بەغدا ئامادەیی پیشاندا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕیفراندۆمەكەی كوردستان

09-06-2017 12:57
كۆبوونەوەكەی بارزانی لەگەڵ حزبەكان كە ڕۆژی ڕیفراندۆمی تێدا دیاریكرا.

 

پەرەگراف

 

حكومەتی عێراق ئامادەیی پیشاندا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم لە كوردستان، تەئكیدیش دەكاتەوە دەبێت ڕەچاوی دەستوری وڵات بكرێت‌و نابێت هیچ لایەنێك بە پەراوێزخستنی ئەوانی دیكە بڕیار بدات‌.

 

سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم لە كوردستان ئەمڕۆ هەڵوێستی بەغدای خستەڕوو، ڕایگەیاند پێویستە هەموو عێراقییەكان پێكەوە بڕیار لەسەر ئایندەی وڵاتەكەیان بدەن‌و تەئكیدی كردەوە"هەر بڕیارێك لەبارەی داهاتووی عێراقەوە بدرێت، دەبێت رچاوی دەستوور بكرێت."

 

حەدیسی، لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و "ناوچەی جێناكۆك"، وتی"بڕیاردان لەسەر ئایندەی عێراق بڕیارێكی عێراقییە‌و پەیوەندیی بە لایەن‌و كەسانی دیكەوە نییە."

 

هەروەها جەختدەكاتەوە كە پێویستە هەموو عێراقییەكان پێكەوە بڕیار لەسەر ئایندەی وڵاتەكەیان بدەن‌، وتی"نابێت هیچ لایەنێك بە پەراوێزخستنی ئەوانی دیكە بڕیار بدات‌و دەبێت ڕەچاوی دەستوور بكرێت، چونكە ئەوە بنەمای پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەرێمی ڕێكخستووە."

 

هەروەها ئامادەیی حكومەتی ناوەندیشی پیشاندا، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە.

 

7ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵا پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

هەر لەكۆبوونەوەكەی بارزانی‌و حزبەكاندا بڕیاردراوە بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بارزانی، هەروەها بڕیاردرا هەتا ڕێككەوتی 12ـ6ـ2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەریان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ڕیفراندۆم‌و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن، بۆئەو مەبەستەش كورسی بۆ گۆڕان‌و كۆمەڵ لەو كۆمیتەیە دیاریكراوە، بەڵام ئەوان ڕەتیدەكەنەوە بەشداریی بكەن.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو ئەڵمانیاو توركیا ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ توركیا، هەرێمی كوردستان ئاگاداردەكاتەوە، كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم "هەڵەیەكی گەورەیە"‌و پێیوایە ناسەقامگیریی دروستدەكات، بەتایبەتیش باسی "ناوچەی جێناكۆك" دەكات.

 

ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لە بەیاننامەیەكدا هاتووە كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان "دەرئەنجامی باشی نابێت‌و لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە"، بۆیە بە "هەڵەیەكی گەورە"ی ناودەبات.

 

لە بەیاننامەكەدا هاتووە"حكومەتی توركیا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ نیگەرانەو بۆچوونی خۆمان بەڕاشكاویی لەوبارەیەوە بە بەرپرسانی حكومەتی ناوەندیی عێراق‌و هەرێمی كورد لە باكوری عێراق گەیاندووە."

 

حكومەتی توركیا پێیوایە شەڕی داعش لە عێراق ئەولەویەتە‌و لەگەڵ ئەوەشدا جەختدەكاتەوە لەوەی سیاسەتی توركیا لە عێراق"مانەوەی یەكپارچەیی خاكی عێراقە."

 

هەر لە بەیاننامەكەی توركیادا جەختكراوەتەوە لەوەی ڕیفراندۆم لە "ناوچەی جێناكۆك" بەدەرە لە خواستی هاوڵاتیان.

 

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ڕایگەیاند كە ئەوان پشتگیری لە عێراقێكی یەكگرتووی دیموكراسی فیدراڵ دەكەن‌و ئەوەیان بە سەركردایەتی كورد وتووە‌و داوایانلێكردوون كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، هەڵوێستی وڵاتەكەی ڕوونكردەوە سەبارت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان‌، وتی"ئێمە لە خەونی ڕەوای گەلی کورد تێدەگەین و ڕێزی لێدەگرین، بەڵام پشتگیری یەکپارچەیی خاکی عێراقێکی دیموکرات دەکەین."

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی خستەڕوو كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ئامانجە سەرەكییەكە دووریان دەخاتەوەو لەپێشینەی كارەكانیانی بە شەڕ دژی داعش دانا، هەروەك داوای گفتوگۆو چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەكات.

 

پێتریش لەیەکەم کاردانەوەی نێودەوڵەتیدا لەبارەی ڕیفراندۆم لە كوردستان، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دژایەتیی وڵاتەكەی ڕاگەیاندو تەئكیدی لە یەكپارچەیی خاكی عێراق كردەوە.

 

سیگمار گابریێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هۆشداریدا لە هەنگاوی تاكلایەنە لە پرسی ڕیفراندۆم‌و بە "هەڕەشەی گەورە" لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق ناوی برد، وتیشی، دووبارە دیاریکردنی سنور ڕێگایەکی درووست نییەو ڕوبەڕوی هەڵوێستی قورس دەبێتەوە لە هەولێر و بەغداوە. 

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.