پەرەگراف
بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی لە ئاستی باڵادا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم كۆبوونەوەو بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار هەردوو حزب تەئكیدیان كردوەتەوە، بەشداری كۆمیتەی ڕیفراندۆم ناكەن تائەوكاتەی پەرلەمانی كوردستان كارادەكرێتەوە.
بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف كۆبوونەوەكە بە نهێنیو دوور لەچاوی میدیاكان نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی ئەنجامدراوە.
سەرچاوەیەك كە خۆی بەشداریی كۆبوونەوەكەی نەكردووە، بەڵام ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیە بە پەرەگرافی وت"هەردوولا سووربوون لەسەر هەڵوێستەكانیانو پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەكاری پەرلەمان دەزانن نەك حزبەكان."
سەرچاوەكە وتیشی"گۆڕانو كۆمەڵ نوێنەر بۆ ئەو كۆمیتەیە دانانێن كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی مەسعود بارزانیو حزبەكاندا بڕیاری پێكهێنانی دراوە بۆ پرسی ڕیفراندۆم، پێش كۆبوونەوەكەی دوێنێش داواكرابوو گۆڕانو كۆمەڵ نوێنەر دیاری بكەن بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم بەڵام هەردوو حزب ڕەتیانكردبوەوە."
لە كۆبوونەوەی دوێنێی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕانو كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵا پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراقو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.
هەر لەكۆبوونەوەكەی بارزانیو حزبەكاندا بڕیاردراوە بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بارزانی، هەروەها بڕیاردرا هەتا ڕێككەوتی 12ـ6ـ2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەریان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ڕیفراندۆمو دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن، بۆئەو مەبەستەش كورسی بۆ گۆڕانو كۆمەڵ لەو كۆمیتەیە دیاریكراوە، بەڵام ئەوان ڕەتیدەكەنەوە بەشداریی بكەن.
هەرچەندە دوو سەرچاوەی ئاگادار ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی نێوان گۆڕانو كۆمەڵ-یان بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە، بەڵام ڕێبوار حەمەد وتەبێژی فەرمی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پەرگراف ڕەتیكردەوە كۆبوونەوەیان كردبێت، وتی"كۆبوونەوەمان نەبووە."
هاوكات پەرەگراف پەیوەندیكرد بە شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.
لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كە پۆستەكانی سەرۆكو سكرتێری پەرلەمانیان بەدەستەوەیە لە زۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوهەڵوێست بوون، ئەو دوو حزبە هۆكاری سەرەكی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی دوێنێی بارزانیو حزبەكان بۆ كارانەكردنەوەی پەرلەمان دەگەڕێننەوەو ئەو پرسە بەكاری پەرلەمان دەزانن نەك حزب.
بۆچوونەكان لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەنجامدانی ڕیفراندۆمو كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەنو ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.
هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.