وەزارەتی پێشمەرگە داوادەكات توركیا پێشئەوەی هێرش بكاتەسەر پەكەكە هەماهەنگیی باشتر بكات

11-05-2017 01:03
فیشەكی بیكەیسی لە خاڵێكی پشكنینی یەبەشە لەگوندی ئوم ئەلدیاب. فۆتۆ؛ ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف

 

بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە داوادەكات ئەگەر توركیا لە داهاتوودا دەیەوێت هێرش بكاتەسەر هێزەكانی پەكەكە لە شەنگال، دەبێت پێشتر هەماهەنگیی باشتری لەگەڵ ئەوان هەبێت بۆئەوەی هێرشەكان پێشمەرگە نەگرنەوە.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە كۆتایی مانگی ڕابردوو لە هێرشێكی توركیادا بۆسەر چیای شەنگال 8 پێشمەرگە شەهید بوون، ئەو بۆردومانەش كێشەكانی نێوان پارتی‌و پەكەكەی گەرمكردەوە كە وەك دوو هێزی سەرەكی ناكۆكی قوڵیان هەیە لە شەنگال.

 

هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن‌و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان(لەسەر پشكی پارتی) بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی وتووە، هێشتا پەكەكە لە لیستی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكاندایە لە جیهاندا.

 

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن‌و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێت"ئەگەر توركیا دەیەوێت لەداهاتوودا ڕێوشوێن دژی ئەو هێزانە بگرێتەبەر، پێویستە هەماهەنگییەكی باشتر هەبێت لە نێوان ئەوان(بەرپرسانی توركیا) و ئێمەدا بۆ خۆلادان لەهەر هێرشێك دژی پێشمەرگە."

 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە تەئكیدیش دەكاتەوە، بوونی پەكەكە لە شەنگال نا دەستووریی‌و نا یاساییە.

 

بەرەبەیانی ڕۆژی 25ی مانگی ڕابردوو، فڕۆكەكانی توركیا بەچڕی بۆردومانی چیای شەنگالیان كرد‌و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهیدبوون‌و 8ی دیكە برینداربوون، بۆردومانەكە یەكەم هێرشی توركیابوو بۆسەر شەنگال كە پێشتر چەندجارێك هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە بەهۆی بوونی پەكەكەوە هێرشدەكات‌و ڕێگە نادات"شەنگال ببێتە قەندیلی دووەم" هێرشەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو حزب‌و لایەنەكانی هەرێم ئیدانەیان كرد.

 

 

ئاسەواری بۆردومانەكەی توركیا بۆسەر چیای شەنگال. فۆتۆ؛ ڕۆژ نیوز.

 

هەڵگورد حیكمەت باسلەوەدەكات دوای بۆردومانەكانی شەنگال، كونسوڵخانەی توركیا لە كوردستان‌و سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی توركیا نیگەرانی خۆیان لەوە دەربڕیوە كە پێشمەرگە بەركەوتووە، هەروەها دەڵێت، ئەنقەرەو هەولێر نایانەوێت ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە.

 

لەبارەی ئەوەی گەر توركیا هێرشی بۆ سەر شەنگال دووبارە كردەوە، كاردانەوەی پێشمەرگە چۆن دەبێت، حیكمەت دەڵێت"هێرشی توركیا بۆ سەر پەكەكە زیاتر پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە هەیە لەوەی پەیوەندی بە پێگەكانی كوردستان و پێشمەرگەوە هەبێت. هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی كاردەكات دژی تیرۆریزم‌و دەبێت لەو بارەیەوە لێكتێگەیشتینیان لەگەڵ توركیادا هەبێت."

 

هەڵگورد حیكمەت جارێكی دیكە ئەوەدەخاتەڕوو كە حكومەتی هەرێم داوای لە ئەندامانی پەكەكە كردووە لە شەنگال بكشێنەوە. پێشتریش چەندجارێك ئەو داوایە كراوە، بەڵام پەكەكە ڕەتیدەكاتەوە.

 

دوای بۆردومانەكەی توركیا بۆسەر چیای شەنگال، وەزارەتی پێشمەرگەو مەكتەبی سیاسی پارتی، سەرباری ئیدانەكردنی ڕەخنەی توندیان لە پەكەكە گرت‌و بوونی گەریلاكانی ئەوانیان بەهۆكاری بۆردومانەكە لەقەڵەمدا.

 

پارتی‌و پەكەكە وەك دوو حزبی سەرەكیی لە شەنگال كێشەو ناكۆكی قوڵیان هەیە، ئەوەش لەوكاتەوە سەریهەڵدا كە قەزاكە لە سەرەتای مانگی 8ی 2014 كەوتە دەست داعش‌و گەریلاكانی پەكەكە ڕۆڵیان هەبوو لە پاراستنی بەشێكی زۆر خەڵكی ئێزدی‌و دوای ڕزگاركردنی چەندین ناوچە لەدەست داعش، جێگیربوون‌و نەكشاونەتەوە.

 

پەكەكە سوورە لەسەر نەكشانەوەی گەریلاكانی لە شەنگال هەتا داواكارییەكانی جێبەجێ دەكرێت كە پەیوەندییان بە وەرگرتنی ڕای خەڵكی ناوچەكەوە هەیە بۆ چارەسەر پرسی شەنگال.

