مەلا مستەفا خۆی بە سەربازی عەبدولكەریم قاسم دادەنا، چی نێوانیانی تێكدا؟

03-05-2017 07:39
عەبدولكەریم قاسم‌و مەلا مستەفا

 

پەرەگراف

 

پەیوەندی پتەوی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسم بەجۆرێك بووە كە بارزانی ڕازی نەبووە لە سەربازی قاسم زیاتری پێبگوترێت‌و هێناویەتییە ڕیزی شێخ ئەحمەدی برای‌و وتویەتی "ئیتاعەی موتڵەقی دەكەم"، بەڵام كێشەیەكی عەشائیری‌و كوژرانی ئاغایەكی زێباری بە فەرمانی بارزانی، سەرەتای تێكچوونی ئەو پەیوەندییە بووە، وەك جەلال تاڵەبانی دەیگێڕێتەوە.

 

تاڵەبانی كە كەسێكی نزیكی مەلا مستەفا بووەو كاتێك بارزانی لە سۆڤیەت بووە سەردانی كردووەو وەك خۆی دەڵێت شایەتحاڵی ڕووداوەكان بووە، باسلەوەدەكات پەیوەندی نێوان بارزانی‌و عەبدولكەریم قاسم(سەرۆك وەزیرانی عێراق 1958-1963) بەجۆرێك بووە مەلا مستەفا بەردەوام وتویەتی ئەو سەربازی قاسمە، هەرچەندە سەركردەكانی ناو پارتی، لەگەڵ ئەو بۆچوونەی بارزانی نەبوون‌و مەلا مستەفایان بە سەرۆكی گەلی كورد ناوبردووە، پێیان وابووە ناوبردنی بارزانی وەك سەربازی قاسم نەشیاوە.

 

وەك مام جەلال دەڵێت"كوشتنی ئاغایەكی زێباری بە فەرمانی بارزانی" لە تۆڵەی كوشتنی لاوێكی بارزانیدا، سەرەتای تێكچوونی پەیوەندی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسم بووە.

 

ئەو وتانەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی، لە كتێبی (مام جەلال- دیداری تەمەن)دا هاتووە كە بیرەوەرییەكانی مام جەلالە لە چاوپێكەوتنێكی دورودرێژدا كە ماوەی 15 ساڵی خایاندووە(1990-2005).

 

چاوپێكەوتنەكە سەڵاح ڕەشید كەسایەتی سیاسی‌و دۆستی نزیكی تاڵەبانی ئەنجامیداوەو لە كتێبێكدا بە دوو بەرگ كە نزیكی 900 لاپەڕەیە بڵاویكردوەتەوەو ئێستا لە كتێبخانەكاندایە.

 

تاڵەبانی تەمەن 84 ساڵ كە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دوركەوتوەتەوە، لەو دیدارەدا لەسەر زۆربەی قۆناغەكانی ژیانی قسەدەكات‌و وەڵامی پرسیارەكانی ئامادەكاری كتێبەكە دەداتەوە لەبوارەكانی، كۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی، حزبایەتی‌و ژیانی پێشمەرگایەتی.

 

لە پەیوەندی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسمدا تاڵەبانی ئەوەدەخاتەڕوو، بە بۆچونی ئەو ‌و زۆر كەسی ئەو سەردەمەش پەیوەندی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسم بە شێوەیەكی زۆر ناڕاست‌و ناڕەوا داڕێژراوبووە، مەلا مستەفا هەر لە یەكەم رۆژی هاتنی قاسمەوە وتویەتی"من سەربازی عەبدولكەریم قاسمم، تەنها دو كەس هەیە لە دنیادا ئیتاعەی موتڵەقیان بكەم، یەكێكیان شێخ ئەحمەدە و ئەوی تریان عەبدولكەریم قاسمە."

 

تاڵەبانی دەیگێڕێتەوە كە مەلا مستەفا بە ڕەسمی لە ڕۆژنامەدا بڵاوی كردوەتەوەو لە خۆپیشاندانێكی جەماوەریشدا لە سلێمانی كە بۆ پێشوازی بارزانی ڕێكخراوە وتویەتی"من سەربازی زەعیم عەبدولكەریمم".

