گۆڕان گومانی لە هەنگاوەكانی بارزانی هەیە بۆ ڕیفراندۆم‌و بە حزبی‌و نایاسایی دادەنێت

10-06-2017 05:17
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف

 

بزووتنەوەی گۆڕان گومانی لە نییەتی مەسعود بارزانی هەیە لە پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمداو هەنگاوەكانی ئەو پڕۆسەیە بە حزبی‌و نایاسایی دادەنێت.

 

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەنجامداو لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا ڕەخنەی توند لە هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگرێت.

 

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان تەئكید دەكاتەوە كە درێژە بە هەوڵەكانی نەوشیروان مستەفا دەدەن لەوانە، دامەزراندنی دەوڵەت، سەروەری یاسا، ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كورد‌و كۆتایی هێنان بە قۆرخكاریی لە هەموو بوارەكاندا.

 

گۆڕان باسلەوەشدەكات نابێت ڕاپرسی‌و ڕاگەیاندنی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی حزبی‌و خۆدزینەوە لە چاكسازی بەكاربهێنرێت، دەشڵێت"ئەو پڕۆسەیەی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان‌و هاوئاوازەكانی دەستیان پێكردووە پڕۆسەیەكی حيزبی‌و نایاساییە."

 

7ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەیەكی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە بەشدارەكانی ناو پەرلەمان‌و حكومەت بڕیاردرا 25-9 ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی ئەو كۆبونەوەیەیان كردو ئەو پرسەیان بەكاری پەرلەمان دانا نەك حزبەكان، ئامادەش نین نوێنەر بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەن.

 

بۆچوونەكان لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن‌و ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.

 

بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، زانیاری زیاتری بۆ پەرەگراف خستەڕوو لە بارەی هەڵوێستی بزوتنەوەكەی لەسەر ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان كە ئێستا پرسی گەرمی گۆڕەپانی سیاسییە لە كوردستان.

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد سەربەخۆیی كوردستان ئامانجی تەواوی حزبەكانە بە گۆڕانیشەوە، بەڵام ئەوە كاری پەرلەمانەو یاسا دیاریی كردووە نەك كاری حزب، وتیشی"گومانمان لەنیەتی پشت ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە هەیە كە كاك مەسعود بۆ داپۆشینی كێشەو قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەكانی ناوخۆ و ڕاكێشانی سۆزی خەڵك‌و بەكارهێنانی ئەو پرسە وەك كارتی فشار بەرامبەر بەغدا بۆ دەسكەوتی حزبیی پەنای بۆ ڕیفراندۆم بردبێت نەك بۆ دەوڵەتی كوردی."

 

بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان تەئكیدی كردەوە، بزووتنەوەكەی بەشداری ئەو پڕۆسەیە ناكات بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ڕێكاری یاسایی.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

 

ئەمڕۆ (10/6/2017) جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، ئەمە یەکەم کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانییە لەدوای کۆچی دوایی بیرمەند‌و سەرکردەی نەتەوەیی ‌و نیشتمانی‌و داهێنەری خەباتی مەدەنی لە کوردستان،‌‌ نەوشیروان مستەفا.

 

وێڕای ناردنی رێزو سڵاو بۆ گیانی پاکی، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بە یەک دەنگ جەختیان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە:

 

یەکەم: جڤاتی نیشتمانی پێداگری لەسەر پرەنسیپە بنچینەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکاتەوە. سەروەری یاسا، خەباتی مەدەنی ‌و دەستاودەسکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات‌، ئازادی بیروڕا، سەربەخۆیی دادگاکان‌‌، بێلایەنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە ململانێ سیاسییەکان‌، مافی چارەنوس ‌و پێکەوەژیانی نەتەوەو پێکهاتەکان بەشێکی ئەو پرنسیپانەن. ئەمانەش ماکی کارکردنمانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان لە گۆڕینی سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان‌، ریشەکێشکردنی گەندەڵی‌‌، چاکسازی لە سیستمی کارگێڕی‌، بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی‌‌، ئازادییە فەردی ‌و گشتییەکان ‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان‌.

