەنگ بوون لەهەر پێشێلكارییەكی لەو جۆرە كە بەرامبەر مافی ڕۆژنامەنوسان بكرێت.

 

سێ سەرچاوەی ئاگادار لەڕووداوەكە كە لەسەر داوای خۆیان‌و لەبەر هەستیاریی بابەتەكە پەرەگراف ناتوانێت زانیاریی لەبارەیانەوە ئاشكرابكات، دەڵێن، 2ی ئەم مانگە، 5 ئاسایش چوونەتە ناو ئۆفیسی سەرەكی دەزگای خەندان‌و بەزللە لەكارمەندێكیان داوە‌و دەموچاوی سوور بووەتەوە، بۆ ماوەیەكیش بەڕێوەبەری دەزگاكەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

 

سەرەتای ڕووداوەكە، بەوتەی سەرچاوەكان، لەوەوە بووە كە هێزێكی ئاسایش دەوروبەری كاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ چالاكییەكیان ئەنجامداوە لە شەقامی سالم لە سلێمانی بەرامبەر بە دەزگای خەندان، لەوكاتەشدا چەند ڕۆژنامەنوسێكی خەندان ڤیدیۆی چالاكییەكەیان تۆماركردووە، ئەمەش نیگەرانیی هێزەكەی ئاسایشی لێكەوتووەتەوەو 5 لە ئاسایشەكان چوونەتەسەر خەندان.

 

هەرسێ سەرچاوەكە ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە ئاسایشەكان كە چەكداربوون كاتێك چوونەتە ناو خەندان‌و دوای لێدان لەكارمەندێكی پرسگە، بەڕێوەبەری دەزگاكەیان لەگەڵ خۆیان بردووەو دوای كەمتر لە كاتژمێرێك ئازادیان كردووە.

 

هەرچەندە ڕووداوەكە سەرەتای ئەم مانگە ڕوویداوە، بەڵام پەرەگراف لەزاری سەرچاوەكانەوە زانیویەتی ئاسایش‌و دەزگای خەندان ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی بڵاونەبێتەوەو پەردەپۆش بكرێت‌و لەنێوان خۆیاندا چارەسەری بكەن، وەك سەرچاوەكان دەڵێن، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ سێ شەممە(11-4) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی سەردانی خەندانی كردووە.

 

خەندان نزیكە لە بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، دوای ڕووداوەكەش لە ڕێگەی ستافەكەیەوە ناوبراو لە ڕووداوەكە ئاگادار كراوەتەوە كە ئەوكاتە لەشاری بەغدا بووە بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسێكی ئابوری، ئەمەش بەوتەی سەرچاوەكان.

 

هەریەكە لە بەڕێوەبەری دەزگای خەندان‌و ئاسایشی سلێمانی، ڕەتیدەكەنەوە ئەو ڕووداوە ڕوویدابێت‌.

 

كاروان گەزنەیی، بەڕێوەبەری دەزگای خەندان بە پەرەگرافی وت"بەهیچ شێوەیەك شتیوانەبووەو ئەگەر شتێك هەبوایە خۆمان بڵاومان دەكردەوە."

 

هاوكات رائید ڕزگار بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی"سەردانم كردوون هیچ حاڵەتێكی خراپ ڕووینەداوە‌و هیچ لێدوانێكمان نییە لەسەری."

 

سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان‌و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان، ئاگادار نەكراونەتەوە لە ڕووداوەكە، هەربۆیە نەیانتوانیوە بەدواداچوونی بۆبكەن‌و لایخۆیان تۆماری بكەن، ئەوان داوادەكەن ڕۆژنامەنوسان بێدەنگ نەبێت لەهەر پێشێلكارییەك ئەگەر بەرامبەریان ئەنجامبدرێت.

 

كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان ئەوەی خستەڕوو، لە ڕووداوێكی لەوجۆرە ئاگادار نەكراونەتەوە، وتیشی"دەبێت كەسێكیان بێت سكاڵا تۆماربكات ئەوكات لەگەڵ ئاسایش لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەین."

 

سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان، مایەی سەرسوڕمان بوو بەلایەوە كە ئاگادار نەكرێن لە ڕووداوێكی لەوجۆرە، وتی"كەسێك خۆی داوای مافی خۆی نەكات ناتوانین هیچی بۆبكەین، ڕۆژنامەنوس دەبێت لەقوڕگی بەرامبەرەكەیدا مافی خۆی وەربگرێتەوە، پێمسەیرە، كەسێك بچنە ئۆفیسەكەی‌و تەحەدای بكەن بۆ بێدەنگ دەبێت پرسیارەكە ئەوەیە."

 

هاوكات ڕەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان، بەهەمان شێوە ئەوەی خستەڕوو كە ئاگاداری ئەو ڕووداوەنین‌و كەس پێی نەوتوون.

 

بەشێوەیەكی گشتی‌و بەدەر لەو ڕووداوە كە ئەوان زانیارییان لەبارەیەوە نییە، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتی"ئەوەی بێدەنگ بێت‌و تاوانێكی لەوجۆرە بشارێتەوەو قسەی لەسەر نەكات‌و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار نەكاتەوە بەشدارە لە تاوانەكە، لەهەر دەزگایەك بێت."

 

لەبارەی بەدواداچوون كردن لەسەر ئەم كەیسەو تۆماركردنی لە سەنتەرەكەیان، ڕەحمان غەریب وتی"ئەگەر كەسێك لەو دەزگایە قسەمان بۆنەكات ناتوانین قسەی لەسەر بكەین."