مەلا مستەفا پێی ناخۆش بووە پێی بوترێت مامۆستا؟ مام جەلال چیرۆكەكەی دەگێڕێتەوە

10-05-2017 02:33

 

پەرەگراف

 

جەلال تاڵەبانی لە ناو ئەو ڕووداوانەی لە بیرەوەرییەكانیدا دەیگێڕێتەوە، باسلە یەكەم بینینی مەلا مستەفا دەكات كە بە ڕووداوێكی گرنگ ناوی دەبات‌و هەستی خۆی لەوكاتەدا دەردەبڕێت كە وەك دەروێشێك وابووە شێخەكەی ببینێت، هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە كە ئایا مەلا مستەفا پێی ناخۆش بووە پێی بوترێت مامۆستا؟.

 

مام جەلال بەجۆرێك تاسەی بینینی مەلا مستەفا بارزانی كردووە كە وەك خۆی دەیگێڕێتەوە زۆر ڕۆژ چاوەڕوانی دیداری بووەو كاتێك بۆ بەشداری فیستیڤاڵێك چووەتە مۆسكۆ لە ساڵی 1957 لە شوێنی فیستیڤاڵەكە نەچووەتە دەرەوە بۆ گەڕان‌و كاری تایبەت، بە ئومێدی ئەوەی هەواڵێك ببیستێت لە لای مەلا مستەفاوەو بیبینێت.

 

ئەوكات مەلا مستەفا لەمۆسكۆ بووە لەگەڵ بەشێك لەو بارزانییانەی بەشداری كۆماری كوردستانیان كردبوو لە مەهەباد، بەهۆی شكستی كۆمارەوە ڕوویان لە ڕوسیا كردبوو.

 

تاڵەبانی دەڵێت، ڕۆژێك لەبەردەم بینای فیستیڤاڵەكە بەجلی كوردییەوە دانیشتووەو دووكەس لێی نزیك بوونەتەوەو دوای قسەكردن‌و خۆناساندن وتویانە هاتوون كەسێك ببینن لەناو وەفدی عێراق كە ناوی جەلالە، ئەویش وتویەتی ئەوە منم.

 

"یەكێكیان گوتی، من ئەسعەدی خۆشەویم، ئەسعەدی خۆشەوی لای ئێمە ناسراو بو، گوتی: من هاتوم بتبەم بۆ لای مەلا مستەفا، ئەو چاوەڕوانمان ئەكات" تاڵەبانی وادەڵێت.

 

دواتر سواری تەكسی دەبن‌و دەچنە بەردەم باڵەخانەیەك، مام جەلال دەڵێت"جەڕەسی لێدا، مەلا مستەفا خۆی هات دەرگاكەی كردەوە، سمێڵی تاشیبو، رەسمێكی هەیە بە سمێڵ تاشراویەوە، لام وایە ئەوە هی ئەو كاتەیە. ئیتر نازانم وەكو دەروێشێك بۆ لای شێخی خۆی بچێت، ئاوا بو، باوەشم پێدا كرد، نازانم هەر وەكو بێهۆشی‌و بێ ئاگایی وابو، بەڕاستی زۆر خۆشحاڵ بوم بە دیتنی مەلا مستەفا."

 

تاڵەبانی باسلەوەشدەكات، لەدوای ئەو یەكتر بینینە، ئەو خەیاڵەی كە لای ئەو هەبووە دەربارەی ئەوەی مەلا مستەفا زۆر خوێندەوارەو دەربارەی ماركسییەت‌و ئابوری شارەزاو ڕۆشنبیرە، لەبەرچاوی ڕۆیشتووە چونكە بارزانی بەو شێوەیە نەبووەو "بە پێچەوانەوە بووە".

 

مام جەلال دەڵێت"هەر لەو سەفەرەدا تێگەیشتم، مەلا مستەفا ئەو پیاوە رۆشنبیرە هاوچەرخە نییە كە من چاوەڕێم ئەكرد! بەڵام وەكو سەركردەیەكی كوردی هاتە بەرچاوم كە مەشاعیری كوردی زۆر زۆر باش بو، واتا هەستت ئەكرد، خەبات ئەكات لە پێناوی مافی كورد و میللەتی كورددا."