 

تاڵەبانی یەكێك بوە لەو كەسانەی ئەوەی پێخۆش نەبوە، لەوتاری نەورۆزی ئەو ساڵەدا كە تاڵەبانی خوێندویەتیەوە باسی مەلا مستەفای وەك سەرۆكی گەلی كورد كردووەو وێنەیەكی بڵاو كردوەتەوە كە لە پشتەوەی نوسیویەتی (سەرۆكی گەورەی گەلی كورد جەنەراڵ مستەفا بارزانی).

 

مام جەلال باسلەوەدەكات مەلا مستەفا بڵاوكردنەوەی ئەو وێنەیەی پێناخۆش بووە، هەروەها لە ئاهەنگی ئەو نەورۆزەدا هەژاری شاعیریش شیعرێكی خوێندۆتەوەو مەلا مستەفا لەویش ناڕازی بوە، "لە ترسی ئەوەی، نەوەكا لە ئاهەنگەكەدا بێتە سەرمان، ئێمە دوای خوێندنەوەی وتار و شیعرەكە، هۆڵی مەلیك فەیسەڵمان بەجێ هێشت كە ئاهەنگەكەی تێدا گێڕدرا."

 

وەك مام جەلال دەڵێت، ئەوان كە ناڕازیی بوون، ویستویانە بە بارزانی بڵێن تۆ سەرۆكی پارتییەكی كە هی نەتەوەی دوهەمە لە عێراق، عەبدولكەریم قاسمیش سەرۆكی هەموو عێراقە، لاریمان نیە، ئەو سەرۆكی سەرۆكەكەمان بێت، بەڵام نابێت تۆ سەربازی ئەو بیت، بەڵام مەلا مستەفا تەئكیدی كردوەتەوە كە"نەخێر من سەربازی عەبدولكەریم قاسمم."

 

عەبدولكەریم قاسم‌و مەلا مستەفا

 

مەلا مستەفا ڕای وابووە حزب دوو بەرەكی دەخاتە ناو كوردەوەو بە پێچەوانەی تاڵەبانی ‌و ئیبراهیم ئەحمەد گرنگی بە حزب نەدەدا، تاڵەبانی دەڵێت لە كۆنگرەی پێنجەمی پارتی لە ساڵی 1960 لە بەغدا، مەلا مستەفا زۆر دژی حزب قسەی كردووەو وتویەتی"حیزب بەڵایە، حیزب تەفرەقەیە، حیزب تێكدانی میللەتی كوردە."

 

ماوەیەكی زۆر مەلا مستەفا لەسەر ئەو بۆچوونە بووە كە تەنها سەربازێكی عەبدولكەریم قاسمە، تاڵەبانی ئەوە دەگێڕێتەوە كە جارێكیان عەونی یوسف(وادەردەكەوێت بە پێكەنینەوە بوبێت) پێی وتووە"ئەرێ جەنابی مەلا مستەفا تۆ تەرفیعت نەكرد، نەبوی بە نایب عەریف؟ هەر بە سەرباز مایتەوە ئەوە بۆ چەند ساڵ ئەچێت."

 

مەلا مستەفا بە سەركردەیەكی ئازای مەیدانیی دادەنرێت كە سەرپەرشتی شۆڕشی ئەیلولی كردووە لە ساڵی 1961 و تا هەرەسی ساڵی 1975 كەسی یەكەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بووە لە باشوری كوردستان.

 

وردەكاری تێكچوونی نێوانی بارزانی‌و قاسم

 

تێكچوونی پەیوەندی نێوان عەبدولكەریم قاسم‌و مەلا مستەفا، وەك تاڵەبانی باسیدەكات لەسەر كێشەی عەشائیری نێوان بارزانییەكان‌و زێبارییەكان بووەو لە كوشتنی ئەحمەد ئاغای زێبارییەوە دەستپێدەكات.

