بە ڤیدیۆ؛ هاوڵاتییەك بە قوڕپێوانەوە چی بۆ مەرگی نەوشیروان مستەفا دەڵێت؟

20-05-2017 01:48
مەڕاسیمی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

تەرمی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی لەناو ئاپۆڕای جەماوەردا بەخاك سپێردرا، دوای ئەوەی سەرلەبەیانی دوێنێ دوای ململانێیەی زۆر لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

 

لەسەر وەسێتی خۆی تەرمەكەی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی نێژرا كە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانە، جەماوەرێكی زۆر ئامادەی مەڕاسیمی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا بوون كە كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی لە مزگەوتی گەورەوە بەپێ بەرەو گردەكە بەڕێكرا.

 

هاوڵاتییەك كە زۆر خەمباربوو بۆ كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بەدەم گریانەوە قوڕی دەكرد بەسەری خۆیدا.

 

هاوڵاتییەك قوڕدەدات بەسەریدا بۆ كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا. ڤیدیۆ؛ پەرەگراف.

 

گۆڕانخوازان لە مەڕاسیمەكەدا دروشمی جۆراوجۆریان دەوتەوەو نەوشیروان مستەفایان وەك"باوكی هەژاران‌و زوڵم لێكراوان" ناودەبرد، لە دروشمەكانیشیاندا دەیان وت"نامرێ پیاوی مەرد، هاتوین بۆ گردەكە بۆلای پیاوە مەردەكە، سەرۆكی بێ پاسەوان لەگەڵیدان هاوڵاتیان، بڕوخێ دز."

 

دوای ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا، مەڕاسیمی فەرمی ئەنجامدراو وتاری بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەو حزبانە پێشكەشكران كە ئامادەبوون، بەشێك لە جەماوەری هەواداری گۆڕان ناڕەزاییان پیشاندا بەرامبەر وتاری حاكم قادر حەمەجان وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی‌و "هووها"یان دەوت لەكاتی وتارەكانیاندا، بەپێچەوانەوە بەگەرمی پێشوازییان لە وتاری عەممار حەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كرد.

 

نەوشیروان مستەفا دوای 8 مانگ مانەوەی لە شاری لەندەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، 13ی ئەم مانگە گەڕایەوە شاری سلێمانی، بەڵام جیاواز لە گەڕانەوەكانی پێشووتری هیچ دەركەوتنێكی نەبوو، تەنانەت وێنەو ڤیدیۆشی بڵاونەكرایەوە.

 

گەڕانەوەی ئەمجارەی نەوشیروان مستەفا تەواو نهێنی بووە، تەنانەت بەرپرسانی باڵای گۆڕان ئاگاداری گەڕانەوەكەی نەبوون‌و تەنها پاسەوانە تایبەتەكانی ئاگادار بوون.

 

ساڵی 2015ش نەوشیروان مستەفا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی چووە ئەڵمانیاو دواتر چووە شاری لەندەن‌و دوای چەند مانگێك مانەوەی، بە سەردانێكی كورت گەڕایەوە هەرێم‌و دواتر گەڕایەوە بۆ لەندەن.