یەكێتی: پەرلەمان كارابكرێتەوە‌ بۆ ڕێكارە یاساییەكانی ڕیفراندۆم‌و هەڵبژاردن‌

08-06-2017 07:27

 

پەرەگراف

 

یەكێتی نیشمانی كوردستان داوادەكات پەرلەمان كارابكرێتەوە‌و ڕێكارە یاساییەكانی ڕیفراندۆم‌و هەڵبژاردن‌و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن، بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە.

 

ئەمڕۆ وەفدی یەكێتی لە كۆبوونەوەی دوێنێی مەسعود بارزانی‌و حزبەكان، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو هەڵوێستی فەرمیی حزبەكەی لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانەوە خستوەتەڕوو.

 

ڕاگەیەندراوەكەی یەكێتی ئەوەی خستوەتەڕوو، "هەروەكو كۆبوونەوەكانی پێشتر، وەفدی یەكێتیی، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، داكۆكییەكی بێ تەمومژی لەسەر گرنگی و كاریگەری كاراكردنەوەی پەرلەمان كردەوە."

 

دەشڵێت"سەرەنجامی گفتوگۆیەكی بەرپرسانە كۆبوونەوە پەسەندی كرد، كە: پەرلەمان كارا بكرێتەوەو دەستبەجێ لەدوای كۆبوونەوەش، هەوڵی بۆ بدرێ. بڕیاریشە، لەهەفتەی ئاییندە، وەفدی یەكێتیی لەگەڵ پارتیدا لەسەر نەخشە رێگەی یەكێتیی دانیشین. لەو كۆبوونەوەیەشدا، رایدەگەیەنین، كە: مادام وادەی ریفراندۆم دیاریكرا، ئیتر پێویستە پەرلەمانیش كارا بكرێتەوە، هەتا رێكارە یاساییەكانی ریفراندۆم و هەڵبژاردن و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنیش، بخرێتە بەرنامەی پەرلەمانەوە."

 

لە كۆبوونەوەی دوێنێی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان وەفدی یەكێتی بە سەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و ئەندامێتی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بەشداربوون، هاوكات گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتیان كرد، لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵا پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

هەر لەكۆبوونەوەكەی بارزانی‌و حزبەكاندا بڕیاردراوە بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بارزانی، هەروەها بڕیاردرا هەتا ڕێككەوتی 12ـ6ـ2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەریان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ڕیفراندۆم‌و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن، بۆئەو مەبەستەش كورسی بۆ گۆڕان‌و كۆمەڵ لەو كۆمیتەیە دیاریكراوە، بەڵام ئەوان ڕەتیدەكەنەوە بەشداریی بكەن.

 

ئەمڕۆش لە نوسینێكدا كە مەسعود بارزانی بە دەستوخەتی خۆی نوسیویەتی‌و لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، سوپاسی بەشداریی حزبەكان دەكات لە كۆبوونەوەكەی دوێنێداو دەڵێت"بە هەست بە بەرپرسیارێتییەوە هەڵوێستی نیشتیمانی‌و مێژووییان نواند."

 

 

نوسینەكەی مەسعود بارزانی.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ حزبە هۆكاری سەرەكی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی دوێنێی بارزانی‌و حزبەكان بۆ كارانەكردنەوەی پەرلەمان دەگەڕێننەوەو پرسی ڕیفراندۆم بەكاری پەرلەمان دەزانن نەك حزب.

 

بۆچوونەكان لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن‌و ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی یەكێتی

 

دوێنێ سەعات (2:30) لەدیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، بەسەرپەرشتی بەڕێز مەسعود بارزانی، كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بۆ پرسەكانی ریفراندۆم و هەڵبژاردن، ئەنجامدرا.. جگە لەپەسەندكردنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا (6/11/2017)، هەروا (25/9/2017) بۆ ئەنجامدانی راپرسی باشوری كوردستان، لەپێناو سەربەخۆیدا بڕیاری لێدرا. بەم رونكردنەوەیە، رایدەگەیەنین، كەوا: هەروەكو كۆبوونەوەكانی پێشتر، وەفدی یەكێتیی، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، داكۆكییەكی بێ تەمومژی لەسەر گرنگی و كاریگەری كاراكردنەوەی پەرلەمان كردەوە.

 

خۆشبەختانە، زۆربەی لایەنەكانی بەشدار، هەمان هەڵوێستیان هەبوو. سەرەنجامی گفتوگۆیەكی بەرپرسانە كۆبوونەوە پەسەندی كرد، كە: پەرلەمان كارا بكرێتەوەو دەستبەجێ لەدوای كۆبوونەوەش، هەوڵی بۆ بدرێ.

 

بڕیاریشە، لەهەفتەی ئاییندە، وەفدی یەكێتیی لەگەڵ پارتیدا لەسەر نەخشە رێگەی یەكێتیی دانیشین. لەو كۆبوونەوەیەشدا، رایدەگەیەنین، كە: مادام وادەی ریفراندۆم دیاریكرا، ئیتر پێویستە پەرلەمانیش كارا بكرێتەوە، هەتا رێكارە یاساییەكانی ریفراندۆم و هەڵبژاردن و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنیش، بخرێتە بەرنامەی پەرلەمانەوە.

 

شایانی باسە، ئێستا دەتوانین بڵێین گەشبینین بەهاوكاری هەموو لایەنەكان، پەرلەمان كارا بكرێتەوە، دیارە بەكاراكردنەوەی پەرلەمانیش، قۆناغێكی دژواری پەیوەندی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كۆتایی دێت و دڵی گەلەكەمان و پشتیوانانیشمان خۆش دەبێ، بەڵكو نەیارانیش، بەخۆیاندا بچنەوە.


وەفدی یەكێتیی لەكۆبوونەوەی
هێزە كوردستانییەكان
8/7/2017