 

"ئەحمەد ئاغای زێباری یەكێك بو لە دەرەبەگە خوێن رێژەكانی عەشیرەتی زێبار، زۆر كەسی لە بارزانییەكان بە ناهەق كوشتبو، یەكێك لەوانە، لاوێك بو كوڕی ئۆڵۆ بەگی قارەمانی شۆڕشی بارزان بو." تاڵەبانی وا دەڵێت.

 

كوشتنی ئەو لاوە بارزانییە، زۆر كاری كردوەتەسەر مەلا مستەفاو شێخ ئەحمەدی برای، وەك تاڵەبانی دەیگێڕێتەوە شێخ عەبدول سلێمانی كوڕی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، كێبڕكێی مەلا مستەفای كردووەو هەمیشە شێخ ئەحمەدی هانداوە لە مەلا مستەفا بەناوی ئەوەی گوایە مەلا مستەفا لەژێر كاریگەری دایكی كاك مەسعود دایە، حەمایل خان مەحمود ئاغای زێباری.

 

مەلا مستەفا لە بەغدا لە شوێنی تایبەتی خۆی، پێشوازی لە مەحمود ئاغای زێباری كردوەو یارمەتیداوە، ئەوەش وایكردووە شێخ ئەحمەدیان لە مەلا مستەفا هانداوە، مەلا مستەفا بۆ ڕازیكردنی شێخ ئەحمەد، بەتوندی كەوتوەتە دژایەتی زێبارییەكان‌و پەیمانی بە شێخ ئەحمەد داوە، كە تۆڵەی ئەو لاوە بارزانییە بكاتەوە.

 

بارزانی‌و زێبارییەكان دوو عەشیرەتی ناوداری بادینانن‌و ناوچەكانیان نزیكە لە یەكەوەو بە درێژایی مێژوو ناكۆكییان هەبووە، هەرچەندە هەوڵدراوە لەڕێی ژن‌و ژنخوازییەوە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت، بەڵام كێشەكان بەردەوام بوون.

 

تاڵەبانی دەڵێت"مەلا مستەفا، دوو، سێ كەسی لە پیاوەكانی خۆی نارد، (نەگەی نەبی سەر ئاسن ‌و عیسا سوار و مەلا حەسەن) ئەمانە، دوایی بون بە مورافیقی بارزانی، چون لە موسڵ ئەحمەد ئاغای زێباریان كوشت، هەر كە ئەویان كوشت حكومەتیش فەرمانی گرتنی ئەوانی دەركرد."

 

هەڵوێستی پارتی وەك حزب لەو كاتەدا ئەوەبووە، ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە پێویستە بدرێن بە دادگا‌و لەڕێگای دادگاوە چارەسەری كێشەكە بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەبووە وەك پارێزەر بەرگرییان لێبكات‌و كۆمەڵێك پارێزەری دیكەش ئامادەییان دەربڕیوە، بەڵام مەلا مستەفا لەگەڵ ئەوەدا نەبووە.

 

تاڵەبانی دەڵێت، خۆی شاهێدی كارەساتەكەیەو كاتێك عەبدولكەریم قاسم تەقەی لێكرا لەساڵی 1959(نزیك كاتی كوژرانی ئەحمەد ئاغای زێباری) تاڵەبانی لەگەڵ مەلا مستەفا سەردانی قاسمیان كردووە لە نەخۆشخانە، "كە چوینە ژورێ عەبدولكەریم قاسم چاك بوبۆوە، خۆشحاڵ بو بە هاتنەكەی مەلا مستەفا، دانیشت ‌و باسی ئەو كارەساتەی كرد، مەلا مستەفا باسی ئەوەی كرد كە خەڵك گیراون، كەریم قاسمیش وەك سەرۆكی دەوڵەت ‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران قسەی كرد، گوتی"ئەوە تاوانێكە كراوەو كوژراو هەیە، پێویستە لەرێگای دادگاوە چارەسەر بكرێت، با بزانین دادگا چی بڕیار ئەدا."

