شادبوونەوەی ژنێكی ئێزدی بە كچەزاكەی

سێ‌ ساڵە 35 ئەندامی خانەوادەكەی بێسەروشوێنن
25-05-2017 12:55
پارێزگای دهۆك، 22-5-2017، كاتی شادبوونەوەی دایە شەمی بە كچەزاكەی لە كەمپی ئاوارەكان. فۆتۆ: تایبەت بە کەرکوک ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

ئەوەی بە بیری دایە شەمی-یدا نەدەهات، كچەزاكەی لە دەستی داعش ڕزگاربكرێت‌و جارێكیتر لە باوەشی بگرێتەوە، چونكە سێ‌ ساڵە چارەنووسی 35 ئەندامی خانەوادەكەی بە نادیاری ماوەتەوە.

 

شەمی دیرۆ خانسۆری، لە شەستەكانی تەمەنیدایە‌و لە كاتی هێرشەكانی داعش بۆ سنوری شەنگال، 35 كەسی خانەوادەكەی لەلایەن ئەو ڕێكخراوەوە ڕفێنران‌و تائێستا، تەنیا دوو كچەزای ڕزگاركراون.

 

لە كەمپی حەم مشكۆی ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك، دووشەممە 22-5 لە كەشێكی تێكەڵ بە خەم‌و خۆشحاڵی، ئەو ژنە بە كچەزایەكی بچوكی شادبووەوە، دوای ڕزگاركردنی لە دەستی داعش لە نێو موسڵ.

 

ئەمەل برگیس نایف، كچەزای دایە شەمی-یە‌و تەمەنی تەنیا 10 ساڵە، یەكێكە لەو منداڵانەی سێ‌ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن داعشەوە ڕفێنراوە‌و چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، لەدەست ئەو ڕێكخراوی ڕزگاری بوو.

 

"ئەمەل لەلایەن هیچ هێزێكەوە ڕزگارنەكرا، بەڵكو كڕدرا، ئەوەش دوای هەماهەنگی لەگەڵ هاوڕێیان لە ناو موسڵ‌و بە هەماهەنگی نوسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزدی"، خدر دیرۆ خانسۆری، برای دایە شەمی بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

 

 پارێزگای دهۆك، 22-5-2017، دایە شەمی كچەزاكەی لە باوەش گرتووە دوای سێ‌ ساڵ لە دابڕان. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو.

 

لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لە ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە تائێستا، دەیان ڕفێنراوی ئێزدی لەلایەن سوپاو پۆلیسی فیدراڵی‌و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان‌و یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە)وە ڕزگاركراون.

 

خانەوادەكەی شەمی خانسۆری، دانیشتوی كۆمەڵگەی تەل عەزیر بوون لە باشوری شەنگال، ئەو قەزایەی بەدووری 120كیلۆمەتر دەكەوێتە ڕۆژئاوای موسڵ‌و لە 3ی ئابی 2014، داعش دەستیبەسەردا گرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

 

وەكو خدر دیرۆ خانسۆری باسیكرد"خێزانی خوشكەكەم لەلایەن داعشەوە گەمارۆدران، لەگەڵ دەستگیركردنیاندا پیاوەكان لەژن‌و منداڵان جیاكرانەوە، پیاوەكان لەسێدارەدران لە نێویاندا منداڵی خوار تەمەنی 12 ساڵ هەبوون."

 

"لەنێو ئەو كەسانەی لە سێدارەدران، پێنج كوڕی خوشكەكەم (شەمی دیرۆ)‌و دوو كوڕەزای تێدابوو كە خوێندكاری كۆلێژی پزیشكی بوون، بەڵام ژنی ئەو پێنج كوڕەی خوشكم‌و كچەكانیان ڕفێنران‌و لە گرتوخانەی میحراب لە قەزای تەلەعفەر دەستبەسەركران."

 

خدر خانسۆری دەڵێت چەند ڕۆژێكی كەم دوای ڕفاندنیان، هەواڵی خۆهەڵواسینی دوو كچەزای خوشكەكەی لە زیندان بەوان گەیشتۆتەوە، چونكە مردنیان لە كۆیلایەتی بە باشتر زانیووە.

 

كچەزایەكی تری دایە شەمی، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە لە ناوەندی موسڵ ڕزگاركراوە، دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی دەستبەسەربوونی.

 

خدر خانسۆری وتی"غالیە برگیس نایف تەمەن 18 ساڵ، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا ڕزگاریان كرد."

 

پێكهاتەی ئاینی ئێزدی، هاوشانی كریستیان، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو ڕوبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

 

حسێن قایدی، بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕفێنراوانی ئێزدی لە هەرێمی كوردستان لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، كە دووشەممە 22ی ئەم مانگە ئەمەل نایف، كچەزاكەی شەمی لەگەڵ چوار ئێزیدی تردا، ئازادكراون.

 

فەرماندەیی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیش، سێشەممە 23-5 ئاشكرایانكرد كە لە ناوچەی حاوی كەنیسە لە بەری ڕاستی موسڵ، توانیویانە كچێكی ئێزیدی تەمەن 17 ساڵ لە دەستی داعش ڕزگاربكەن، لە ڕێی ئۆپەراسیۆنێكی هەواڵگرییەوە.

 

لە كۆی شەش هەزار‌و 417 ئێزدیی ڕفێنراو لەلایەن داعشەوە، تا نیسانی ئەمساڵ زیاتر لە سێ‌ هەزار كەسیان ڕزگاركراون كە زۆرینەیان منداڵ‌و كچ‌و ژن بوون، تائێستاش سێ‌ هەزار‌و 416 كەس چارەنووسیان دیارنییە، بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئێزیدییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (كەركوك ناو).