سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان: ریفراندۆم لەپەرلەمانی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە

22-04-2017 02:44
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان. فۆتۆ: بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف

 

سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دواین هەڵوێستی هەردوو حزبی لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاندو دەڵێت، چارەی خۆنوسین‌و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە، پێویستە ئامادەكاری هەمەلایەنەی بۆ بكرێت بەئەنجامدانی ریفراندۆمیشەوەو ئەم پرسەش لەپەرلەمانی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە.

 

ئەو هەڵوێستەی یەكێتی‌و گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا هاتووە كە دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی هاوبەشی نێوانیان، بڵاویانكردەوە.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن‌و ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.

 

لەڕاگەیەندراوەكەدا سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی گۆڕان تەئكیدی لەوەكردووەتەوە كە ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی‌و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، لەبەر رۆشنایی ماددەی (11)ی ڕێكەوتنامەی سیاسی نێوان یەكێتی و گۆڕان پشتیوانی دەكەن، كە تێیدا هاتووە"هەردوولا كۆكن لەسەرئەوەی، كە مافی چارەی خۆنوسین و راگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە، پێویستە ئامادەكاری هەمەلایەنەی بۆ بكرێت بەئەنجامدانی ریفراندۆمیشەوە، ئەم بابەتە بابەتێكی نیشتمانیە و لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە."

 

سەركردایەتییە هاوبەشەكە دەشڵێت"هەردوولا كۆكن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی سنوری ئیداریی هەرێمی كوردستان."

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یەكێكە لەپرسە گەرمەكانی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان‌و پارتی‌و یەكێتی پێكەوە بڕیاریانداوە ئەمساڵ ئەو پڕۆسەیە ئەنجامبدەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو دوو حزبە سەرەتای ئەم مانگە پێكەوە سەردانی لایەنەكانیان كرد بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەپێناو دیاریكردنی كات‌و میكانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

 

بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوو پێشوازی لە وەفدە هاوبەشەكەی پارتی‌و یەكێتی بكات‌و كۆبوونەوەی ڕەتكردەوەو ئەو پرسەی بە كاری پەرلەمان دانا.

 

11ی ئەم مانگەش پارتی‌و یەكێتی لە ئاستی باڵادا كۆبوونەوەو بڕیاریاندا لەگەڵ لایەنەكانی دیكە لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنن بۆ سەرپەرشتیكردن‌و زەمینەسازیی پڕۆسەی ڕیفراندۆم.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان

 

سەرلەبەیانی ئەمرۆ (22/4/2017) سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسلێمانی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

 

لە كۆبونەوەكەدا تاوتۆێی چەند پرسێك كراو ڕاو بۆچوونی پێویستیان لەبارەوە ئاڵۆرگۆڕكرا، كە گرنگترینیان ئەمانەن:

 

یەكەم: سەركردایەتی هاوبەش جەخت دەكاتەوە لەوەی، كە ریفراندۆم و سەربەخۆیی‌و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، لەبەر رۆشنایی ماددەی (11)ی رێكەوتنامەی سیاسی نێوان یەكێتی و گۆڕان پشتیوانی دەكەین، كە تێدا هاتووە:

 

1/ هەردوولا كۆكن لەسەرئەوەی، كە مافی چارەی خۆنوسین و راگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە، پێویستە ئامادەكاری هەمەلایەنەی بۆ بكرێت بەئەنجامدانی ریفراندۆمیشەوە، ئەم بابەتە بابەتێكی نیشتمانیە و لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە.

 

2/ هەردوولا كۆكن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی سنوری ئیداریی هەرێمی كوردستان)

 

دووەم: بابەتەكانی پەیوەست بەژیان خەڵكی كوردستان و باشتركردنی دۆخی گوزەران و چاككردنی باری دارایی و ئابوری، لە تەوەرە سەرەكی و گرنگەكانی كۆبونەوەكە بوو.

 

سێ یەم: رێكخستنەوەو باشتركردنی كارگێڕی خۆجێتی لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین، بەتێرو تەسەلی گفتوگۆیان لەسەر كرا، لەو پێناوەشدا كۆسپەكانی بەردەم جێبەجێكردنی رێكەوتنەكانی نێوان هەردوولا دەستنیشانكران و میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنیان بڕیاری لەسەردرا.

 

لەتەوەری كۆتایی كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا، هەماهەنگی و هاوكاری هەردوولا بەهێزتر بكرێت و كۆبونەوەكانی سەركردایەتی هاوبەش بەردەوام بن لەماوەیەكی نزیكدا كۆبونەوەی داهاتوو ئەنجام بدرێ.


سەركردایەتی هاوبەشی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان
22/4/2017