 

لە بەرامبەردا مەلا مستەفا وتویەتی"وەڵا ئەوە من كردومە! من ئەوانەم ناردووە"، كەریم قاسمیش وتویەتی"نا مەلا مستەفا تۆ نەت ناردون، تۆ پیاویت ‌و كاری وا ناكەیت، تۆ دۆستی منیت، تۆ دژی یاسا ئیش ناكەیت، بێگومان ئەو گەنجانە كۆنە رقیان لە دڵدابوە" مەلا مستەفا لەسەری ڕۆیشتوە‌و وتویەتی"نەخێر من ناردومن، ئەگەر ئەو گەنجانە ئەوەیان كردبێ ئەوە من پێم كردون."

 

تاڵەبانی دەڵێت"كەریم قاسم قیژاندی بەسەر مەلا مستەفادا، یەكەمجار بو من قاسم بە توڕەیی ببینم‌و وتی"تۆ نەت ناردون" بەتوڕەییەكی زۆرەوە وەڵامی دایەوە، بەڕاستی مەلا مستەفا چاوەڕێی ئەمەی نەئەكرد كە كەریم قاسم وا بقیژێنێ بەسەریدا، مەلا مستەفا مات بو، بەڵام زۆری پێ ناخۆشبو."

 

لەو كاتەدا عەبدولكەریم قاسم وتویەتی"قانون‌و عەدالەت هەیە، عەدالەت لەسەر هەمو كەسێكەوەیە، ئەوانە ئەدرێن بە دادگا." تاڵەبانی بۆچوونی وایە، ئەم ڕووداوە سەرەتای تێكچونی پەیوەندی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسم بووە.

 

عەبدولكەریم قاسم كەسێكی نەتەوەیی بووەو جیاوازی لە نێوان كوردو عەرەب نەكردووە، بە كەسێك ناسراوە كە دوو بەرەكی خستوەتە ناو گروپ‌و حزب‌و عەشائیرەكانی چەكدار كردووە، ئەمەش هۆكارێكی دیكەی تێكچوونی پەیوەندییەكەی نێوان بارزانی‌و قاسم بووە.

 

عەشائیری زێباری‌و هەندێ عەشائیری دیكە، دوای تەقەكردن لە قاسم‌و برینداركردنی، چوونەتە لای قاسم‌و سكاڵایان كردووە كە دەچەوسێندرێنەوەو وتویانە"بارزانییەكان ئەمانكوژن" گلەییان كردووە كە قاسم چەكی داوە بە بارزانی‌و بەوانی نەداوە.

 

مام جەلال دەڵێت"پەیوەندی قاسم‌و عەشائیرەكان بۆ ساڵی 1945 دەگەڕێتەوە كاتێك لە بزوتنەوەی بارزانی، قاسم ئامری رەتڵی جاشەكان بووە، ئەم جاشانەی زێباری، هەركی، سورچی، كاتی خۆی شەڕی بارزانیان كردووە."

 

وەك تاڵەبانی باسیدەكات، ئەو پەیوەندییە كاریگەری هەبووەو كتاێك عەشائیرەكان لای قاسم سكاڵایان كردووە ئەویش دڵی داونەتەوەو"100 پارچە چەكی دابو بە زێباریەكان ‌و گوتبوی ئەم چەكانە بۆ پارێزگاری خۆتانە."

 

بەخشینی ئەو چەكانەش مەلا مستەفای زۆر توڕە كردوە، "چونكە مەلا مستەفا خۆی بە سەربازی كەریم قاسم ئەزانی، وای ئەزانی، كەریم قاسم بە ئاسانی بە جاشەكان نایگۆڕێتەوە." تاڵەبانی وا دەڵێت.

 

تاڵەبانی باسلەوەشدەكات هۆی دووەمی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان بارزانی‌و قاسم ئەوەبووە ئەو سەرۆك عەشیرەتانەی كە لە ئەنجامی چاكسازی كشتوكاڵی زەرەرمەند بوبون‌و دەسەڵاتیان لەدەستدا بو، پەنایان بۆ بارزانی بردووەو سكاڵایان لا كردووە.

 

"زۆر بەداخەوە، مەلا مستەفاش گرنگیەكی زۆری بە سەرۆك عەشیرەت، ئاغا، شێخ‌و ئەو جۆرە كەسانە ئەدا." مام جەلال وادەڵێت.