وەزارەتی پێشمەرگە: بۆردومانی پێشمەرگە لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە قابیلی قبوڵ نییە

25-04-2017 12:19

 

پەرەگراف

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم هەڵوێستی فەرمیی خۆی ڕاگەیاند لەبارەی هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر چیای شەنگال و شەهیدو برینداركردنی ژمارەیەك پێشمەرگەو دەڵێت: ئەو هێرشانە قابیلی قبوڵ نییە.

 

كاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەكانی توركیا بەچڕی بۆردومانی چیای شەنگالیان كرد، وەزارەتی پێشمەرگە بەفەرمی شەهیدبوونی 5 پێشمەرگەو برینداربوونی 9ی دیكەی ڕاگەیاند.

 

توركیا دەڵێت بە ئامانجی لێدان لە گەریلاكانی پەكەكە‌و ئەو هێزانەی سەربە ئەوانن بۆردومانەكەی كردووە، بەڵام زیانی زۆر بەر پێشمەرگە كەوتووەو وەك میدیاكانی نزیك لە پەكەكە دەڵێن، یەك شەڕڤان شەهید بووەو شەڕڤانێكی دیكەیان برینداربووە.

 

 

ئاسەواری بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر چیای شەنگال. فۆتۆ: ڕۆژنیوز.

 

وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت"شەهیدو برینداربوونی پێشمەرگە جێی داخێكی زۆرەو بۆردومانكردنی پێشمەرگە لەلایەن توركیاوە قابیلی قبوڵ نییەو ڕاشیدەگەیێنین كە ئەم كێشەو گرفتانە هەمووی لە ئەنجامی هەبوونی پەكەكەیە لەو ناوچەیەو بوونیشیان سەرئێشەو گرفتی بۆ خەڵكی ناوچەكەو هەرێمی كوردستان ناوەتەوە."

 

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستوەتەڕوو، زۆرجار داوا لە پەكەكە كراوە چیای شەنگال چۆڵ بكات، بەڵام گوێیان لە داواكە نەگرتووە، دەشڵێت"لێرەدا دووبارە داوا دەكەین كە پەكەكە هێزەكانی لە چیای شەنگال ‌و دەوروبەری بكێشێنێتەوەو چیتر نەبنەمایەی ناسەقامگیری‌و قووڵتربوونی كێشەكان لەم ناوچەیەداو ڕێگەبدەن ژیان بۆ خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە."

 

 

ئاسەواری بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر چیای شەنگال. فۆتۆ: ڕۆژنیوز.

 

بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لەكاتێكدایە چەندجارێك بەرپرسانی باڵای توركیا لەناویاندا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هەڕەشەی ئەوەیان كردووە هێرش دەكەنەسەر پەكەكە لە شەنگاو ڕێگا نادەن پەكەكە "شەنگال بكاتە قەندیلی دووەم."

  

لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویان كردووەتەوە، كاولكارییەكانی هێرشەكانی سوپای توركیا لە چیای شەنگال دەبینرێن، ئەوەش دەردەكەوێت ئەو ناوچەیە بۆردومان كراوە، ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدا هەڵكراوە.

 

ئاسەواری بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا. ڤیدیۆ؛ فورات نیوز.

 

هەریەكە لە پارتی‌و پەكەكە وەك دوو حزبی سەرەكیی لەشەنگال ناكۆكی قوڵیان هەیە، ئەوەش لەوكاتەوە سەریهەڵدا كە قەزاكە لە سەرەتای مانگی 8ی 2014 كەوتە دەست داعش‌و گەریلاكانی پەكەكە ڕۆڵیان هەبوو لە پاراستنی بەشێكی زۆر خەڵكی ئێزدی‌و دوای ڕزگاركردنی چەندین ناوچە لەدەست داعش، جێگیربوون‌و نەكشاونەتەوە.

 

ئاسەواری بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر چیای شەنگال. فۆتۆ: ڕۆژنیوز.

 

پەرەگراف پێشتر كۆبوونەوەیەكی باڵای پارتی‌و پەكەكەی لەسەر پرسی شەنگال ئاشكراكرد، پەكەكە ئامانجی چوونی گەریلاكانی بۆ شەنگال خستوەتەڕوو، تەئكیدی لەوەشكردووەتەوە هەتا ئەو ئامانجانە جێبەجێ نەبن ناكشێنەوە.

 

سەرچاوەیەكی باڵای پەكەكە پێشتر بۆ پەرەگراف وتی"ئامانجمان ئەوەیە ئێزدییەكان سیستمی خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆیان دابمەزرێنن‌و ناوچەكانیان لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوەببرێن، هەروەها هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ پاراستنیان، تائەوەی داعش بەسەری هێنان دووبارە نەبێتەوە."

 

پارتی دژی ئەوداوایەی پەكەكە وەستاوەتەوەو پێیوایە هەوڵەكەی پەكەكە جۆرێكە لە دابڕینی شەنگال لەخاكی كوردستان‌و كردنی بەناوچەی جێ نفوزی خۆی، هەربۆیە لەگەڵ سوپاسكردن‌و نرخاندنی ڕۆڵی گەریلاكانی پەكەكە لەپاراستنی ئێزدییەكان، بەڵام سوورە لەسەر كشانەوەیان لە شەنگال‌و دەوروبەری.

 

پەكەكە پێشمەرگەكانی سەربە پارتی تۆمەتباردەكات بە ڕادەستكردنی ناوچەكانی شەنگال‌و دەوروبەری بە داعش، هەرچەندە سۆزی بەشێك لە خەڵكی ئێزدی لەگەڵدایە بەهۆی پاراستنیانەوە، بەڵام جڤاتی باڵای ڕۆحانیی ئێزدی هاوشانی پارتی داوای كشانەوەی پەكەكە لە شەنگال دەكات.

 

ئێستا كە زیاتر لە ساڵێك‌و چوار مانگە شەنگال ڕزگاركراوەو مەترسی داعشی لەسەر نەماوە، بەڵام ململانێكانی نێوان پارتی‌و پەكەكە مەترسی بۆسەر كۆمەڵگای ئێزدییەكان دروستكردووەو سەرەتای مانگی ڕابردووش شەڕی چەكداریی لێكەوتەوە لەنێوان یەبەشە(سەربە پەكەكە)و پێشمەرگەگانی ڕۆژئاوا(سەربە پارتی) كە كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.