 

مەلا مستەفا بە سەركردەیەكی ئازای مەیدانیی دادەنرێت كە سەرپەرشتی شۆڕشی ئەیلولی كردووە لە ساڵی 1961 و تا هەرەسی ساڵی 1975 كەسی یەكەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بووە لە باشوری كوردستان.

 

لەو سەردانەدا بارزانی كۆمەڵێك شتی بۆ مام جەلال گێڕاوەتەوەو ئەویش وەك خۆی باسیدەكات هەموویی بەڕاست زانیوە، ئەوەش وای كردووە زۆر سەرسام ببێت پێی، لەو شتانەی بارزانی بۆی گێڕاوەتەوە ئەوە بووە كە چۆن ئەكادیمیای سەربازیی سۆڤیەتی تەواو كردووەو چۆن پلەی مارشاڵی دراوەتێ، باسی نزیكایەتی خۆی‌و مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی سۆڤیەتی كردووە كە ئەوان لە كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرسی پێدەكەن، وتوشیەتی لەگەڵ ستالین دانیشتووەو لەگەڵ خرۆشۆف پەیوەندی هەبووە.

 

مەلا مستەفا پێی ناخۆشبووە پێی بوترێت مامۆستا؟

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، مام جەلال دەڵێت، بەڵێ مەلا مستەفا ئەوەی پێناخۆشبووە پێی بوترێت مامۆستا، چیرۆكەكەشی بەو جۆرە دەگێڕێتەوە كە وەفدێكیان دروست كردووە بۆ سەردانی بارزانی كە لە گوندێك بووە لە نزیك بێتواتە، یەكێك لە ئەندامانی وەفدەكە ناوی عەبدولحسێن فەیلی بووە كە زۆر سەرسام بووە بە مەلا مستەفاو نەشیزانیوە چۆن لەگەڵی هەڵسوكەوت بكات.

 

تاڵەبانی باسلەوەدەكات وەفدەكە ئێوارەیەك گەیشتوونەتە لای مەلا مستەفاو چوونەتە ئەو ماڵەی ئەوی تێدابووە، ئەویش لەبەریان هەڵساوەو عەبدولحسێنی لە بەرامبەر خۆی داناوە.

 

"مەلا مستەفا ماندونەبونی لە عەبدولحسێن كرد، عەبدولحسێنیش نەی ئەزانی، مەلا مستەفا بە وشەی (مامۆستا) توڕە ئەبێت. مەلا مستەفا گوتی: عەبدولحسێن چۆنی؟ ئەویش گوتی: دەستت ماچ ئەكەم مامۆستا زۆر باشم! هەر كە گوتی "مامۆستا" مەلا مستەفا پێی گوت: جا تۆ خۆت (سەگبابی) عەبدولحسێنیش ترسی لێنیشت، لەو كاتەدا كە لەسەر چۆك دانیشتبو، لنگە و قوچ كەوت و گوتی: "جا مامۆستا خۆمن هیچ بێئەدەبییەكم نەكردوە لە ڕوی جەنابتا"، مەلا مستەفا گوتی:"نەخێر بۆ خۆت سەگبابی."

 

تاڵەبانی دەڵێت، لەو كاتەدا ئەو ویستویەتی تەداخول بكات بە عەبدولحسێن بڵێت پێی نەڵێ مامۆستا، بەڵام عەلی عەسكەری ئاماژەیەكی بۆ مام جەلال كردووە كە لێی گەڕێت"با تۆزێ جنێو بخوات."

