گۆڕان‌و كۆمەڵ كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبەكان بایكۆت دەكەن

06-06-2017 04:44
مەسعود بارزانی

 

پەرەگراف

 

هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبوونەوەی سبەینێی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبەكان ناكەن، هاوكات یەكێتی نیشتمانی‌و یەكگرتوی ئیسلامی بەشداریی كۆبوونەوەكە دەكەن.

 

بڕیارە سبەینێ بارزانی لەگەڵ كەسی یەكەمی حزبەكان كۆببێتەوەو گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی‌و پرسی ڕیفراندۆم بكەن، بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكەش بانگهێشتنامە بۆ حزبەكان نێردراوە.

 

هەریەكە لە شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ڕێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی بە میدیای فەرمیی حزبەكانیان ڕاگەیاندووە كە ئەوان بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەن.

 

شۆڕش حاجی‌ دەڵێت"بڕوامان وایە بەر لە هەمو پرسێك پێویستە پەرلەمان كارابكرێتەوە، هەروەها پێویستە ژیان و گوزەرانی‌ هاوڵاتیان باش بكرێت."

 

هاوكات ڕێبوار حەمەد ڕایگەیاند"ئەمجۆرە كۆبوونەوانە، جدیی و كرداریی نین و بڕوامان بە چارەسەری‌ كێشەكان بە گفتوگۆی‌ جددیی هەیە." وتیشی"حزبە دەسەڵاتدارەكانی‌ هەرێم، دەتوانن كێشەو قەیرانەكان چارەسەر بكەن و كۆمەڵی ئیسلامیی داوای‌ كاراكردنەوەی‌ دامەزراوە شەرعییەكان و سازدانی‌ كۆبوونەوەی‌ كرداریی دەكات."

 

هاوكات هەریەكە لە یەكێتی‌و یەكگرتووی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەكە دەكەن، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی خستەڕوو حزبەكەی بەوەفدێك بەشداری كۆبوونەوەی لایەنەكان لەگەڵ بارزانی دەكات.

 

"هەر كۆبوونەوەو گفتوگۆیەك بۆ باشتركردنی بارودۆخی سیاسی و ئابوری كوردستان بێت، یەكێتی لەبەر بەرژەوەندی گشتی بەشداری تێدا دەكات."سەعدی پیرە بۆ میدیای حزبەكەی وای وت.

 

لایخۆیەوە هادی عەلی، وتەبێژی فەرمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رِایگەیاند، پرسی  رِیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی پرسێكی چارەنووسسازی نەتەوەییە و ستراتیژی حزبەكەیەتی، وتیشی"لەو سۆنگەیەوە یەكگرتوو بەشداری كۆبوونەوەكە دەكات و وێرای ئەوەش جەخت دەكاتەوە لەسەر زەرورەتی رەچاوكردنی رێكارە سیاسی و یاساییەكانی ریفراندۆم وەك كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی قەیرانە سیاسیەكە و باشكردنی گوزەران و بژێوی خەڵك و دروستكردنی كۆدەنگی نیشتیمانی بەمەبەستی سەرخستنی پرۆسەكە."

 

لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە پۆستەكانی سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمانیان بەدەستەوەیە لە زۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوهەڵوێست بوون.

 

هاوكات ئەو دوو حزبە تائێستا نوێنەری خۆیان دیاری نەكردووە بۆ ئەو لیژنەیەی پارتی‌و یەكێتی بڕیاریانداوە پێكی بهێنن بۆ سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم، تەئكیدیش دەكەنەوە تا پەرلەمان كارا نەكرێتەوە بەشداریی ئەو پرسە ناكەن.

 

بۆچوونەكان لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن‌و ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یەكێكە لەپرسە گەرمەكانی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان‌و پارتی‌و یەكێتی پێكەوە بڕیاریانداوە ئەمساڵ ئەو پڕۆسەیە ئەنجامبدەن‌و سەرەتای مانگی 4ی ئەمساڵ سەردانی لایەنەكانیان دەستپێكرد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ڕەتیكردەوە پێشوازیی لە وەفدەكەیان بكات‌و ئەو پرسەی بەكاری پەرلەمان دانا نەك حزب.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.