بارزانی‌و حكومەتی هەرێم هەڵوێستیان ڕانەگەیاندووە لەبارەی بۆردومانەكانی توركیا

26-04-2017 05:54

 


پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی‌و حكومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێكیان ڕانەگەیاندووە لەبارەی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە لەچیای شەنگال كە بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە شەهیدبوون‌و 8ی دیكەش برینداربوون.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە زیاتر لە 24 كاتژمێر بەسەر هێرشەكەدا تێپەڕیوەو رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای هێرشەكە ڕایگەیاند، پێشتر هەرێمی كوردستان‌و مەسعود بارزانییان ئاگاداركردووەتەوە لە ئەنجامدانی هێرشەكە.

 

كاتژمێر دووی بەرەبەیانی دوێنێ فڕۆكەكانی توركیا بەچڕی بۆردومانی چیای شەنگالیان كرد، توركیا دەڵێت بە ئامانجی لێدان لە گەریلاكانی پەكەكە‌و ئەو هێزانەی سەربە ئەوانن بۆردومانەكەی كردووە، بەڵام زیانی زۆر بەر پێشمەرگە كەوت‌و 5 پێشمەرگە شەهیدبوون‌و 9ی دیكە برینداربوون، دواتر یەكێك لە پێشمەرگە بریندارەكان بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە شەهید بوو.

 

هاوكات لەگەڵ بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر شەنگال، توركیا بۆردومانی بارەگاكانی یەپەگەی كرد لە چیای قەرەچوخ لەڕۆژئاوای كوردستان‌و بەهۆیەوە ژمارەیەك شەڕڤان شەهید بوون.

 

بۆردومانەكانی توركیا كاردانەوەی لێكەوتەوەو لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەتی هەرێم، تەنها وەزارەتی پێشمەرگە هەڵوێستی ڕاگەیاندو ئیدانەی كرد.

 

 

ئاسەواری بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر چیای شەنگال. فۆتۆ: ڕۆژنیوز.

 

وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند"شەهیدو برینداربوونی پێشمەرگە جێی داخێكی زۆرەو بۆردومانكردنی پێشمەرگە لەلایەن توركیاوە قابیلی قبوڵ نییەو ڕاشیدەگەیێنین كە ئەم كێشەو گرفتانە هەمووی لە ئەنجامی هەبوونی پەكەكەیە لەو ناوچەیەو بوونیشیان سەرئێشەو گرفتی بۆ خەڵكی ناوچەكەو هەرێمی كوردستان ناوەتەوە."

 

هەریەكە لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و فراكسیۆنەكانی یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ‌و بزووتنەوەی ئیسلامی ئیدانەی بۆردومانەكەیان كرد، لەسەر ئاستی حزبیش مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی بەهەمانشێوە ئیدانەیان كرد، بەڵام تائێستا سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت بێدەنگن لەو ڕووداوەو هەڵوێستیان نییە.

 

بێدەنگیی بارزانی‌و دامەزراوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت لەكاتێكدایە، پێشتر لەكاتی ڕوودانی تەقینەوە یاخود هێرشی پەكەكە لەناوخۆی توركیا بەیاننامەیان دەركردووەو بەتوندی ئیدانەیان كردووەو سەرەخۆشییان لە بنەماڵەی قوربانییەكانی ئەو ڕووداوانە كردووە.

 

كاتێك لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو هێرشێكی تیرۆریستی كرایەسەر فڕۆكەخانەی ئەستەنبوڵ‌و ژمارەیەك كورژاو و برینداری لێكەوتەوە، سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت بەتوندی ئیدانەیان كردو سەرەخۆشییان لە كەسوكاری قوربانییەكان كرد.

 

هەروەها مانگی 2ی هەمان ساڵ لە دوو تەقینەوەدا لە ئەنقەرەو ئامەد ژمارەیەك سەربازی توركیاو هاوڵاتی مەدەنی كوژران‌و برینداربوون، بەهەمانشێوە سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت بەتوندی ئیدانەی ئەو تەقینەوانەیان كردو سەرەخۆشییان لە كەسوكاری قوربانییەكان كرد.

 

بەڵام تائێستا ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت هیچ لێدوان‌و بەیاننامەیەكی تێدانییە لەسەر هێرشەكانی دوێنێی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر چیای شەنگال‌و سەرەخۆشی كردن لە كەسوكاری ئەو 6 پێشمەرگەیەی بەهۆی هێرشەكەوە شەهیدبوون.

 

 ئاسەواری بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆسەر چیای شەنگال. فۆتۆ: ڕۆژنیوز.

 

بۆردومانەكە یەكەم هێرشی توركیابوو بۆسەر شەنگال كە پێشتر چەندجارێك هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە بەهۆی بوونی پەكەكەوە هێرشدەكات‌و ڕێگە نادات"شەنگال ببێتە قەندیلی دووەم"، بەڵام یەكەم هێرش‌و بۆردومانی ئەو وڵاتە نییە بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان.

 

لەساڵی 80كانی سەدەی ڕابردوەوە توركیا چەندینجار بۆردومانی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووەو چەندجارێكیش سنوری هەرێمی بەزاندووەو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجامداوە دژی گەریلاكانی پەكەكە.

 

جگە لەتوركیا، سوپای ئێرانیش چەندینجار ناوچە سنورییەكانی بۆردومان كردووە بەبیانووی بوونی چەكدارانی حزبە كوردییەكانی ئێران، ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووش تۆپبارانی ئێران لەناوچەكانی سیدەكان‌و حاجی ئۆمەران چەند بریندارێكی لێكەوتەوەو ژمارەیەك خێزانیش ئاوارەبوون.

 

حكومەتی هەرێم بەتوندی ئیدانەی تۆپبارانەكانی ئێرانی كردو دواتریش شاندێكی باڵای سەربازیی لەهەرێمی كوردستانەوە چوونە تاران‌و گفتوگۆیان لەسەر ڕەوشەكە كرد.