پێشبینیدەكرێت 1500 ڕوفاتیان تێدابێت

لە 35 گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزدییەكان یەك گۆڕ هەڵدراوەتەوە
16-04-2017 01:41
گۆڕێكی بە كۆمەڵ، مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو لەحەمام عەلیل بەدوری 30كیلۆمەتر لە باشوری موسڵ دۆزرایەوە. فۆتۆ: بەلكیس ویللی/هیومان ڕایتس وۆچ.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزدییەكان 35 گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزدییەكانی دەستنیشانكردووە، بەڵام تائێستا تەنیا یەك گۆڕیان هەڵدراوەتەوە، پێشبینیدەكرێت تەواوی گۆڕەكان، 1300 تا 1500 ڕوفاتی ئەو پێكهاتە ئاینییەی تێدابێت.

 

حوسێن قاسم شەنگالی، وتەبێژی لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزدییەكان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (كەركوك ناو)ی وت"لیژنەكە تائێستا 35 شوێنی گۆڕی بە كۆمەڵی دەستنیشانكردووە كە هەموویان هی ئێزدییەكانن‌و پێشبینیدەكەین ژمارەیان لەنێوان (1300 تا 1500) كەس دەبێت، بەڵام لیژنەكە كاردەكات بۆ دەستنیشانكردنی شوێنی گۆڕی بە كۆمەڵی شەبەك، كاكەیی‌و مەسیحییەكانیش ئەگەر هەبن."

 

ئەو لیژنەیە سەر بە وەزارەتی شەهیدان‌و كەسوكاری ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كاردەكات بۆ ناساندنی كەیسی ئێزدییەكان بۆئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێنرێت.

 

حوسێن شەنگالی دەڵێت"بەپێی بەڵگەنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان لیژنەكەمان‌و لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری بێسەروشوێنان (ICMP) تائێستا چوار خولی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی بۆ كادیرانی خۆماڵی كراوەتەوە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی توانستی زانیاری كادیران لە دەستنیشانكردنی كەیسەكان."

 

لیژنەكە تائێستا تەنیا یەك گۆڕی بە كۆمەڵی لەسەر چیای شەنگال هەڵداوەتەوە كە 67 ڕوفاتی تێدابووەو پشكنینی دی ئێن ئەی-یان بۆ كراوە.

 

"هیچ گۆڕێكی دیكە هەڵنەدراونەتەوە، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنیان‌و كاركردن لە سەریان بەپێوەری نێودەوڵەتی". حوسێن شەنگالی زیاتر وتی"تاكۆتایی ئەمساڵ بە هاوكاری (ICMP) هەموو گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەڵدەدرێنەوە."

 

ئێزدییەكان ڕوبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ‌و راوەدونان‌و پێشێلكاری بوونەوە بەدەستی چەكدارانی داعش، دوای ئەوەی ئەو ڕێكخراوە، لە ئابی 2014 قەزای شەنگال‌و دەوروبەری كۆنتڕۆڵكرد.

 

بەپێی ڕاپۆرتێكی تۆڕی هاوپەیمانی كەمینەكانی عێراق، داعش شەش هەزارو 255 ئێزدیی ڕفاندووەو سەدا 59ی ئەو ژمارەیە ڕزگاریان نەبووە، كە هەزارو 940یان ژنن‌و لەناو ئەو ڕێكخراوەدا وەكو كەنیزەك مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.

 

كەیسی ئێزدییەكان كاردانەوەی ناوخۆیی‌و جیهانی بەدواداهات‌و دانپێدانان‌و پشتگیری نێودەوڵەتی هەیە بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسەكە، لەوانە كۆنگرێسی ئەمەریكا‌و پەرلەمانی ئەوروپاو چەندین وڵاتی دیكە، بەڵام ئێزدییەكان خوازیارن لەڕووی یاساییەوە‌و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە جینۆساید بناسێنرێت.

 

حوسێن شەنگالی وتی"هەوڵی گەڕان بەدوای گۆڕی تردا بەردەوام دەبێت، بەتایبەت دوای نەمانی داعش لە باشووری شەنگال‌و ناوچەكانی دیكە."

 

بەپێی زانیارییەكانی لیژنەی باڵای بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزدییەكان چەندین شوێنی گۆڕی تاكە كەسی ئێزدییەكانیش هەن.

 

حوسێن شەنگالی وتی"سێ هۆكار وایكردووە دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نەكرێت، ئەوانیش ململانێی سیاسی لە ناوچەكانی ئێزدی، هەروەها نزیكی هەندێك شوێنی گۆڕی بە كۆمەڵ لە داعش‌و قەیرانی دارایی كە هەرێم نەیتوانیوە پارە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانبكات."