پەرەگراف
كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان بیئەنجام بووەو گۆڕان پێشنیارێكی یەكێتی ڕەتكردوەتەوە بۆ گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكۆبوونەوەكە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەركردایەتی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی كۆبوونەوە، لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا تەنها ئەوەندە وتراوە"لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆكی ڕێكەوتننامەكانی نێوان هەردولا كرا."
سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان كە ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیەو خۆی بەشداری نەكردووە، چەند زانیارییەكی لەسەر كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف ئاشكرا كردو داوایكرد ناوی نەهێنرێت.
بەوتەی سەرچاوەكە"یەكێتی داوایانكردووە گۆڕان ڕازی ببێت بە گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەی ڕەتكردوەتەوەو سوربووە لەسەر هەڵوێستەكانی پێشووی كە تەنها بە مەرجی گۆڕانكاری لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە ئامادەیە د.یوسف بگۆڕێت."
وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی هاوبەشدا، ڕێككەوتننامەكەی نێوانیانو پرسی دەستلەكاركێشانەوەی سەردار قادر لە پۆستی لەبری پارێزگاری سلێمانی باسكراوە.
"شاندی گۆڕان تەواوی ڕەخنەو گلەییەكانیان خستوەتەڕوو، باسیان لەوەكردووە كە یەكێتی پابەندی ڕێككەوتننامەكەو ئەو بەڵێنانەش نەبووە كە لە كۆبوونەوەكانی ڕابردوودا داویەتی، شاندەكەی یەكێتیش وەڵامیان داوەتەوە، بەڵام وەڵامەكانیان بڕواپێهێنەر نەبوون بۆ گۆڕان." سەرچاوەكە وادەڵێت.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی"كۆبوونەوەكە ئەنجامی نەبووەو نیگەرانییەكانی گۆڕانی زیاتر كردووە."
پەرەگراف پەیوەندیكرد بە محەمەد تۆفیق ڕەحیم ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانو بەشداربووی كۆبوونەوەكە، بەڵام ئامادەنەبوو قسە لەسەر كۆبوونەوەكە بكاتو وتی"پەیوەندی بە ئیسماعیل نامیقەوە بكەن ئەو قسەی لەسەر دەكات" بەڵام ئیسماعیل نامیق، ڕێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕانو بەشداربووی كۆبوونەوەكە وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.
هاوكات حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو وتەبێژی ئەو حزبە بەهەمان شێوە ئامادەنەبوو لەبارەی كۆبوونەوەكەوە لێدوان بداتو وتی"لای ئێمە كاك شاڵاو و لای ئەوان كاك ئیسماعیل قسەی لەبارەوە دەكەن" بەڵام شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیو بەشداربووی كۆبوونەوەكە بەردەست نەبوو.
ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكدا بوو، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا نیگەرانییەكان لەبەرانبەر سیاسەتەكانی یەكێتیو پابەندنەبوونی ئەو حزبە بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان لەهەڵكشاندایە.
دەستلەكاركێشانەوەی سەردار قادر لە پۆستی لەبری پارێزگاری سلێمانی لە 2ی ئەم مانگە، نیگەرانییەكانی گۆڕانی زیاتركرد، بەوپێیەی بەشێك لە هۆكاری دەستلەكار كێشانەوەكەی پەیوەندی هەبووە بەو ڕێگریو ئاستەنگانەی بەرپرسانی یەكێتی بۆیان دروستكردووە.
یەكێتیو گۆڕان لە 17-5-2016وە ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كرد كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەردوولا تائێستا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە.
جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتیو گۆڕان لەماوەی ڕابردوشدا قسەوباسی زۆری لەسەر كرا لەناو ئەو دوو حزبەدا، ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕانو ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی لەمانگی یەكی ئەمساڵدا بەجیا نامەیان ئاڕاستەی حزبەكانیان كرد لەسەر ئەو پرسەو داوای هەڵوێستو جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان كرد.
هەرچەندە بەپێی ڕێككەوتنی نێوانیان پرسی ڕیفراندۆم دەبێت لەپەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام پارتیو یەكێتی لیژنەیەكی هاوبەشیان لەسەر ئەو پرسە پێكهێناو سەردانی لایەنەكانیان كرد، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان بكەن، ئەوەش نیگەرانیی گۆڕانی لێكەوتەوەو ئامادەنەبوو پێشوازی لە شاندی پارتیو یەكێتی بكاتو ئامادەش نییە نوێنەری خۆی بۆ ئەو كۆمیتەیە دیاری بكات كە بۆ ڕیفراندۆم پێكدەهێنرێت.
هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆ، پارتی لەگەڵئەوەی زۆرترین قسە لەسەر ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی دەكات، هاوكات بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لە مانگی 10ی ساڵی 2015 بەڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كە لەپشكی گۆڕانە بۆ چوونە ناو هەولێرو دوورخستنەوەی وەزیرەكانی ئەو بزووتنەوەیە لە حكومەت، تائێستاش ئەو دۆخە بەردەوامەو چارەسەر نەكراوە.