بۆردومانەكەی توركیا بۆسەر شەنگال كێشەكانی نێوان پارتی‌و پەكەكە گەرم دەكاتەوە

25-04-2017 05:09
ئاسەواری بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر چیای شەنگال. فۆتۆ: ڕۆژنیوز.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر شەنگال جارێكی دیكە كێشەكانی نێوان پارتی‌و پەكەكەی لەو ناوچەیە گەرمكردەوە، پارتی هێرشی توند دەكاتەسەر پەكەكەو بەهۆكاری هێرشەكەی دەزانێت، پەكەكەش وەڵامی دەداتەوە.

 

كاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەكانی توركیا بەچڕی بۆردومانی چیای شەنگالیان كرد، وەزارەتی پێشمەرگە بەفەرمی شەهیدبوونی 5 پێشمەرگەو برینداربوونی 9ی دیكەی ڕاگەیاند.

 

بۆردومانەكە یەكەم هێرشی توركیایە بۆسەر شەنگال كە پێشتر چەندجارێك هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە بەهۆی بوونی پەكەكەوە هێرشدەكات‌و ڕێگە نادات"شەنگال ببێتە قەندیلی دووەم" هێرشەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو حزب‌و لایەنەكانی هەرێم ئیدانەیان كرد.

 

لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، سەرباری ناڕەزایی پیشاندان‌و ئیدانەكردنی توندی هێرشەكەی توركیا، هاوكات ڕەخنەی توند لە پەكەكە دەگرێت‌و بوونی ئەوان لەشەنگال بەهۆكاری هێرشەكە دادەنێت، دەڵێت"جارێكی دیكە ئەو راستییە بە بیری هاوڵاتیانی خۆمان و هەموو لایەك دێنینەوە كە ئەم روداوە و هەر روداوێكی دیكەی هاوشێوە لە ئاكامی وجودی نارەوا و خۆسەپێنی پەكەكەیە لە هەرێمی كوردستاندا."

 

هەروەها پارتی جارێكی دیكە تەئكید لەوەدەكاتەوە كە دەبێت پەكەكە شەنگال چۆڵ بكات.

 

هاوكات وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا بەهەمانشێوە هۆكاری هێرشەكەی بۆ بوونی پەكەكە لە شەنگال گەڕاندوەتەوەو جارێكی دیكە داوادەكات هێزەكانی لە شەنگال بكێشێتەوە.

 

 

ئاسەواری بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر چیای شەنگال. فۆتۆ: ڕۆژنیوز.

 

هەریەكە لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و فراكسیۆنەكانی یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ‌و بزووتنەوەی ئیسلامیش ئیدانەی هێرشەكەی سوپای توركیایان كردو داوایان لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد ئیدانەی بكەن‌و ڕێگری لە سوپای توركیا بكەن.

 

هەروەها مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەیاننامەیەكدا سەرباری ئیدانەكردنی هێرشەكەی توركیا، ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كێشەی شەنگال دەبێت بەگفتوگۆ‌و بەپێی ڕێساو یاسای حكومەتی هەرێم‌و بەغداد چارەسەر بكرێت‌.

 

 پارتی‌و پەكەكە وەك دوو حزبی سەرەكیی لە شەنگال كێشەو ناكۆكی قوڵیان هەیە، ئەوەش لەوكاتەوە سەریهەڵدا كە قەزاكە لە سەرەتای مانگی 8ی 2014 كەوتە دەست داعش‌و گەریلاكانی پەكەكە ڕۆڵیان هەبوو لە پاراستنی بەشێكی زۆر خەڵكی ئێزدی‌و دوای ڕزگاركردنی چەندین ناوچە لەدەست داعش، جێگیربوون‌و نەكشاونەتەوە.

 

پەكەكە سوورە لەسەر نەكشانەوەی گەریلاكانی لە شەنگال هەتا داواكارییەكانی جێبەجێ دەكرێت كە پەیوەندییان بە وەرگرتنی ڕای خەڵكی ناوچەكەوە هەیە بۆ چارەسەر پرسی شەنگال.

 

سەرحەد وارتۆ، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) كە پەكەكەو هەپەگە بەشێكن لێی‌و چەتری كۆكەرەوەی تەواوی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو هێرشەكەی ئەمڕۆی سوپای توركیا زیانی بۆ ئەوان نەبووە، وتیشی"ئەو هێرشەی كرایەسەر شەنگال درێژكراوەی هێرشەكەی داعشە لەمانگی 8ی 2014و هێرشەكەی پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا لە سەرەتای مانگی ڕابردوو."

 

وتەبێژەكەی كەجەكە ڕەخنەی لە سیاسەتی پارتی لەگەڵ حكومەتی توركیا گرت‌و ئەوەشی خستەڕوو، شەنگال پرسی كوردو عێراق‌و پرسێكی نێودەوڵەتییەو توركیا لەدەرەوەی ئەو پرسەیە.

