كێ چارەنوسی دۆسیەی كوشتنی محەمەد یونس یەكلاييدەكاتەوە؟

05-06-2017 05:21
كەركوك، 2-5-2017، محەمەد یونس‌و شاهۆ عەبدولسەلام لەهەمان ئۆتۆمبێلدا بوون. فۆتۆ: سۆران محەمەد.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

دۆسیەی كوشتنی محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازی باكور لەنێوان لیژنەكانی بەغداو كەركوك‌و بە دواداچوونەكانی هەولێر یەكلایینەبووەتەوە، هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی چەند كەسێكی وەك تۆمەتبار ڕادەستی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك كردووە‌و لە چاوەڕوانیدان.

 

لە 2-5 لە نزیك بازگەی یەكی حوزەیران لە باشووری كەركوك، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو تەقەیان لە محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازی باكور كرد‌و بەهۆیەوە ناوبراو لەگەڵ پاسەوانێكیدا، كوژران.

 

حەوت ڕۆژ دوای ڕووداوەكە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا، چەند كارمەندێكی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتباركرد بە كوشتنی محەمەد یونس، بەڵام ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی ئەو لێدوانانەیان ڕەتكردەوە.

 

لە ئێستادا كە زیاتر لە مانگێك بەسەر ڕووداوەكەدا تێپەڕدەبێت، پارتی-محەمەد یونس ئەندامێكی كارایان بووە- فشاردەكات بۆ ئاشكراكردن‌و دەستگیركردنی تۆمەتباران، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ناوێكیان ڕادەستی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك كردووە.

 

محەمەد یونس، جێگری بەرێوەبەری كۆمپانیای گازی باكور‌و شاهۆ عەبدولسەلام، شوفێر‌و پاسەوانی.

 

عەدنان كەركوكی، وتەبێژی پارتی لە كەركوك – گەرمیان بە (كەركوك ناو)ی وت"ناوی چەند كەسێكمان پێشكەشی پارێزگاری كەركوك كردووە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانەو چاوەڕێدەكرێت فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو كەسانە دەربچێت و دەستگیربكرێن."

 

پارتی لەسەر ئاستی باڵاو لەسەر داوای مەسعود بارزانی، لیژنەیەكی پێكهێناوەو چاودێری دۆسیەكە دەكات‌و بەوتەی كەركوكی"لەگەڵ بڕیاری دەستگیركردنی تۆمەتباران ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرادەكەن."

 

وەزیری ناوخۆی عێراق لە 4-5 بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی تیرۆركردن كە ناوبەناو لە پارێزگای كەركوك ڕوودەدەن‌و دواین ڕووداویان كوشتنی محەمەد یونس بوو.

 

ڕۆژی دواتر حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیران، بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە كەیسی كوشتنی محەمەد یونس‌و لیژنەكە لە 6-5 لەگەڵ نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك كۆبوونەوە.

 

نەجمەدین كەریم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا 8-5 لە سەربازگەی كەیوان كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "زانیاری پێویستیمانداوە بە لیژنەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق."

 

محەمەد یونس چۆن كوژرا؟

 

بەر لە كاتژمێر 8ی بەیانی، محەمەد یونس و پاسەوانەكەی لە گەڕەكی یەكی حوزەیران لە باشوری كەركوكەوە بۆ كۆمپانیای گازی باكور بەڕێدەكەون، بەڵام لە ناو شاری كەركوك و لە نزیك بازگەیەكی پۆلیس، چەند چەكدارێكی نەناسراو لەناو ئۆتۆمبێلێكەوە دەستڕێژی گولەیان لێدەكەن‌و هەردوكیان دەستبەجێ گیانلەدەستدەدەن. شوێنی كوژرانی محەمەد یونس و بازگەكە یەك كیلۆمەتر لەیەكەوە دورن.

 

ئەحمەد عەلی، ئامۆزای محەمەد یونس بە (كەركوك ناو)ی وت"وەك هەموو ڕۆژێكی تری ئاسایی ئەمڕۆ ڕۆیشتووە بۆ دەوام بەڵام پێش گەیشتنی بە شوێنی كارەكەی لە نزیك بازگەی حوزەیران دراوەتە بەر دەستڕێژی گولە."

 

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاشكرانەكراون

 

هەرچەندە حەیدەر عەبادی، ڕاستەوخۆ پۆلیسی سلێمانی-لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان- تۆمەتباركرد بە كوشتنی محەمەد یونس، بەڵام ئەنجامی لیژنەكان تائێستا ئاشكرانەكراون.