 

دوەم: بزوتنەوەی گۆڕان درێژە بە هەوڵەکانی کاک نەوشیروان دەدا کە لە تافی لاوێتییەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی تێکۆشانی بۆ کردوە. لەوانە، دەستەبەرکردنی بناغەو پایەکانی دامەزراندن‌ و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە یاسا تێیدا سەروەر بێ ‌و کەرامەتی هاونیشتمانیان پارێزراو بێ‌‌، ناوماڵی کورد رێکبخرێ‌و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی‌ و بەیەکەوە کارکردنی هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی دەستەبەر بکرێ‌، کۆتایی بە قۆرخکاری لە هەمو بوارەکانی حکومڕانی‌ بهێنرێ‌و رێگە نەدرێ ئیرادەی تاکە کەس‌ یان تاکە حیزب‌ یاخود تاکە خێزان بەسەر هەمو خەڵکی کوردستاندا بسەپێنرێ‌، چاکسازی ریشەیی لە بواری دارایی ‌و کارگێڕیدا بکرێ‌‌و باشکردنی ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان ئەولەوییەتی کارەکانمان بێ.

 

بزوتنەوەی گۆڕان درێژە بە کاروباری رێکخراوەیی خۆی دەدا و بەپێی دەستور و بەرنامەکەی جەخت لەسەر کاری دامەزراوەیی ‌و پابەندبون بە توندوتۆڵ کردنی ئۆرگانەکانی‌ و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ چین‌و توێژەکانی کوردستاندەکاتەوە.

 

هاونیشتمانیانی کوردستان

 

لەم هەلومەرجە هەستیارەی کە گەلەکەمان پێیدا تێدەپەڕێ نابێ پرسی راپرسی ‌و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، کە مافێکی سروشتی خەڵکی کوردستانە، بۆ بەرژەوەندی شەخسی‌ و حیزبی‌ و بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاربهێنرێ. نابێ ئەم پرسە بۆ تێپەڕاندنی ناشەفافانەی داهاتی نەوت‌ و ئەو گرێبەستە گوماناویانە بەکار بهێنرێ، کە گرێبەستەکەی روسنەفتی روسی دواهەمینیان بو،هەرێمەکەمانی خستۆتە ژێر قەرزێکی گەورەوە و ژیان‌ و بژێوی خەڵکی کوردستان‌و نەوەکانی داهاتوشی گەیاندۆتە ئاستێکی مەترسیدار. دەبێ پرسی راپرسی‌ دوا قۆناغ بێ لە نەخشەیەکی هەمەلایەنە پێش راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵام ئەو پرۆسەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و هاوئاوازەکانی دەستیان پێکردوە پرۆسەیەکی حیزبی ‌و نایاساییە. نابێ ئەم پرسە یان هیچ هۆکارێکی تر بکرێن بە پاساو بۆ دواخستن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی گشتی لە کاتی خۆیدا.

 

لە کۆتاییدا بەڵێن بە گیانی پاکی کاک نەوشیروان‌ دەدەین‌‌ کە لەسەر رێگاکەی بەردەوام دەبین ‌و هیچ هێز و لەمپەرێک نامانوەستێنێ. ئێستا پەیامەکانی بون بە داواکاری خەڵکی کوردستان‌ و نەخشەرێگاکەی بۆ سەربەخۆیی ‌و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسودە، بون بە جێگای ئومێدی هاونیشتمانیانی کوردستان. هەر بۆیە بە ئیرادەیەکی زۆر لە جاران بەهێزترو بە گیانی لەخۆبوردویی ‌و تەباییەوە بەردەوام دەبین‌ و دڵنیاین بە پشتیوانی خوا و خەڵکی کوردستان هەر بە ئامانجەکانمان دەگەین‌.

 

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
10/6/2017