مام جەلال ئەو "هەڵە گەورەیە" دەخاتەڕو كە بەگەورەترین پاشەكشەی دادەنێت لە مێژوی كورددا

02-05-2017 08:45
جەلال تاڵەبانی


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

جەلال تاڵەبانی باسلە هەڵەیەكی گەورەی سیاسییەكانی كورد دەكات لە ساڵانی 40ی سەدەی ڕابردوو لە باشوورو ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە كاریگەریی خراپی لەسەر بزووتنەوەی كوردو كۆماری كوردستان لە مەهاباد هەبووە.

 

بە بۆچوونی تاڵەبانی تێكەڵكردنی كەسایەتییە عەشایەرەكان بە سیاسەت‌و بردنە پێشەوەیان بۆ سەركردایەتی حزب، ئەو هەڵە گەورەیەیە كە سەركردەكانی كورد كردوویانە، ئەوەش بە یەكێك لە هۆكارەكانی ڕووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد ناودەبات‌و بە یەكەمین ناكۆكیی ناو پارتی دادەنێت لە باشوری كوردستان.

 

ئەو وتانەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی، لە كتێبی (مام جەلال- دیداری تەمەن)دا هاتووە كە بیرەوەرییەكانی مام جەلالە لە چاوپێكەوتنێكی دورودرێژدا كە ماوەی 15 ساڵی خایاندووە(1990-2005).

 

چاوپێكەوتنەكە سەڵاح ڕەشید كەسایەتی سیاسی‌و دۆستی نزیكی تاڵەبانی ئەنجامیداوەو لە كتێبێكدا بە دوو بەرگ كە نزیكی 900 لاپەڕەیە بڵاویكردەوەو ئێستا لە كتێبخانەكاندایە.

 

تاڵەبانی تەمەن 84 ساڵ كە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دوركەوتوەتەوە، لەو دیدارەدا لەسەر زۆربەی قۆناغەكانی ژیانی قسەدەكات‌و وەڵامی پرسیارەكانی ئامادەكاری كتێبەكە دەداتەوە لەبوارەكانی، كۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی، حزبایەتی‌و ژیانی پێشمەرگایەتی.

 

تاڵەبانی لە باسكردنی یەكەم ناكۆكی ناو پارتی تیشكدەخاتەسەرئەوەی پێش دامەزراندنی پارتی حزبی شیوعی‌و پارتی ڕزگاری هەبوون كە بەدەست خەڵكی خوێندەوارەوە بوون، بەڵام بە دامەزراندنی پارتی سەركردایەتیەكی عەشایەری گەڕاوەتەوە بۆ ناو جوڵانەوەی كورد، دەڵێت"پارتی كە دامەزرا سەرۆكەكەی مەلا مستەفا بو، خۆی هەم مەلا بو، هەم سەرۆك عەشیرەت، دوو جێگرەكەشی شێخ لەتیف‌و كاكە زیاد بوون، ئەوە بوبەهۆی ئەوەی كە كۆمەڵێك لە گەنجەكان واز لە پارتی بهێنن."

 

تاڵەبانی كە لەوكاتەدا چەپ بووە، ئەوەدەخاتەڕوو كاتێك ساڵی 1948 ناكۆكی كەوتووە نێوان شێخ لەتیف‌و هەمزە عەبدوڵا، لەناو باڵی چەپی پارتیدا ئەو پرسە تەقیوەتەوەو سەركردایەتییەكی دەرەبەگ بەشتێكی خراپ حسابكراوەو قبوڵكراو نەبووە بەلایانەوە ئاغا لەسەركردایەتی حزبدا هەبێ‌و پێیان باشبووە دۆست‌و لایەنگربن، لەگەڵ ئەوەشدا بوون كە ئەوگرفتانە لە یەكەمین كۆنگرەی پارتیدا چارەسەربكرێن بەتایبەت كە ئەوكات مەلا مستەفا لە سۆڤیەت بووە.

 

تاڵەبانی دەڵێت"بە بۆچوونی من، هەمزە عەبدوڵڵا هەڵەیەكی گەورەی كرد لە مێژوی كوردا كە، عەشایەری هێنایەوە ناو بزوتنەوەی كوردایەتی‌و هێنایەوە ناو رێكخستن."

 

مام جەلال پێیوایە باشتربووە كە ئەوكات پرسی عەشایەرەكان بە جۆرێك چارەسەر بكرایە كە پێشتر حزبی ڕزگاری چارەسەری كردووە، ئەوەش بەوەی كەسایەتییە عەشایەرەكانی وەك لقێك لە حزبەكە داناوە نەك وەك باڵێك لەناو حزبدا كار بكەن.

 

"هەمزە ئەوكارەی تێكەڵاو كردو ئەوانەی هێنایەوە بۆ سەركردایەتی، ئەوە بە گەورەترین پاشەكشە لە روی سیاسی ‌و ئایدیۆلۆجی ‌و چینایەتیەوە ئەژمێرێت، لە مێژوی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی خەڵكی كوردستاندا. ئەو پاشەكشەیە لە مەهابادیش دەستی پێكرد، واتا لە مەهابادیش بە هەمان شێوە بو." تاڵەبانی وادەڵێت.

 

لەوكاتەوە بەدواوە كە تاڵەبانی باسیدەكات‌، تائێستاش عەشیرەت‌و ئاغاو دەرەبەگەكان ڕۆڵیان كاریگەرییان هەیەو لە شۆڕشی ئەیلولدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، ئێستاش لەناو كایەی سیاسی‌، بەتایبەت لە سلكی سەربازی‌و ناو هێزی پێشمەرگە سەرۆك عەشیرەت‌و كوڕو كەسە نزیكەكانیان پۆستی باڵایان هەیە.