 

 

عەبادی، ڕاستەوخۆ پۆلیسی سلێمانی تۆمەتباركرد بە كوشتنی محەمەد یونس.

 

ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت"ژمارەیەك لە ئەفسەرانی پۆلیس لەلایەن لیژنەكەی بەغداوە ئیفادیان لێوەرگیراوە… لیژنەكە لە دوای گەڕانەوەیان بۆ بەغدا هیچ زانیاری و نوسراوێكیان لە بارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان پێڕانەگەیاندوین"، كە فەریق موەفەق عەبدولهادی، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی كاری لیژنەكەی بەغدا دەكات.

 

بەڵام سەرچاوەیەكی حزبیی لە كەركوك، كە ئاگاداری بەشێك لە بەدواداچوونەكانی دۆسیەكەیە، وتی"ژمارەیەك پۆلیسی بازگەی واحد حوزەیران بە تۆمەتی كەمتەرخەمی لە ئەركەكانیاندا بە بڕیاری وەفدەكەی بەغدا دەستبەسەركراون."

 

كەسوكارو هاوڕێكانی محەمەد: هیچ كێشەیەكی نەبووە

 

نەوزاد قادر، سەرۆكی یەكێتی توپی پێ لە پارێزگای كەركوك و هاوڕێیەكی محەمەد یونس بە (كەركوك ناو)ی وت"بە بەردەوامی لە هەفتەیەكدا دوو سێ جار یەكترمان دەبینی، زۆرجار پاسەوانی لەگەڵ نەبوو، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەو كێشەی تایبەتی و كۆمەڵایەتی نەبووە… پێشتر قەت نەیوتووە هەڕەشەی لەسەرە."

 

محەمەد یونس، هاوكات سەرۆكی یانەی وەرزشی گازی باكور بووە لە كەركوك.

 

نەوزاد قادر وتیشی"دوای تەواوبونی دەوامەكەی لە كۆمپانیا، دەڕۆیشتە یانەی گازی باكورو شەوانە تا كاتژمێر 11 لەگەڵ دەستەی كارگێڕیی و یاریزانەكان دەمایەوە."

 

هاوكات، ئەحمەد عەلی، كەسوكاری محەمەد یونس، وتی "هیچ كێشەیەكی شەخسی و كۆمەڵایەتی لەگەڵ كەس نییە، بۆیە هۆكاری كوشتنەكەی دەگەڕێنینەوە بۆ كارەكەی."

 

محەمەد یونس، كادرێكی پێشكەوتوی لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بۆیە لێپرسراوی لقی پارتی لە كەركوك خۆی سەرپەرشتی دۆسییەكە دەكات.

 

عەدنان كەركوكی، وتەبێژەكەی پارتی هیوای بەوەیە ڕێكارە ئەمنیی‌و یاساییەكان، بە باشی بەڕێوەبچن.

 

 

كەركوك، 2-5-2017، بەرێكردنی تەرمی محەمەد یونس بۆ بە خاكسپاردن. فۆتۆ: سۆران محەمەد.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە پارێزگاری كەركوك لە 9-5 وتی"سەرەداوی وردمان دەستكەوتووەو توانراوە جۆری ئۆتۆمۆبێلەكەو خاوەنە‌كەی دیاریبكرێت كە ئەو تاوانەی پێ ئەنجامدراوە"، بەڵام دوای وتەكانی عەبادی كە تیایدا وتی"تاوانباران چەند كارمەندێكن لە پۆلیسی سلێمانی‌و بە بەڵگەوە تۆماركراوە"، هیچ بەرەو پێشچوونێك لە ڕوداوەكەدا نابینرێت.

 

ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پێیوایە لێدوانەكەی عەبادی لەبارەی دەستگیركردنی بكوژانی ئەو بەرپرسەی گازی باكور"ناڕاستەو تەنیا بۆ دروستكردنی پشێوی بووە، چونكە تا ئێستا هیچ كەسێك بەو تۆمەتە دەستگیرنەكراوە."

 

وتیشی"ئێمە نەمانبیستووە پارتی كەسێكی تاوانبار كردبێت یاخود بەڕەسمی كوشتنەكەی محەمەد یونسی لەسەر هیچ حزبێكی سیاسی حیساب كردبێت، بەڵكو ئێمەو پارتیش لە هەوڵداین بۆ دەستكەوتنی سەرەداوێكی ڕوداوەكە."

 

عەدنان كەركوكی وتی"هێشتا زووە بۆ دەستنیشانكردنی بكەری تاوانەكە… دەبێت پەلە نەكەین تا گومانلێكراوەكان دەستگیردەكرێن و دان بە تاوانەكەیاندا دەنێن."