پەرەگراف
هیومان ڕایتس ۆوچ، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی ئاسایشی هەرێم دەكاتو چەندین تۆمەتی ڕوبەڕو دەكاتەوە بەهۆی مامەڵەیان لەگەڵ ئەو توركمانانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە ناوچەكانیان جێهێشتووەو ئاوارەی كەركوك بوون، دەڵێت، بەزۆر خێزانە ئاوارە توركمانە سوننەكان ناچاردەكەن شارەكە جێبهێڵن، لەكاتێكدا ئەو خێزانانە ترسیان هەیە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.
دەستگرتن بەسەر ناسنامەو هەندێكجار ونكردنو سوتاندنیان، دەستگیركردنی كوێرانەو هەڕەمەكیو مامەڵەی خراپ لە دژی گومانلێكراوانی داعش، زیندانیكردنو لێدان، بەشێكن لەو تۆمەتانەی هیومان ڕایتس ۆوچ لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاڕاستەی ئاسایشی كەركوكی كردووە، هەرچەندە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم تۆمەتەكان ڕەتدەكەنەوە.
هیومان ڕایتس ۆوچ كە چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لەسەرتاسەری دونیا، لەزاری ئەو ئاوارە توركمانانەوە دەڵێت، هێزەكانی ئاسایشی حكومەتی هەرێم دەستیان بەسەر كارتی سوودمەندیو ناسنامەكانیان گرتووە، یان هەراسانیان دەكەن. وتیشیان، مەبەست لەم كارە هەوڵدانە بۆ ناچاركردنیان لە گەڕانەوە بۆ شارۆچكەكانیان كە لەژێر كۆنتڕۆڵی كەتیبە شیعە تۆقێنەرەكانی حەشدی شەعبی سەربە حكومەتی عێراقە.
توركمانە سونەكان پێیانوایە، ئەوان ئەم مامەڵە خراپانە پەیوەستە بەو بیروڕایەی لە نێو بەرپرسانی حكومەتی هەرێم هەیە سەبارەت بەوەی كە توركمانەكان لەو ناوچانەوە هاتوون كە هەندێك لە دانیشتوانە سوننەكانیان پشتگیریان لە دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) كردووە.
لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت"هەموو عێراقیەكان مافی ئەوەیان هەیە لە كەشێكی ئارام و سەلامەتدا بژین و ناچاركردنی خێزانە ئاوارە توركمانەكان لە جێهێشتنی ماڵەكانیان بۆ ئەو بەشانەی تری ووڵات كە ژیانیان لە مەترسیدا دەبێت جێگەی شۆك و نیگەرانیە. دەبێت هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست هەڵگرن لە هەراسان كردنی توركمانەكان و ناچاركردنیان بەشێوەیەكی نایاسایی لە جێهێشتنی كەركوك."
لە وەڵامە نوسراوێكدا بۆ داوایەكی هیومان ڕایتس ۆوچ، وتەبێژێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نكۆڵیكردووە لەوەی كە ئاوارەكان دوا مۆڵەتیان بۆ دیاری كرابێ لە جێهێشتنی كەركوكو جیاكاری لەدژی هیچ نەتەوەو ئاینێك كرابێت بە توركمانیشەوە، بەڵام، ئاماژەی بەوەكرد، لەسەربنەمای بڕیارێكی بەرپرسانی ناوخۆیی، ئەو ئاوارانەی ناوچەكانیان لە چەند مانگی ڕابردوو یان ساڵی ڕابردوو ئازاد كراون هاریكاری دەكرێن لە گەڕانەوە بۆ زێدو ناوچەكانی خۆیان.
هیومان ڕایتس ۆوچ ئەوەی خستوەتەڕوو كە لەدوای هێرشێكی داعش بۆ سەر كەركوك لە ڕێكەوتی 21ی تشرینی یەكەمی 2016، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم هەستاون بە ناچاركردنی سەدان خێزانی عەرەبی سوننە لە جێهێشتنی شارەكە، ئەو ڕێكخراوە هیچ كەیسێكی بەدینەكردووە كە تێیدا ئاوارەی كورد یان شیعە زۆری لێكرابێ لە جێهێشتنی شارەكە.
لە شوباتی 2017 هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ 14 توركمان كردووە كە سیانیان ژن بوونو لە ساڵی 2014وە لە كەركوك دەژین بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەكانی تری عێراق. هەموویان لەلای بەپرسانی ناوخۆیی ناویان تۆماركردووە وەك پێویست بووە لەسەریان. لە هەندێك كەیسدا، لەكاتی گەیشتنیان ئەفسەرانی ئاسایش دەستیان گرتووە بەسەر ناسنامەكانیان و پێیان گووتون شارەكە جێبهێڵن.
"ئەوان ووتیان، دەترسن لە گەڕانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵیان بەهۆی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەكانیان لەلایەن یەكەكانی حەشدی شەعبی و كردنە ئامانجیان لەلایەن حەشدی شەعبی لەبەرەوەی سوونەن."
ئەو كەسانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە وتویانە، ئەو ئەفسەرانەی ئاسایش كە دەستیان بەسەر ناسنامەكانیاندا گرتووە پێیان ڕاگەیاندوون، لە دوای گەڕانەوەیان بۆ شارۆچكەكەیان یا گەیشتنە بازگەی داقوق كە بەدووری 30 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری شاری كەركوكو لەسەر سنووری پارێزگاكەیە ناسنامەكان دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان.
هەروەها چەند توركمانێك وتویانە، "بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك ئاسایش دەستگیری كردوونو لەهەندێك حاڵەتدا لێیاندراوە ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ ناچاركردنیان لە جێهێشتنی شارەكە."
هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت، دەستگرتن بەسەر ناسنامەی خێزانە توركمانەكان جیاكاری زیاترە لەدژی گروپێك كە حاڵی حازر لە بارودۆخێكی هەستیارو مەترسیداردان. ئەو كارتو ناسنامانە دووانن لەو چوار ناسنامەیەی كە لەسەر هەموو هاووڵاتیەكی عێراقی پێویستە نیشانی بدات لەكاتی سەردانكردنی فەرمانگەكانی حكومەت. نەبوونی ناسنامە لە بازگەكان لەكاتی داواكردنیدا ڕەنگە دەرەنجامەكەی دەستگیركردن بێت. بەبێ بوونی دوو كارتەكە، هیچ كەسێك ناتوانێ لە هاوكاریە مرۆییەكان و هاوكاریەكانی تر سوودمەند بێت. بەبێ بوونی كارتی ناسنامە، ئەم كەسانە ناتوانن زەوی و زار بكڕن، یان لە هەڵبژاردنەكانی ناوخۆو سەرتاسەری وڵاتدا دەنگ بدەن.
یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەكانو یاساكانی مافی مرۆڤ دەركردنی زۆرەملێ بەهۆی جیاوازی ئاین یان باكگراوندی نەتەوەیی قەدەغە دەكات. ڕێنماییو پرەنسیپی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە ئاوارەكانی ناوخۆی وڵات دەڵێ، ئەو كەسانەی لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە دەبن مافی ئازادی هاتوچۆو ئازادی هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێ بوونیان هەیە.
هەروەها، مافی ئەوەیان هەیە كە بۆ پارێزگاری كردن لە ژیانو سەلامەتییان بچنە بەشێكی تری وڵاتو ناچارنەكرێن لە گەڕانەوەی زۆرەملێ بۆ ئەو شوێنانەی كە تێیدا ژیانیان لە مەترسیدا دەبێت.
لە وەڵامە نوسراوێكدا بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ دەربارەی دەرەنجامەكانی، دیندار زێباری، سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندنو وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەی خستوەتەڕوو كە ئاسایشی كەركوك جەخت دەكاتەوە كە "هیچ جۆرە شتێكی وەك دیاریكردنی دوا مۆڵەت بۆ ئاوارەكان لە جێهێشتنی كەركوك نەبووە، بەتایبەت توركمانە سوونەكان چونكە هیچ جۆرە جیاكاری یان مامەڵەیەكی خراپ لە دژی هیچ ئاین و نەتەوەیەكی جیاواز نەبووە."
بەپێی بڕیارێكی پارێزگای كەركوك و پارێزگارەكان و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو ئاوارانەی ناوچەكانیان لە چەند مانگی ڕابردوو یان ساڵێك لەمەوبەر ئازاد كراون هاریكاری دەكرێن لە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی شوێنی نیشتەجێ بوونیان، زێباری دەڵێت"لەبەر ئەم هۆكارە هەندێك جار پێویست بووە ناسنامەكانیان لێوەربگیرێت بۆ جێبەجێ كردنی پرۆسەی گەڕانەوەیان و تاوەكو لە بازگەكان ڕێگری گەڕانەوەیان لێ نەكرێ بۆ سەر زەوی و ماڵ و حاڵیان." وتیشی"لە كاتی تێپەڕینی ئاوارەكان بە خاڵەكانی پشكنیندا، عادەتەن بەرپرسان لە بازگەی داقوق ناسنامەكانیان بۆ دەگەڕێننەوە."
هیومان ڕایتس ۆوچ داوادەكات، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بە ئاشكرا پاپەندبوونیان ڕابگەیەنن لە دەستبەجێ كۆتایی هێنان بە هەموو جۆرە دەركردنێكی زۆرەملێی نایاساییو گەڕانەوەی هەموو ئەو كارتو ناسنامانەی بەهەڵە دەستیان بەسەردا گیراوە، "دەبێت بەرپرسان قەرەبووی هەموو ئەو خێزانانە بكەنەوە كە لە ئەنجامی زۆرەملێی نایاساییەوە بۆ جێهێشتنی كەركوك زیانیان لێكەوتووە وەك دابینكردنی هاوكاری و شوێنی نیشتەجێ بوون بۆیان."
ترس لەگەڕانەوە بۆ ماڵو حاڵیان
ئەو توركمانانەی لەلایەن هیومان ڕایتس ۆوچەوە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كرا وتویانە، لەبەر ترسی گەڕانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵیان، ڕازیبوون ژیانێكی مەترسیدار لە كەركوك گوزەر بكەن لە دوای دەستگرتن بەسەر ناسنامەكانیان لەلایەن بەرپرسانی كوردەوە.
زۆرینەی ئەوانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كرا خەڵكی یەنگیجە بوون كە شارۆچكەیەكی توركمان نشینە لە پارێزگای سەلاحەدینو بە دووری 62 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری شاری كەركوك.
ئاوارەكانی یەنگیجە باسیان لەوەكردووە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەكەیان لەدەست داعش، كەتیبەی خۆراسانی كە یەكەیەكی حەشدی شەعبیە دەستبەجێ بنكەیان لەناو شارە چۆڵەكەدا داناوە. توركمانەكان دەترسن لە گەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان بەهۆی مامەڵەی خراپی حەشدی شەعبی لەدژی سوننەكان لە ناوچەكانی تر. هیومان ڕایتس ۆوچ دۆكیومێنتی ئەم جۆرە مامەڵە خراپانەی لە فەللوجەو نەینەواو ناوچەكانی تر كردووە.
پیاوێكی خەڵكی بسگاملی، كە گووندێكی توركمان نشینەو بە دووری 6 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری یەنگیجە وتی، ترس لەوەی لەلایەن حەشدی شەعبیەوە بكرێتە ئامانج وایلێكردووە نەگەڕێتەوە سەر ماڵو حاڵی خۆی. ئەو وتیشی، چەند ماڵێكی توركمانی شیعە گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوەندەی ئەو بزانێ خێزانە سوونەكان لە ترسی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە نەگەڕاونەتەوە.
دەستگرتن بەسەر ناسنامە
عومەری تەمەن 50 ساڵ كە جوتیارە لەمانگی ئابی 2014 ماڵەكەیی لە یەنگیجە جێهێشتووەو لەگەڵ خێزانەكەیو خێزانی پێنج برای لەگەڕەكی قۆریەی كەركوك نیشتەجێ بووە. لەسەرەتای كانوونی دووەمی 2015 دوو ئەفسەری ئاسایش كە وتویانە خەڵكی ڕەحیم ئاوان چوونەتە ماڵەكەیو داوای ناسنامەو كارتی سوودمەندی تەواوی خێزانەكەیان كردووەو پێیان ڕاگەیاندوون دەبێت بگەڕێنەوە یەنگیجەو لە خاڵی پشكنینی داقوق ناسنامەو كارتەكانیان وەربگرنەوە. پاش مانگێك، خۆیو براكانی كە ناسنامەكانی ئەوانیش دەستی بەسەردا گیرابوو، دەچنە بنكەی ئاسایشی ڕەحیم ئاوا بۆ داواكاری گەڕانەوەی ناسنامەكانیان.
عومەر باسلەوەدەكات، ئەفسەرێك لەوێ پرسیاری لێكردوون ئەگەر ئامادەن شارەكە جێبهێڵن، بەڵام ڕەتیكردۆتەوە پێیان بڵێ بۆچی ئەم داوایەیان لێدەكاتو بەدەنگێكی بەرز فەرمانی پێكردوون بنكەكە جێبهێڵن. عومەر پاش 10 ڕۆژ گەڕاوەتەوەو ئەفسەرەكان وتویانە ناتوانن كارتو ناسنامەكانیان بدۆزنەوە، دواتر عومەرو براكانی دەڕۆنە بازگەی داقوق بۆ داواكردنی ناسنامەو كارتەكانیانو لەوێ ئەفسەرێكی ئاسایش پێی وتوە كە ناسنامەكانیان سووتێنراون.
لە 17ی شووباتی 2017 عومەر دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ بنكەی ئاسایشی ڕەحیم ئاوا بۆ هەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی ناسنامەكانیان، بەڵام لەوێ ئەفسەری بەرپرس پێی دەڵێ پێویستە خۆیو خێزانەكەی تا 15ی شوبات كەركوك جێبهێڵن. پاش ئەوەی عومەر لێی دەپاڕێتەوە، ئەفسەرەكە پێی دەڵێ دەتوانن تا 25 شوبات بمێننەوەو لەدوای ئەو ماوەیە هێزەكان بە زۆرەملێ دەیانبەنە خاڵی پشكنینی داقوق.
"ئەفسەرەكە نووسراوێكی بە زمانی كوردی پێ واژوو دەكا، عومەر ووتی، بەبێ ئەوەی بزانێ چی تێدا نووسراوە. لەوكاتەوە خۆیی و خێزانەكەی لە گەڕەكێكی تری كركوك خۆیان حەشارداوە."
دەستگیركردنی هەڕەمەكی و مامەڵەی خراپی وەك هەراسان كردن
چەند ئاوارەیەكی توركمانی دەڵێن، لە سەرەتای ساڵی 2017 ئەفسەرانی ئاسایش لە كەركوك بۆ ماوەیەكی كورت دەستگیریان كردونو مامەڵەی خراپیان لەگەڵ كردوون ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ ناچاركردنی خۆیانو خێزانەكانیان لە جێهێشتنی كەركوك.
ئارسانی تەمەن 52 ساڵ كە كرێكارێكی خەڵكی یەنگیجە لە مانگی ئابی 2014 هاتووەتە گەڕەكی قۆریەی كەركوك كە دانیشتوانەكەی تێكەڵە لە كوردو توركمان.
ئەو وتی، لە 12ی شوباتی 2017 ئەفسەرێكی ئاسایش تەلەفۆنی بۆ كردووەوە پێی گووتوە بڕواتە بنكەی ئاسایشی ڕەحیم ئاوا، لەوێ ئەفسەرەكان داوای ناسنامەو كارتی سوودمەندیەكەی دەكەنو پێی دەڵێن ماوەی یەك هەفتەی هەیە لە جێهێشتنی شارەكەو گەڕانەوە بۆ ماڵەكەی خۆی لەبەرئەوەی قەزاكەیان لە داعش پاككراوەتەوە.
"لە 21ی شووبات، لەكاتێكدا ئەرسان لە دەرەوە دەبێت، ئەفسەرانی ئاسایش دەچنە ماڵەكەیی و بە ژنەكەی دەڵێن ''جەهەنمتان نیشان دەدەین'' ئەگەر شارەكە جێنەهێڵن."
لە پاش گەڕانەوەی ئەرسان بۆ ماڵەوە، "زیاتر لە 10 ئەفسەر دەچنە ماڵەكەیی و بە چاوبەستراوی دەیبەنەوە بنكەكەو لەوێ لە ژوورێكی بچووكدا بۆ ماوەی سێ كاتژمێر بەندی دەكەن، تا ئەو كاتەی درواسێیەكی بەهانایەوە دێت. پاش ئەوەی نووسراوێكی پێ واژو دەكەن كە لە ناوەڕۆكەكەی تێنەگەیشتووە لەبەرەوەی بە زمانی كوردی بووە، ئەفسەرەكان ڕێگەی پێدەدەن بنكەكە جێبهێڵێ. فەرمانیان پێكردووە بۆ ڕۆژی داهاتوو بگەڕێتەوە بۆ بنكەكەو لەوێ پێیان ووتووە كە پاش نیوەڕۆ شارەكە جێبهێڵێ. ئێستا ئەو لەناو كەركوك خۆی حەشارداوە."
دەستگیركردنی كوێرانەو مامەڵەی خراپ لەدژی گومانلێكراوانی داعش
هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت، لە ڕابردوودا هێزەكانی ئاسایش هەستاون بە دەستگیركردنی هەڕەمەكیو لەچەند حاڵەتێكدا ئەنجامدانی مامەڵەی خراپ لەدژی ئاوارە توركمانەكانی ناو كەركوك بە گومانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش.
هەندێك لەو كەسانە بە هیومان ڕایتس ۆوچیان وتووە، بۆ ماوەی چەند مانگێك بەم هۆكارە دەستگیركراون، بەڵام هەموویان وتیان لە كۆتایدا ئازادكراون بەبێ ڕوبەڕوكردنەوەی هیچ تۆمەتێك لە دژیان.