 

ڕەخنە لە قازی محەمەد دەگرێت

 

تاڵەبانی لەبارەی هێنانە پێشەوە عەشایەرەكان لە دەورانی كۆماری كوردستاندا، ڕەخنە لە قازی محەمەد دەگرێت‌و پێیوایە كارێكی هەڵەی كردووە، هەمزە عەبدوڵاش ئەو كارەی لە باشوری كوردستان دووبارە كردووەتەوە.

 

مام جەلال ئەوەدەخاتەڕوو، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان (ژ.ك) حزبێك بووە كە لەچین‌و توێژە جیاوازەكان پێكهاتووەو بۆ یەكەمجار جوڵانەوەیەكی جەماوەریی لەناو خەڵكەوە هەڵقوڵاو بووە، بەڵام قازی محەمەد سەركردایەتییە جەماوەرییەكەی لابردووەو ئاغاو دەرەبەگ‌و بازرگانی بردووەتە پێشەوە.

 

"كە سۆڤێت هات‌و قازی محەمەدی كرد بە سەركردەو قازی محەمەدیش وەك سەركردایەتیەكی عەشایەریی دیاربو، ئەو هەستا هەندێ دەوڵەمەندی دانا دانا بۆ سەركردایەتی بەناوی ئەوەی حیزبی نوێیە، ناو نا (حیزبی دیموكراتی كوردستان)، سەركردایەتیە جەماوەرییەكانیان لابرد، وەكو (عەبدولرەحمان زەبیحی ‌و دڵشادی رەسوڵی ‌و نانەوازادە و سدیقی حەیدەریی) و كۆمەڵێك كەسانی وەك ئەوان، ئەوانە هیچیان نەمان ‌و یەك دەستە لە ئاغا و دەرەبەگ ‌و بازرگانی كورد هێنران بەناوی پیاوماقوڵەوە كران بە سەركردایەتی حیزبەكە." تاڵەبانی وادەڵێت.

 

قازی محەمەد كوڕی قازی عەلییەو لە بنەماڵەیەكی ناودارو خوێندەواردا پێگەیشتووە، قازی لە 22-1-1946 كۆماری كوردستانی لەمەهاباد دامەزراندو بووە یەكەم سەرۆك كۆماری كوردستان.

 

تەمەنی كۆماری كوردستان تەنها 11 مانگ بوو، دواتر پێشەوا قازی محەمەد وەك سەرچاوە مێژووییەكان دەڵێن بۆ ڕێگریی لە ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیان لەلایەن ئێرانەوە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەكان كردو لە 30-3-1947 لەگەڵ هەریەكە لە محەمەد حوسێن خانی سەیفی قازی(ئامۆزای پێشەوا)و ئەبولقاسم سەدری قازی(برای پێشەوا) لە مەیدانی چوارچرا لە مەهاباد لەسێدارە دران.

 

تاڵەبانی لەبارەی هۆكاری روخانی كۆماری كوردستانەوە دەڵێت"بەرای من، یەكێك لە هۆكانی روخان ‌و زو هەرەسهێنان ‌و شكستەكەی كۆمار و قازی محەمەد ئەوە بو، كە حیزبەكە سەركردایەتییەكەی بازرگان بون، خۆیان لە بنەڕەتا پیاوی موسالیم ‌و سازشكار بون ‌و تاقەتی خەبات ‌و شۆڕشی درێژخایەنیان نەبو، وایان ئەزانی حكومەتێكیان بۆ دادەنرێت ‌و ئەوان لە بەروبومەكەی ئەخۆن، بەڵام ئەوەبو كە روس كشایەوە ئەوانیش روخان ‌و چۆكیان دادا بۆ شا."

 

تاڵەبانی دەڵێت، هەڵەكە لەوێوە دەستیپێكردووە كە كۆمەڵەی (ژ.ك) وەكخۆی نەماوەتەوەو سۆڤیەت قازی محەمەدی هێناوەو دەوروبەرەكەی پڕكردووە لە عەشایەرو دەرەبەگ، پێشیوایە هەمزە عەبدوڵاش لەژێر كاریگەری مەهابادو سۆڤیەتدا هەمان هەڵوێستی لەناو پارتیدا دووبارە كردووەتەوە.

 

مام جەلال دوو خاڵ باسدەكات كە بە بڕوای ئەو وانەو پەندی گەورەیە لە كۆماری مهابادەوە، لەبارەی خاڵی یەكەمەوە دەڵێت"سۆزی كورد بۆ سۆڤێت ‌و ئەو دەست تێوەردانەی سۆڤێت لە كاروباری كورد، زیانی هەبو بۆ كورد، نەك سود، واتا ئەگەر سۆڤێت قازی محەمەدی نەهێنایە بۆ سەرۆكایەتی كۆماری مەهاباد، بەڵكو (ژ.ك) ببوایە بە حكومەت ‌و حكومەتی گرتبایە دەست، ئەوە بەو شێوەیەیە لێ نەئەهات، كە بینیمان."

 

لەبارەی خاڵی دووەمیشەوە كە تاڵەبانی پێیوایە پەندە بۆ كورد، دەڵێت"بزوتنەوەی كورد، لە كوردستانی عێراقیش ئەوەندە چوبوە پێشەوە، بەڵام بە هێنانەوە باڵی عەشایەری، بوە هۆی ئەوەی كە ئەو گەشەكردنە گیروگرفتی تێكەوت ‌و ئۆباڵی ئەكەوێتە سەر دەستێوەردانی سۆڤێتیش. لەبەرئەوە دەستێوەردانی سۆڤێتەكان لە كاروباری كورد، هەم خراپ بو بۆ كورد و هەم بۆ بۆ سۆڤیەت."