 

"توركیا لەهەركوێ دەستكەوتێكی كورد هەبێت دەیەوێت هێرشی بكاتەسەر، هێرشی كردەسەر ڕۆژئاوای كوردستانیش تەنانەت هێرشی كردەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك، توركیا دوژمنی كوردانە. پرسی كورد لەناوخۆی كورداندا چارەسەر دەكرێت، توركیا لەو هێرشانە هیچی دەستناكەوێت."سەرحەد وارتۆ وای وت.

 

 

ئاسەواری بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا. ڤیدیۆ؛ فورات نیوز.

 

ململانێكانی پارتی‌و پەكەكە لە شەنگال، سەرەتای مانگی ڕابردوو شەڕی چەكداریی لێكەوتەوە لەناوچەی خانەسۆر سەربە ناحیەی سنونێ لەنێوان یەبەشە(سەربە پەكەكە)و پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا(سەربە پارتی) كە بەهۆیەوە چەند كوژراو و بریندارێك هەبوون‌و جارێكی دیكە ئێزدییەكان ئاوارەبوونەوە.

 

بەوتەی سەرحەد وارتۆ لەدوای ئەو شەڕەی خانەسۆر هیچ كۆبوونەوەو گفتوگۆیەك لە نێوان ئەوان‌و پارتیدا ئەنجامنەدراوە بۆچارەسەری پرسی شەنگال، پەكەكە پێیوایە دۆخەكە بۆ گفتوگۆ لەبارنییە، وتی"پێویستە پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا بكشێنەوەو مەرجەكانی گفتوگۆ ئامادەبكرێت، لەژێر هێرشكاریدا گفتوگۆ ناكرێت."

 

لەبارەی ڕای پەكەكە بۆ چارەسەری پرسی شەنگال، سەرحەد وارتۆ وتی"پێویستە ئیرادەی خەڵكی شەنگال وەربگیرێ‌و بڕیاری ئەوانە چۆن پرسی شەنگال چارەسەر دەكەن، ئەوان تێكۆشان دەكەن‌و شەڕیان كردووەو هێزی خۆیان هەیە، پێویستە بەرلە هەرشتێك ڕای ئەوان وەربگیرێ بزانرێت چییان دەوێت. پێویستە هەموو كورد پشتیوانی داخوازیی خەڵكی شەنگال بكەن، شەنگال پرسی پەكەكەو پارتی نییەو پرسی خەڵكی ناوچەكەیە."

 

لەبارەی كشانەوەی گەریلاكانی پەكەكە كە پارتی سوورە لەسەری، وتەبێژەكەی كەجەكە وتی"دوای چارەسەركردنی پرسی شەنگال ئەوكات گفتوگۆ دەكرێت كە ڕۆڵی پەكەكەو پارتی یان پێشمەرگەو عێراق چیدەبێت؟ ئەو كات گفتوگۆی لەسەر دەكرێت نەك ئێستا."

 

پەرەگراف پێشتر كۆبوونەوەیەكی باڵای پارتی‌و پەكەكەی لەسەر پرسی شەنگال ئاشكراكرد كە سەرەتای ئەمساڵ ئەنجامدراوە‌و پەكەكە ئامانجی چوونی گەریلاكانی بۆ شەنگال خستوەتەڕوو، تەئكیدی لەوەشكردووەتەوە هەتا ئەو ئامانجانە جێبەجێ نەبن ناكشێنەوە.

 

سەرچاوەیەكی باڵای پەكەكە پێشتر بۆ پەرەگراف وتی"ئامانجمان ئەوەیە ئێزدییەكان سیستمی خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆیان دابمەزرێنن‌و ناوچەكانیان لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوەببرێن، هەروەها هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ پاراستنیان، تائەوەی داعش بەسەری هێنان دووبارە نەبێتەوە."

 

پارتی دژی ئەوداوایەی پەكەكە وەستاوەتەوەو پێیوایە هەوڵەكەی پەكەكە جۆرێكە لە دابڕینی شەنگال لەخاكی كوردستان‌و كردنی بەناوچەی جێ نفوزی خۆی، هەربۆیە لەگەڵ سوپاسكردن‌و نرخاندنی ڕۆڵی گەریلاكانی پەكەكە لەپاراستنی ئێزدییەكان، بەڵام سوورە لەسەر كشانەوەیان لە شەنگال‌و دەوروبەری.

 

پەكەكە پێشمەرگەكانی سەربە پارتی تۆمەتبار دەكات بە ڕادەستكردنی ناوچەكانی شەنگال‌و دەوروبەری بە داعش، هەرچەندە سۆزی بەشێك لە خەڵكی ئێزدی لەگەڵدایە بەهۆی پاراستنیانەوە، بەڵام جڤاتی باڵای ڕۆحانیی ئێزدی هاوشانی پارتی داوای كشانەوەی پەكەكە لە شەنگال دەكات.

 

ئێستا كە زیاتر لە ساڵێك‌و چوار مانگە شەنگال ڕزگاركراوەو مەترسی داعشی لەسەر نەماوە، بەڵام مەترسیی ململانێكانی نێوان پارتی‌و پەكەكە بۆسەر كۆمەڵگای ئێزدییەكان بەردەوامە.