 

لەچیای شەنگال هێزەكانی پاراستنی شەنگال(هەپەسە) هەن كە لەلایەن پەكەكەوە ڕێكخراوە ئەو كاتەی داعش دەستیگرت بەسەر ئەو شارۆچكەیەدا لە مانگی ئابی 2014. چەكدارانی هەپەسە لەلایەن پەكەكەوە ڕاهێنانیان پێكراوەو ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی ئەواندان.

 

قەندیل شەنگالی فەرماندەی هەپەسە دەڵێت، توركیا دەیەوێت هێرشی زەمینی دژی شەڕڤانانی ئەوان لە شەنگال ئەنجام بدات، ئەوەشدەخاتەڕوو ئەوان ئامادەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەر هێرشێكی چەكداری.

 

"بەرەنگاریی ئێمە بۆ هەر هێرشێكی توركیا لە داهاتوودا لەشێوەی ناڕەزایی بەرفراوان‌و بەرەنگاربوونەوەی چەكداری دەبێت. ئێمە بەرگریی لە خۆمان دەكەین دژی سوپای توركیا. ئێمە ئامادەی ئەم ڕوبەڕوبوونەوەیەین‌و هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ ئەوەدا نییە." قەندیل شەنگالی وادەڵێت.

 

ئەو فەرماندەیەی هەپەسە ئەنقەرە تۆمەتبار دەكات بە پاڵپشتیكردنی داعش، وتی"ئەمە یەكەمین جار نییە توركیا هێرشمان بكاتەسەر. كاتێك داعش هێرشی كردەسەر شەنگال، دەوڵەتی توركیا پاڵپشتی ئەوەی دەكرد. تا ئەوكاتەی داعش لەسەر سنوری ئەم ناوچەیە بوونی هەبێت، ئێمە شەڕ دەكەین، هەرچەندە ئەنقەرە نایەوێت ئێمە ئەوە بكەین. ئەگەر ئامانجی توركیا دەركردنی داعشە، دەبێت یارمەتی ئێمە بدەن لەم شەڕەدا دژی ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییە."

 

ململانێكانی پارتی‌و پەكەكە لە شەنگال، سەرەتای مانگی 3ی ئەمساڵ شەڕی چەكداریی لێكەوتەوە لەناوچەی خانەسۆر سەربە ناحیەی سنونێ لەنێوان یەبەشە(سەربە پەكەكە)و پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا(سەربە پارتی) كە بەهۆیەوە چەند كوژراو و بریندارێك هەبوون‌و جارێكی دیكە ئێزدییەكان ئاوارەبوونەوە.

 

پارتی بەردەوام ڕەخنەی لەمانەوەی پەكەكە لە شەنگال كرتووە، بەرپرسانی ئەوحزبە زۆرجار تۆمەتی ئەوەشیان ئاڕاستەی پەكەكە كردووە كە ئەجێندای وڵاتانی هەرێمیی جێبەجێ دەكات.

 

جەمال مورتكە فەرماندەی هێزی پێشمەرگە(پارتی) بە ئەلمۆنیتۆری ڕاگەیاندوە كە ڕەنگە پێویست بكات ئەمەریكا لەداهاتوودا هێزی خۆی بنێرێت بۆ شەنگال.

 

مورتكە ئاماژەبەوەشدەكات، ئەو هەنگاوە ڕەنگە هەندێك كێشەی بچوك لەگەڵ پەكەكەدا دروست بكات، بەوتەی ئەو هێزەكانی سەربە پەكەكە"ئەجندای وڵاتە هەرێمایەتییەكان لە شەنگال جێبەجێ دەكەن‌و كێشەكان ئاڵۆز دەكەن."

 

پەرەگراف پێشتر ئەوەی ئاشكراكرد كە ئامانجی مانەوەی هێزەكانی پەكەكە لە شەنگال ئەوەیە، ئێزدییەكان سیستمی خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆیان دابمەزرێنن‌و ناوچەكانیان لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوەببرێن، هەروەها هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ پاراستنیان، تائەوەی داعش بەسەری هێنان دووبارە نەبێتەوە.

 

پارتی دژی ئەوداوایەی پەكەكە وەستاوەتەوەو پێیوایە هەوڵەكەی پەكەكە جۆرێكە لە دابڕینی شەنگال لەخاكی كوردستان‌و كردنی بەناوچەی جێ نفوزی خۆی، هەربۆیە لەگەڵ سوپاسكردن‌و نرخاندنی ڕۆڵی گەریلاكانی پەكەكە لەپاراستنی ئێزدییەكان، بەڵام سوورە لەسەر كشانەوەیان لە شەنگال‌و دەوروبەری.

 

پەكەكە پێشمەرگەكانی سەربە پارتی تۆمەتبار دەكات بە ڕادەستكردنی ناوچەكانی شەنگال‌و دەوروبەری بە داعش، هەرچەندە سۆزی بەشێك لە خەڵكی ئێزدی لەگەڵدایە بەهۆی پاراستنیانەوە، بەڵام جڤاتی باڵای ڕۆحانیی ئێزدی هاوشانی پارتی داوای كشانەوەی پەكەكە لە شەنگال دەكات.