ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بڕیارێك پەسەند دەكات بۆ دادگایی كردنی پاسەوانەكانی ئەردۆغان

07-06-2017 05:07
لێدانی خۆپیشاندەران لەلایەن پاسەوانەكانی ئەردۆغانەوە.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بڕیارێكی پەسەندكرد بۆ شەرمەزاركردنی هێرشی پاسەوانەكانی سەرۆكی توركیا بۆسەر خۆپیشاندەرە كوردەكان لە واشنتۆن‌و دادگایی كردنی هێرشكاران بەپێی یاسای ئەمەریكا.

 

ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو كاتێك ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆشكی سپی ئەمەریكا لەگەڵ دۆناڵد ترەپ لە كۆبوونەوەدا بوو، ژمارەیەك خۆپیشاندەر كە زۆرینەیان كورد بوون لە بەردەم كۆشكەكە كۆبوونەوە بۆ ئیدانەكردنی سەردانەكەی ئەردۆغان‌و پشتیوانیی بڕیارەكەی ترەپ بۆ پڕچەك كردنی یەپەگە.

 

دوای كۆبوونەوەكە، ئەردۆغان بەرەو باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە واشنتن كەوتەڕێ، خۆپیشاندەرانیش چوونە بەردەم باڵیۆزخانەكەو هوتافیان دژی دەوتەوە، بەڵام لەوێ لەلایەن پاسەوانەكانی ئەردۆغانەوە ڕوبەڕوی هێرشی تووند بوونەوەو 11 كەس برینداربوون كە یەكێكیان پۆلیس بوو.

 

ئەو ڕووداوە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو دەسەڵاتدارانی ئەمەریكاو میدیای ئەو وڵاتە ڕەخنەی توندیان لە ئەردۆغان‌و پاسەوانەكانی گرت لە بەرامبەر ڕەفتارەكانیان دژی خۆپیشاندەران.

 

لە نوێترین كاردانەوەشدا دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بڕیارێكی پەسەندكرد بۆ شەرمەزاركردن‌و سزادانی ئەوانەی دەستیان هەبووە لەو هێرشەی لەلایەن پاسەوانانی سەرۆكی توركیاوە كرایەسەر خۆپیشاندەران.

 

پڕۆژە بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە دەنگی 397 ئەندام پەسەندكراوەو هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنەكە دژی بڕیارەكە نەبووە، هەندێك لە ئەندامان لەكاتی دەنگداندا ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون‌و بەوهۆیەوە دەنگیان نەداوە.

 

لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكادا جەخت لەوەكراوەتەوە گردبوونەوەی ئاشتیخوازانەو ئازادی ڕادەربڕین خاڵی سەرەكین لە دیموكراسیەتی ئەمەریكا. پاشان دەڵێت هێزەكانی توركیا بە شێوەیەكی ناپـڕۆفشناڵانەو دڕندانە مامەڵەیان كردووەو هەر كاربەدەستێكی ئاسایشی تورك فەرمان یان سەرپەرشتی یاخود بەشداریـیان لە هێرشەكەدا كردبوو، دەبێت بەپـێی یاساكانی ئەمەریكا دادگایی بكرێن.

 

ئێدوارد ڕۆیس ئەندامی كۆماریی ئەنجومەنی نوێنەران لەمیانەی دانیشتنەكەدا وتی، ئەم هێرشەی پاسەوانەكانی سەرۆكی توركیا لە مانگی ڕابردوو كردیان یەكەم جار نیـیە لەسەر خاكی ئەمەریكا ئەنجامی بدەن، بەڵكو ئەمە سێـیەم جارە، بۆیە دەبێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاو دەزگای ئاسایشی ئەمەریكا ڕێوشوێنی پـێویست بگرنەبەر بۆئەوەی لە ئایندەدا هێرشی لەوجۆرە ڕوونەدەنەوە.

 

پەلاماری پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا بۆ سەر خۆپیشاندەران لە واشنتن. 

 

ئەو خۆپـیشاندەرانەی لەلایەن پاسەوانەكانی ئەردۆغانەوە هێرشیان كرایەسەر بەشی زۆریان كورد بوون، بەڵام ئەرمەن و تورك و ئەمەریكایشیان لەگەڵدا بوو، لە دروشمەكانیاندا ئەردۆغانیان بە پـێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ تاوانباركردو دەستخۆشیان لە ترەمپ كرد بۆ بڕیاری پـڕچەككردنی یەپەگە.

 

دوای هێرشی پاسەوانەكانی ئەردۆغان، هەریەكە لە سەرۆكی شارەوانی‌و سەرۆكی پۆلیسی واشنتن بەتوندی ئیدانەیان كرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش ڕایگەیاند، نیگەرانیـیەكانی خۆیان بە توندترین شێوە دەگەیەننە حكومەتی توركیا.

 

بەپـێی ڤیدیۆكانی دەنگی ئەمەریكا، ئەوە دەردەكەوێت كە سەرەتا پاسەوانەكانی سەرۆكی توركیا كە قاتیان لەبەردایە لەگەڵ هێزی تایبەتی توركی كە جلی ڕەنگ خاكییان لە بەردایە، پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن‌و هێزەكانی پـۆلیس هەوڵدەدەن ڕێگرییان لێبكەن.