محەمەدی تەمەن 45 ساڵ كە كارمەندی تەندروستییە، خۆیو خێزانەكەی هاتوونەتە گەڕەكی قۆریەی كەركوك، دوای ئەوەی لە ئابی 2014 ماڵەكەیی لە یەنگیجە جێهێشتووە. ئەو دەڵێت، لە هەفتەیەكدا سێ ڕۆژ دەچووە دوز خورماتوو بۆ سەر كار لە نەخۆشخانە، لە 29ی كانوونی یەكەمی 2014 ئەفسەرانی ئاسایش لە بازگەیەكی دەرەوەی دوزخورماتوو دەستگیری دەكەنو بەچاو بەستراوی بۆ ماوەی 24 كاتژمێر بەندی دەكەن بەبێ ڕونكردنەوەی هۆكارەكەی.
محەمەد وتیشی"ئەو ڕۆژە پاسەوانێك بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بە سۆندە لە دەست و قاچی داوە لەكاتێكدا پرسیاری لێكردووە دەربارەی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش."
بۆ ڕۆژی داهاتوو پاسەوانەكان دەیبەنە بنكەیەكی ئاسایش كە وتویانە لە گوندی قەرە هەنجیرە كە بە دووری 20 كیلۆمەتر دەكەوێتە ڕۆژئاوای شاری كەركوكو لەوێ لە زیندانی بنكەكە لەگەڵ دەوروبەری 60 پیاوی تر بۆماوەی یەك مانگ بەندی دەكەن، هەموو پیاوەكان پێیان وتووە كە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیركراون، "لەوێ پاسەوانەكان چەند جارێك بە شەقازلە و بە بۆكز لێیانداوەوە تۆمەتباریان كردووە بە بردنی خواردن بۆ داعش و تەواوی ماوەی دەستگیركردنەكەی بە چاوبەستراوی ماوەتەوە" ئەو وتیشی"ڕێگەی پێنەدراوە پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە بكات و پارێزەری نەبووە."
لە كۆتایی كانوونی دووەمی 2015 پاسەوانەكان دەیگوێزنەوە بۆ ئۆفیسی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆو لەوێ ڕێگەی پێدەدەن تەلەفۆن بۆ خێزانەكەی بكاتو پێیان بڵێ لە كوێیە. خێزانەكەی پارێزەرێكی بۆ دەگرن كە بۆ ڕۆژی داهاتوو لەبەردەم دادوەری لێكۆڵەر لەگەڵی ئامادە دەبێت، محەمەد وتی، دادوەر پێی دەڵێ كە پێویست بووە وەزارەتی ناوخۆ پڕۆسەی لێكۆڵینەوە هەواڵگریەكەیان تەواو بكەن، بەڵام دەكرێ لەماوەی دوو هەفتەدا ئازاد بكرێت. لەبری ئەوە، لە چەند شوێنێكی جیاواز بەند دەكرێت بەرلەوەی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ لە 15ی مایزی 2015 بەبێ هیچ تۆمەتێك لەدژی ئازادی بكەن، وەك خۆی دەڵێت.
دوو هەفتە لە پاش ئازادكردنی ئەفسەرێكی ئاسایش تەلەفۆنی بۆ دەكاو بە محەمەد دەڵێت بچێتە بنكەی ئاسایشو ناسنامەو كارتی سوودمەندیەكەی خۆیو خێزانی لەگەڵ خۆیی ببات، "ئەفسەرەكە دەست بەسەر ناسنامەی هەموو خێزانەكەدا دەگرێ و پێی دەڵێ یەك هەفتەیان هەیە بۆ جێهێشتنی كەركوك."
بەوتەی محەمەد، ئەفسەرەكە پێیدەڵێت كە دەتوانن ناسنامەكانیان لە بازگەی داقوق وەرگرنەوە لەكاتی چوونە دەرەوەیان لە شارەكە. ئەفسەرەكە هیچ هۆكارو نووسراوێك لە پشت ئەو فەرمانەوە نیشان نادات، "نزیكەی دوو ساڵە هەوڵی وەرگرتنەوەی ناسنامەو دۆكیومێنتەكانی دەدات، بەڵام سەركەوتو نەبووە. نایەوێت كەركوك جێبهێڵێ و بگەڕێتەوە ماڵەكەی كە بە گووتەی ئەو سەلامەت نیە و ئێستا بەبێ بوونی هیچ ناسنامەیەك لەگەڵ خێزانەكەی لە كەركوك ژیان گوزەر دەكات."
محەمەد، بەهۆی ئامادەنەبوونی لە كارەكەی لە ماوەی دەستگیركردنیدا، كارەكەی لەدەست داوەو نەیتوانیوە كارێكی تر بدۆزێتەوە.