یەكێتی هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ یەكگرتن لەگەڵ گۆڕان

23-05-2017 07:31

 

پەرەگراف

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ یەكگرتنیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە چەند كەسایەتییەك كردووە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان‌ بكەن‌و هەوڵی ڕازیكردنیان بدەن.

 

هەوڵەكانی یەكێتی دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە دێت، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی گۆڕان دژی ئەو هەوڵە وەستاونەتەوەو بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار "بەتوندی" وەڵامی یەكێك لەو كەسانەیان داوەتەوە كە یەكێتی بۆئەو مەبەستە ڕایسپاردووە.

 

سەرلەبەیانی 19ی ئەم مانگە نەوشیروان مستەفا دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشیی لەتەمەنی 73 ساڵیدا لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، ئێستا پرسی گەرمی ناو هەڵسوڕاوان‌و بەرپرسانی گۆڕان داهاتووی بزوتنەوەكەیان‌و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەیە كە نەوشیروان مستەفا دروستی كردووە.

 

چەند كاتژمێرێك دوای كۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفا، هێشتا تەرمەكەی نە نێژرابوو یەكێتی بەفەرمی داوای "یەكگرتنەوە"ی خستەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان‌و لە بەیاننامەیەدا وتی"سەرەرای جیاوازییەكانی نێوانمان، پێمان باشە دواچارەسەری نێوان یەكێتی و گۆڕان، هەروەكو چەندین جار گوتومانە، بەیەكگرتنەوەی هەردوولامان، مژدانەی گەلەكەمان بێ و بەم یەكگرتنەوەیەش، رۆحی كاك نەوشیروان وەكو هاوڕێ دێرینی جەنابی مام جەلال و تێكۆشەرێكی دامەزرێنەری یەكێتی و رۆڵی مێژوویی لە خەباتی مێژوویی شۆڕشی نوێ دا، شاد و هەستی هاوڕێیەتی و هاوخەباتی مام جەلال-یش ئاسودە دەبێ."

 

پەرەگراف لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە زانیویەتی هەوڵەكانی یەكێتی جددین بۆ یەكگرتن لەگەڵ گۆڕان‌و ئەو حزبە دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان پێش خۆڕێكخستنەوەی لەدوای كۆچی نەوشیروان مستەفا، هەنگاو بۆ یەكگرتنی لەگەڵ یەكێتی بنێت.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافی وت"لە چوارچێوەی هەوڵەكانی یەكێتیدا كەسایەتییەك سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووەو ئەو پرسەی لەگەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەكەدا باس كردووە، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان بەتوندی وەڵامیان داوەتەوەو یەكگرتنیان لەگەڵ یەكێتی ڕەتكردوەتەوە."

 

یەكێتی‌و گۆڕان زیاتر لە ساڵێكە ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوانیاندا هەیە كە تێیدا بۆچوونی هاوبەشیان لەسەر زۆرپرس گەڵاڵەكردووە، بەڵام تائێستا ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، ئەوەش لەماوەی ڕابردوودا ناڕەزایی زۆری لێكەوتەوە لەناو هەردوو حزب، بەتایبەت گۆڕان چەند جارێك یەكێتی تۆمەتباركردوە بە جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكە.

 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە، خاڵی جیاواز لەنێوان ئەوان‌و یەكێتی"زۆر زۆرە"و هەوڵەكانی یەكێتی بۆ یەكگرتن "خۆدزینەوەیە" لە ڕێككەوتنەكەی نێوانیان‌و یەكگرتنیان ڕوونادات.

 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، بە پەرەگرافی وت"یەكێتی بەو لۆژیكە مامەڵەدەكات كە گۆڕان هەر نەوشیروان مستەفا بووە ئێستا كە ئەو كۆچی كردووە با ئەوانی دیكە بگەڕێنەوە ناو یەكێتی، بە مانایەكی دیكە دەیەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنێت كە گۆڕان لاواز دەبێت‌و دەپوكێتەوە دوای كاك نەوشیروان، بەڵام وانییەو ئێمە حزبێكی زۆر زۆر جیاوازین‌و خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ یەكێتی تەنها ڕێككەوتنەكەی نێوانمانە."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەی تەئكیدی دەكردەوە كە حزبەكەی بە بەهێزی دەمێنێتەوە، وتیشی"هەوڵەكانی یەكێتی بۆ خۆدزینەوەیە لە ڕێككەوتنەكەی نێوانمان، بۆنمونە خاڵێكی ڕێككەوتنەكە یەكگرتنی فراكسیۆنەكانمانە، یەكێتی نایكات‌و لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشیش وتویانە ناكرێت، ئێستا پرسی یەكگرتنیان لەچی؟."

 

هەوڵەكان یەكێتی لەكاتێكدایە، ئێستا پرسی گەرم لەناو بزوتنەوەی گۆڕان چۆنێتی ڕێكخستنەوەی بزوتنەوەكەو جێگرتنەوەی نەوشیروان مستەفایە، هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی بەرپرسانی باڵای گۆڕان، دیارترین دوو ناون كە دەهێنرێن بۆ جێگرتنەوەی نەوشیروان مستەفا.