گۆڕان لەسەر ڕیفراندۆم لە یەكێتی نیگەرانە‌و پرسیارێك ئاڕاستەی كۆسرەت ڕەسوڵ دەكات

11-06-2017 06:12
كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی توند لە یەكێتی نیشتمانی دەگرێت‌و ڕازیبوونی ئەو حزبە بە دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەی حزبەكاندا بە پێشێلكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان دادەنێت، لەسەر ئەو پرسەش پرسیارێك ئاڕاستەی كۆسرەت ڕەسوڵ دەكات.

 

سەكردەیەكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، نیگەرانیی توندی بزوتنەوەكەیانی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پیشاندا، ئەوەش دوای ئەوەی شاندێكی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت ڕەسوڵ بەشداربوون لە كۆبوونەوەی 7ی ئەم مانگەی مەسعود بارزانی‌و حزبەكان كە تێیدا بڕیاردرا 25-9 ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجام بدرێت.

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەیان كردو ئامادەش نین نوێنەر بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەن، ئەو دوو حزبە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەكاری پەرلەمانی كوردستان دادەنێن نەك حزبەكان.

 

"دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە كۆبونەوەی حزبیدا شكاندنی ڕێككەوتنەكەی نێوانمانە لەلایەن یەكێتییەوە، لە كۆبوونەوەی پێش كۆتایی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕانیش تەئكید كراوەتەوە كە ئەو پرسە كاری پەرلەمانە نەك حزب" بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وای وت.

 

سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان لە كۆبوونەوەی 22-4-2017 ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی‌و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، لەبەر رۆشنایی ماددەی (11)ی ڕێكەوتنامەی سیاسی نێوان یەكێتی و گۆڕان پشتیوانی دەكەن.



دەقی مادەی 11ی ڕێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان دەڵێت"هەردوولا كۆكن لەسەرئەوەی، كە مافی چارەی خۆنوسین و راگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە، پێویستە ئامادەكاری هەمەلایەنەی بۆ بكرێت بەئەنجامدانی ریفراندۆمیشەوە، ئەم بابەتە بابەتێكی نیشتمانیە و لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە."

 

یەكێتی‌و گۆڕان لە 17-5-2016وە ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كرد كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەردوولا تائێستا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە.

 

لە 17-5-2017 كە ساڵیادی واژۆكردنی ڕێككەوتنەكە بوو، گۆڕان ڕایگەیاند"ئەوە سەركردایەتی بڕیاربەدەستی یەكێتییە نایەتە پێش بۆ جێبەجێكردنی، ئەوانن‌ بە پێچەوانەی ناوەڕۆكی ‌رێكەتنەكەوە هەڵسوكەوت دەكەن، بێگومان هێشتا لە ناو یەكێتیدا خەڵكانێك هەن هەوڵی جێبەجێكردنی دەدەن."

 

گۆڕان لەو یادەدا وتیشی"لە رابردوا بە یەك مەسافە لە گەڵ یەكێتیەكاندا تەعامولمان كردوە‌، بەڵام مەرج نیە لە داهاتودا وابین، كاتێك هەست بكەین ئیدی هیچ ئومێدێك بۆ ئەوە نیە بە یەك دەنگی ئیلتیزام‌ بكرێت، كاتێك هەست بكەین‌ خەریكە لە رێگەی هەندێك كەس و گروپی بەرژەوەندی خوازەو‌ە‌ نەریتی حكومڕانی پارتی بۆ شوێنەكانی تریش نەقڵ دەكرێت، ئیدی ناچارین لە گەڵ یەكێتیە راستەقینەكاندا تەعامول بكەین و دەیكەین."

 

ڕێككەوتنەكە لەلایەن گۆڕانەوە نەوشیروان مستەفا واژۆی لەسەر كردووەو لەلایەن یەكێتییەوە كۆسرەت ڕەسوڵ كە ناوبراو سەرۆكایەتی شاندی یەكێتی كرد لەو كۆبوونەوەیەی بارزانی‌و حزبەكان كە بڕیاری ڕیفراندۆمی تێدا درا.

 

بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان ڕەخنەی لە هەڵوێستەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ گرت، وتی"بڕیاری حزبیی بۆ ڕیفراندۆم پێچەوانەی ڕێككەوتنەكەمانە، ئەو پرسیارەمان لە كاك كۆسرەت هەیە ئەو دوو كارە دژ بەیەكە بۆدەكات؟."

 

وەك ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتی، هەرچەندە گۆڕان "زۆر نیگەرانە" لە یەكێتی، بەڵام هێشتا لەناو بزوتنەوەكەیدا باسی هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی نەهاتوەتە ئاراوە، "چونكە هێشتا بەشێكی بەرچاو لە سەركردایەتی یەكێتی پشتیوانیی جێبەجێ كردنی دەكەن‌و دژی ئەو سیاسەتانەی حزبەكەیانن كە پێچەوانەی ڕێككەوتنەكەیە."

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری‌و وەڵامی یەكێتی بەرامبەر نیگەرانییەكانی گۆڕان، پەیوەندیكرد بە مەسعود مەلا هەمزە سكرتێری ڕۆژنامەوانی كۆسرەت ڕەسوڵ، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە، هاوكات چەند ئەندامێكی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بەهەمانشێوە وەڵامیان نەدایەوە.

 

جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان لەماوەی ڕابردوشدا قسەوباسی زۆری لەسەر كرا لەناو ئەو دوو حزبەدا، ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان‌و ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی لەمانگی یەكی ئەمساڵدا بەجیا نامەیان ئاڕاستەی حزبەكانیان كرد لەسەر ئەو پرسەو داوای هەڵوێست‌و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان كرد.

 

لە دواین كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی نێوان یەكێتی‌و گۆڕاندا كە 8-5-2017 بەڕێوەچوو، نیگەرانییەكانی گۆڕان زیاتربوون بەرامبەر یەكێتی‌و ئەو بزووتنەوەیە داوایەكی یەكێتی ڕەتكردەوە بۆ گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان كە خواست‌و مەرجی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوە سەركارەكەی لە هەولێر.