 

دوای كەمێك عەبدولحسێن جارێكی دیكە وشەی مامۆستا بۆ مەلا مستەفا بەكاردەهێنێتەوەو بە ڕەنگێكی زەردەوە دەڵێت"باشە مامۆستا من چیم گوت، جەنابت وا لێم توڕە بویت؟" مەلا مستەفاش دەڵێت"بۆ خۆت سەگبابی، حەز دەكەی تا ئێوارە ئەتۆ بەمن بڵێ سەگباب، ئەمنیش بە تۆ ئەڵیمەوە بۆ خۆت سەگبابی" عەبدولحسێن وتویەتی"ئاخر من كەی وامگوتوە؟" مەلا مستەفاش وتویەتی"ئەوەی بەمن بڵێ مامۆستا، وەك ئەوە وایە بەمن بڵێ سەگباب ئەمن مامۆستا نیم. مامۆستا وایە وایە."

 

لەبارەی هۆكاری توڕەبوونی مەلا مستەفا كاتێك پێی بوترێت مامۆستا، مام جەلال دەڵێت"هەباس ئاغا ئەیگوت، بۆیە پێی ناخۆشە پێی بڵێن مامۆستا، چونكە مامۆستا زۆربوە ئەو شتێكی ئەوێ، كە زۆر كەم بێت ‌و هەر بەخۆی بگوترێت."

 

دوای ئەو گفتوگۆیەی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولحسێن، لەكاتی نان خواردندا مام جەلال دۆخی دانیشتنەكە ئاسایی دەكاتەوەو بارزانی دەخاتە پێكەنین.

 

"لەو كاتەدا نان هات، عادەتەن لە پێش نانخواردندا مەسینە ئەهێنن بۆ دەست شتن، مەلا مستەفا نەختێك ساردبۆوە، مەسینەكە لای دەستی من داندرابو دەستی دەشت‌و روی لەمن كرد و گوتی: (جەلالە شێت) توخوا حەقم نیە! ئەوەندە بە خەڵك ئەڵێم، كە مەڵێن مامۆستا، بەڵام هەر پێم ئەڵێن، منیش وایان پێ ئەڵێم."

 

مام جەلالیش وتویەتی"بەرێ وەڵڵا ئەزبەنی حەقتە: لای ئێمەش لە مالومە دەروێش قادرێك هەیە هەرچی پێی بڵێ دێگەڵ ئەڵێ لە ... دایكت بەم، ئیتر رەحمەتی بارزانی دایە قاقای پێكەنین."

 

ئەو وتانەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كتێبی (مام جەلال- دیداری تەمەن)دا هاتووە كە بیرەوەرییەكانی مام جەلالە لە چاوپێكەوتنێكی دورودرێژدا كە ماوەی 15 ساڵی خایاندووە(1990-2005).

 

چاوپێكەوتنەكە سەڵاح ڕەشید كەسایەتی سیاسی‌و دۆستی نزیكی تاڵەبانی ئەنجامیداوەو لە كتێبێكدا بە دوو بەرگ كە نزیكی 900 لاپەڕەیە بڵاویكردوەتەوەو ئێستا لە كتێبخانەكاندایە.

 

تاڵەبانی تەمەن 84 ساڵ كە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دوركەوتوەتەوە، لەو دیدارەدا لەسەر زۆربەی قۆناغەكانی ژیانی قسەدەكات‌و وەڵامی پرسیارەكانی ئامادەكاری كتێبەكە دەداتەوە لەبوارەكانی، كۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی، حزبایەتی‌و ژیانی پێشمەرگایەتی.

 

بیرەوەرییەكانی مام جەلال بێبەش نییە لە گێڕانەوەی قسەی خۆش‌و گاڵتەو گەپ‌و ئەو ڕووداوانەی بوونەتە جێگای پێكەنین، ئەوەش وەك بەشێكی ژیانی سیاسی‌و پێشمەرگایەتیی تاڵەبانی‌و هاوڕێكانی.

 

وەك تاڵەبانی دەیگێڕێتەوە، مەلا مستەفا حەزی لەگاڵتەو گەپ بووە، هەربۆیە ناسناوی حەمەدۆكیان لێناوەو خۆشی زانیویەتی ئەوە ناسناویەتی كە بە كەسێكی قسەخۆشی باش دەگوترێت، بارزانیش مام جەلالی ناو ناوە (شێتە).